خاتوونی شاعیر هەڵاڵە سۆهرابی، دانیشتووی سنەیە و لە شاری بۆكان لە دایكبووە، ساڵانێكە ساتەكانی تەمەنی بە نووسین و خوێندنەوە تێدەپەڕێنێت، جگە لە شیعر لەگەڵ رەنگ و نیگاركێشانیش دۆست و هاوڕێیە.
هەڵاڵە بە دوالاپەڕەی وت: ئەدەبیات بە گشتی و شیعر بە تایبەت، بەشێكی جیانەكراوەی ساتەكانمە، ئەوكاتانەش كە شیعر وەڵامدەرەوە نەبێت، چیرۆك و كورتە یاداشتی رەخنەییم بۆ دەربڕینی هزر و هەستم هەڵبژاردووە، ناوەڕۆكی كارەكانم زیاتر رەخنەیین لە دژی سیستمی پیاوسالاری و روانگەی رەگەزیی سەبارەت بە ژنان، جگە لە شیعر دەستم داوەتە رەنگ و نیگاركێشانیشم ئەزموون كردووە. بە گشتی هونەرم خۆشدەوێت و پێموایە ژیانم بەبێ نووسین تووشی بۆشاییەكی یەكجار گەورە دەبوو كە بۆم پڕنەدەبۆوە.
شیعر لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەم ساڵانەی دواییدا جیاوازتر لە پێشوو دەركەوتووە و خۆی لە ناوەڕۆك و پێكهاتە و فۆرمدا نوێكردۆتەوە و شیعری ژنانیش لەو گۆڕانكارییە بێبەش نەبووە و لەگەڵ هەموو ئەو بەربەستانەی هەبوون توانیویەتی تا رادەیەكی باش خۆی لەگەڵ نوێبوونەوەكاندا بگونجێنێ و قسەی بۆ وتن هەبێت.
وتیشی: تەكنۆلۆژیا كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر هەموو ژانرەكانی هونەر بە تایبەتی ئەدەبیات هەبووە، لەگەڵ هاتنی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، نووسەر و شاعیران بە ئاسانی و خێراتر توانیویانە بەرهەمەكانیان بڵاوبكەنەوە بەرامبەر بە پێشهات و رووداوەكان كاردانەوەیان هەبێت و هەندێك شاعیری نەناسراویش ناوبانگ دەربكەن، ئەمەش وای كردووە شیعرەكان زیاتر لە پێشوو پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی مرۆڤەكانەوە هەبێت. لەلایەكی ترەوە تەكنۆلۆژیا لە قووڵایی و كوالێتی شیعری كەم كردۆتەوە و وایكردووە دەقە قووڵ و بە كوالێتییەكان كەمتر ببینرێن، تەكنۆلۆژیا دەتوانێت هەم بە سوود بێ هەم رێژەی لاساییكردنەوە و لێكچوونی زمانی شاعیران بەرێتە سەرێ. دۆخی ژن لە ئەدەبی رۆژهەڵات دۆخێكی ناهەمواری هەبووە و هەیە، سەرەڕای بەربەستەكان و كەشی پیاوسالاری، ئێستا ژنان وردە وردە خەریكن لە ژێر کاریگەریی زمانی پیاوان دەرباز دەبن و جێپەنجەی خۆیان بە شیعرەكانیانەوە دیارە و بە دەستكەوتی باش و بەهێزیش گەیشتوون. سێ كتێبم ئامادەیە بۆ چاپ، دوو كۆمەڵە شیعر و كۆمەڵە چیرۆكێك.
جەواد حەیدەری