رەشبوونەوەی هێڵی شەقامەکان گرفت بۆ شۆفێران دروست دەکات

10:22 - 2025-08-07
ڕاپۆرت
16 جار خوێندراوەتەوە
هێما و هێڵكاریی لە پرۆسەی هاتوچۆدا رێنیشانده‌رن بۆ گشت به‌كارهێنه‌رانی شه‌قام

راپۆرتی/ عومەر گەڵاڵی

له‌ پرۆسه‌ی هاتووچۆدا هێما و هێڵكاریی ئاسانکار و رێنیشانده‌رن بۆ گشت به‌كارهێنه‌رانی شه‌قام، ئیتر شۆفێربن یاخود سه‌رنشین یان پیاده‌ڕه‌و و خاوه‌ن پێداویستە تایبەتەکان به‌ شێوازێكی گشتی.
شەقامە گشتییەکانی هەولێر بە تایبەتیش هەردوو شەقامی سەرەکیی هەولێر - کەرکوک و هەولێر - مەخمور ئەو هێڵە رەنگ سپییەی کە لە ناوەڕاست و لێواری شەقامە قیرتاوکراوەکاندا بە مەبەستی رێکخستنی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان کێشراوە رەش بووەتەوە و لە هەندێک شوێندا بە تەواویی دیارنەماوە.
گلەیی شۆفێران
نیاز عومەر شۆفێر بۆ کوردستانی نوێ وتی: هێڵی شەقامە سەرەکییەکانی نێوان هەولێر - کەرکوک لە زۆر شوێندا بە تەواوی رەشبووەتەوە و ئاسەوارەکەی دیارنەماوە ئەمەش بووەتە گرفت لە بەردەم هەموو ئەو شۆفێرانەی بەو شەقامە گشتییەدا تێپەڕدەبن، بە تایبەتی لە شەواندا بە ئەستەم شۆفێرەکان دەتوانن ئەو سایدەی پێیدا تێدەپەڕن جیای بکەنەوە بەمەش شۆفێرەکان سەریان لێ دەشێوێت و بەو هۆیەوە پێکدادان، وەرگەڕان، لادانە سەرخۆڵ و لە دەستوەرگرتن بۆ دەرەوەی شەقامە گشتییەکە روودەدات.
وتیشی: جیاوازییەکی زۆر دەبینم لە خزمەتکردن و گرنگیدانی حکومەت بە رێکخستنی شەقامەکانی سنووری هەولێر - کەرکوک و هەولێر - مەخمور، کە وەک پێویست نییە و پەراوێزخراون، بە بەراورد بە شەقامەکانی سنووری هەولێر - مەسیف و هەولێر - دهۆک گرنگی زیاتریان پێ دەدرێت لە رووی رێکخستنی هێڵ و دانانی هێماکانی هاتووچۆوە.

لە بەرنامەی ئەندازەی هاتووچۆی هەولێردایە،  هێڵکاریی  نوێ بۆ شەقامە گشتییەکانی  هەولێر - کەرکوک و هەولێر - مەخمور بکاتەوە 

هێما و هێڵكارییەکان رێنیشاندەرن
هێما و هێڵكاریی شەقامەکان‌ زمانێكی جیهانییان هه‌یه‌، واتە له ‌گشت وڵاتانی دونیا هه‌مان مه‌به‌ست و مانا و ئامانجیان هه‌یه‌ و لێكچوونێكی ته‌واویان هه‌یه‌، (جگه‌ له‌ هه‌ندێك جیاوازیی روواڵه‌تییانەی‌ وه‌ك ره‌نگ) ئەگەرنا له‌ ناوه‌ڕۆكدا هاوشێوه‌ی یه‌كترن و پشتگوێ خستنیان زیان به‌ ره‌وش و سیستمی هاتووچۆ ده‌گه‌یه‌نێت، زۆرجاریش رووداو و كاره‌ساتی هاتووچۆی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.
عەبدوڵڵا محەمەد شۆفێری ئۆتۆمبێلی هێڵی گشتیی هەولێر – کەرکوکە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: تازەکردنەوەی هێڵ و دانانی فسفۆڕ و نیشانەکانی هاتووچۆ ئەرکی ئەندازەی هاتووچۆیە و دەکرێت ماوە ماوە چاودێریی ئەو شەقامانە بکەن کە هێڵەکانیان رەشبووەتەوە، پێویستە بەردەوام تازەی بکەنەوە لەبەرئەوەی ئاسانکارییە بۆ شۆفێران.
وەڵامی لایەنی بەرپرس
بە گشتیی هێماكانی هاتووچۆ بەسەر سێ بواردا دابه‌ش دەبن، هێماكانی رێكخستن، وریاكردنەوە و رێنیشانده‌ر.
سروە یاسین بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لە بەرنامەیاندایە شەقامی گشتیی هەولێر - کەرکوک و هەولێر - مەخمور هێڵکاریی نوێی بۆ بکەینەوە، هێڵکاریی و بۆیاخکرنەوە تەمەنێکی هەیە کە لەنێوان 
(3 - 4) ساڵدایە و دوای ئەوە پێویستە شەقامەکان هێڵکاریی تازەی بۆ بکرێتەوە.
وتیشی: بە مەبەستی تازەکردنەوەی هێڵکاریی شەقامە سەرەکییەکانی هەولێر - مەخمور و هەولێر - گوێڕ رەزامەندیی دراوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا هێمای هاتووچۆ و دیاریکردنی خێرایی و هێمای رێنیشاندەر بۆ ئەو دوو شەقامە سەرەکییە دابنێین. سەبارەت بە رێگەی گشتیی هەولێر - کەرکوکیش هەمان نەخشەمان هەیە و دەرخستەمان ئامادەکردووە چاوەڕێی رەزامەندیی وەزارەتین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان