ئامادەکردنی دیانا ئەحمەد
ئێستا جوانكاریی ددان لەنێو كۆمەڵگەكاندا بــووەتــە نەریتێكی بـــاو، بــەشــێــوەیــەك تــەشــەنــەی كــــردووە بە گشتی هەموو چین و توێژێک گرنگی پێدەدەن، جوانكاریی دەم و ددان ســـــەرەڕای ئــــەوەی كــە جـــوانییەك بــە مـــرۆڤ دەبــەخــشــێــت، بــەڵام لەهەمان كاتدا بۆ تەندروستیی باشە، لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، ددان راستكردنەوە (ئۆرسۆدۆنتیك) وا باوە كە راستكردنەوەی ددان بە مەبەستی جوانكاری دەكرێت، بەڵام لە راستیدا ئەم زانستە زۆر لەوە فراوانترە كە خەڵكی بیری لێدەكەنەوە، چونكە كۆمەڵێك كاری تر دەگرێتەوە. ددان راستكردنەوە (ئۆرسۆدۆنتیك) بەشێكە لە زانستی پزیشكی ددان كە مەبەستی ئەم زانستە دروستكردنی پەیوەندیی دروست و بێ هەڵەیە لە نێوان پێكهاتەی دەم و چاودا، یان رێككردنەوەی پەیوەندیی ناڕێكی نێوانیان. ئەوە روون و ئاشكرایە كە ناڕێكی دەم و ددان و رووخسار جگە لەوەی جوانی تێك دەدات، رەنگە كێشەش بۆ هەناسەدان و ئاخاوتن، یان خواردنیش دروست بکات.
پ.ی.د. نزار عەبدولقادر پزیشكی ددان پسپۆڕی نەشتەرگەریی شەویلگە و روو - چاندنی ددان بە لاپەڕەی تەندروستی دەڵێت: خەڵكی وادەزانن راستكردنەوەی ددان تەنها بۆ جوانكارییە، ئاشکرایە کە راستكردنەوەی ددان دیوێكی بۆ چارەسەركردنی شێواز و جوانیی دەم و ددانەكەیە، بەڵام بۆ ئەو كەسانەشە كە ناڕێكییەك هەیە لە ریزبوونی ددانەكانیاندا.
پ.ی.د. نزار عەبدولقادر
راستكردنەوەی ددان بۆ ئەم كەسانە دەكرێت:
1 - ئەو كەسانەی كە ناڕێكییەك لە ریزبوونی ددانەكانیان هەیە واتە لە (Normal dental alignment ) لای داوە و لارە.
2 - ئەو كەسانەی كە ددانەكانی بەشی سەرەوە و خوارەوەیان زۆر لە پێشن یان زۆر لە پاشن، هەربۆیە پێویستە بخرێنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان كە پێی دەوترێت (Normal Denral Occlusion).
3 - ئەو كەسانەشی كە ددانەكانیان (شاش)ن واتە (Space) هەبێت لە نێوان ددانەكانیان.
4 - ئەو كەسانەی كە ناڕێكی ددانەكانیان كاریگەریی هەبێت لەسەر (جوانی و جویین و هاڕین) واتە ( Aesthetic and Function ).
5 - ئەو كەسانەی كە هەر لە منداڵییەوە حاڵەتێكی (زگماگی) هەبێت وەكو (قڵیشی مەڵاشوو یان قڵیشی لێو) واتە (Cleft Lip and Palate).
6 - ئەو كەسانەی كە هاوگونجان لە دەم و چاو و رووخساریدا نەبێت، واتە (Facial and Dental Asymmetry).
ئەو پزیشكە پسپۆڕە دەشڵێت: جۆرەكانی نەشتەرگەریی ددان زۆرن، بۆ نموونە (ئەگەر بنی رەگی ددانێك (هەوكردن)ی هەبێت و درێژخایەن بێت و پشتگوێ خرابێت بۆی هەیە ببێتەهۆی دروستكردنی (كیس)ی ددان لەناو (ئێسكی شەویلگە)دا، كە پێی دەوترێت (Jaw Cyst)، هەربۆیە لەم حاڵەتدا دەبێت ئەو كیسی ددانە بە نەشتەرگەریی لاببرێت، هەندێك جۆری ددانمان هەیە بە پووك و ئێسك داپۆشراون، پێیان دەڵێن (Impacted Teeth) كە بە نەشتەرگەریی لادەبرێن، زۆر حاڵەتی تر هەیە كە دەبێت نەشتەرگەریی بۆ بكرێت، وەكو بوونی ددانی (زیادە) لەناو دەمی كەسەكەدا كە پێی دەوترێت (aSuperneumerary ).
هۆڵیوود سمایڵ
هۆڵیوود سمایڵ: بریتییە لە كاری جوانكاری بۆ ددانەكان تا زیاتر دەركەون لەناو خەڵكدا لەڕووی سپێتی و رەونەق و درەوشاوەیی، چونكە جوانییەكی تایبەت دەدات بە دەم و ددانی كەسەكە، كە ماددەی (Veneer) یان (E.max) یان (زڕكۆنیا)ی تێدا بەکاردێت و بە كۆمپیوتەری تایبەتی دەكرێت.
هۆكارەكانی هەوكردنی پووك
1 - كەمتەرخەمی و پاك رانەگرتنی دەم ددان و پووك و نەشۆردنی.
2 - جگەرە كێشان.
3 - حاڵەتی تایبەتی وەكو (دووگیان)ی ژنان.
4 - نەخۆشی شەكرە.
5 - زیانی لاوەكی دەرمان بەكارهێنان، دروستبوونی (كلس) لە ناو دەمدا كە لە ئەنجامی كۆبوونەوەی پاشماوەی (خواردن) دروست دەبێت، لەگەڵ زۆر هۆكاری دیكە.
رێگەچارەكانی هەوکردنی پووك
1 - پاكوخاوێنی راگرتنی پووك و ناودەم بە بەكارهێنانی (فڵچە و هەویری ددان) بەشێوەیەكی زانستی راست و دروست.
2 - سەردانی پزیشكی ددان، تا هەمیشە رێنمایی نوێت پێبڵێت.
3 - بەكارهێنانی (غەرغەرە) و ماددە پاككەرەوەكانی تر.
4 - خواردنی ئەو سەرچاوە خۆراكییانەی كە زۆر باشن بۆ بەهێزكردنی پووك و جوان هێشتنەوەی رەونەقی پووك.
لە كاتی ددان كێشاندا،
پووك هەوکردنی هەبێت چی روودەدات؟
1 - كەسەكە بەنج نایگرێت.
2 - دووچاری خوێن بەربوون دەبێت.
3 - درەنگ چاكبوونەوەی ئەو شوێنە.
4 - هەوكردنی ئەو شوێنە.
خەڵكی وادەزانن راستكردنەوەی ددان تەنها بۆ جوانكارییە، ئاشکرایە کە راستكردنەوەی ددان دیوێكی بۆ چارەسەركردنی شێواز و جوانیی دەم و ددانەكەیە، بەڵام بۆ ئەو كەسانەشە كە ناڕێكییەك لە ریزبوونی ددانەكانیاندا هەیە
چاندنی ددان
چاندنی ددان Dental Implant، بریتییە لە چاندنی برغویەكی تیتانیۆمی كە لەسەر شێوەی ددان تا رەگی ددان دروست كراوە كە بە كرداری نەشتەرگەریی دەخرێتە ناو ئێسكی ئەو كەسەی كە بۆی دەكرێت، بەشێوەیەكی تەندروست و زانستییانە بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەیەكی زۆرباش بۆ شوێنی ئەو ددانەی لە دەستچووە (lost tooth) بۆ ئەوەی جوانی و ئاسودەیی ببەخشێت لە رووی خواردن و هاڕین و جوین و قسەكردن و جوانی بەخشین بە رووخساری كەسەكە، ئەم كارەش كاتێك سەردەگرێت كە ئەو (برغو)ە (تیتانیۆمە) لەگەڵ رووی ئێسكی ئەو كەسەدا یەكبگرێت كە پێی دەوترێت (aosseintegration).
چاندنی ددان بۆ كێ دەكرێت؟
1 - هەر كەسێك تەمەنی لە 18 ساڵ زیاتربێت یان بەرەو ژوورتر لە رەگەزی كوڕان دا.
2 - هەر كەسێك كچ بێت و تەمەنی 17 ساڵ بێت و بەرەو ژوورتر.
3 - هەر كەسێك ددانێك یان دوو ددان یان زیاتری لە دەستدا بێت، بیەوێت بەم رێگەیە دروستی بكاتەوە.
4 - هەر كەسێك ئێسكی باش بێت لە رووی جۆرێتی و چەندێتی واتە (Quality & Quantity)ییەوە.
ئێسكی شەویلگە ئەگەری شكانی هەیە؟
د. نزار ئەوەشیخستەڕوو: ئێسكی شەویلگە ئەگەری شكانی هەیە لەبەر زۆر هۆكار لەوانە:
(بوونی زەبرێكی دەرەكی، كەوتن و رووداوی رێگاوبان، هۆكاری كەوتنە خوارەوە، بوونی هۆكاری نەخۆشی لەناو ئێسكی شەویلگە وەكو بوونی (گرێ) یان (كیس)، هۆكاری بوونی نەخۆشیی ئێسك وەكو (Multiple Myeloma) و (Marble Bone Diseases) و (هشاشە العظام) واتە (پووكانەوەی ئێسك)، ئەمانە و چەندەها هۆكاری دیكەی تر.
چارەسەری شكانی ئێسكی شەویلگە
1 - Conservative، واتە: بە رێگە چارەی (بێ نەشتەرگەری) واتە (Non- Suegical ) یان بە رێگە چارەی نەشتەرگەری (Surgical Method).
2 - هەندێكجار دەكرێت لەژێر كاریگەریی (بەنچی لۆكاڵی) واتە (LA) )یەوە، هەندێك جاریش لەژێر كاریگەریی بێهۆشكاری گشتی واتە (بەنجی عام)دا دەكرێت، بەپێی شوێن و جۆری شكانەكە.
ئێسكی دەستكرد چییە؟
ئێسكی دەستكرد كە پێی دەوترێت (Artificial bone) بە مانای (Bone graft)یش دێت، كە بریتییە لەو ئێسكە دەستكردەی كە بەشێوەیەكی (بایۆلۆژییانە) دروستكراوە و دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی ئێسكە سروشتییە لە دەستچووە، هاوكات توانای ئەوەی هەیە لەو شوێنە دابنرێت و دووبارە ئێسكی نوێ و تازە دروستبكاتەوە و ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە بە كرداری (Regeneration of New bone)، چەمكی (ئێسكی دەستكرد). لە مێژوودا بۆ یەكەمجار بۆ ساڵی 1920 - 1950 دەگەڕێتەوە، یەكەم كەسیش لە مێژوودا كە ئێسكی دەستكردی بەكارهێنا، پزیشكێکی ئەمریكی بوو بەناوی (Dr. Fred H. Albee) لە ساڵی 1911 ئەم پزیشكە یەكەم كەس بوو كە جۆری (Auto graft)ی بە سەركەوتوویی کرد، هەروەها لە ساڵی 1965 پزیشکێکی دیکەی ئەمریكی كە ناوی Dr. Larry L Hench یەكەم كەس بوو كە ئێسكی دەستكردی دروستكرد، ناوی (Bioglass) بوو.