هەوڵ بۆ ئازادكردنی تەواوی بێسەروشوێنانی ئێزدی لەدەستی داعش، دەدرێت

01:05 - 2025-08-03
کوردستان
22 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵیادی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، داوای ئازادكردنی تەواوی بێسەروشوێنان و هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان دەكات، هاوكات تەئكید لە ئاوەدانكردنەوەی شەنگال دەکاتەوە.
رۆنزی زیاد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە پێكهاتەی ئێزدی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەیادی یازدە ساڵەی تاوانی شەنگال و دەوروبەری، تائێستا جینۆسایدی كوردانی ئێزدی بەردەوامە، هیچ لایەنێكی حكومی لە عیراق و  هەرێم وەك پێویست كاریان بۆ ئاساییكردنەوەی شەنگال و ژیان و گوزەرانی ئێزدییەكان نەكردووە.
وتیشی: لەكۆی ئەو شەش هەزار ئێزدییەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێنران، تائێستا چارەنووسی زیاتر لە دوو هەزار كەسیان نادیارە، ئەمە جگە لەوەی كاری هەڵدانەوە بۆ گۆڕەبەكۆمەڵەكان و قوربانیانی تاوانەکە، نەكراوە.
باسی لەوەشكرد: ئێمە وەك نوێنەری ئێزدییەكان و بەدیاریكراوی لە فراكسیۆنی یەكێتی، جەخت لە ئاوەدانكردنەوەی شەنگال و دەوروبەری دەكەینەوە، بۆ گەڕانەوەی خەڵكی ئێزدی بۆ زێدی خۆیان و كۆتاییهێنان بە ژیانی ئاوارەیی، لەو پێناوەشدا یەكێتی رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە بەرگریكردن لە كوردانی ئێزدی دژی تیرۆریستان، چەندین شەهیدیشی بەخشیوە.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان