تاتیانا ئەلێکسیڤا
و / بەندی عەلی
لە کۆتاییـــدا، گەیشتم بە پیاوی خەونەکانم، بەڵام هەرگیــــز بڕوام نەدەکرد، خەونەکانم هێندە هیچ و پووچ بن!
***
هاوسەری سێیەمم، لەکاتی دادگایی کردنی هاوسەری دووەممدا ناسی، کە تاوانبارکرابوو بە شێلانی هاوسەری یەکەمم بە ماشێنەکەی!
***
کاتێ بڵاوکراوەکانی مێردەکەم لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا دەبینم، هێندە سەرسام دەبم پێی، دەڵێم خۆزگە مێردی من بوایە!
***
کچێکی هاوڕێم، بانگی کردین بۆ دەهەمین ساڵیادی هاوسەرگیریی خۆی و هەمان فوستانی دە ساڵ لەمەوپێشی لەبەردا بوو، کە ئەوکات بۆ بـــــۆنەی هاوسەرگیریــیەکەی لەبەری کردبوو، دەیویست پۆز لێبدات گوایە لەوکاتەوە لەشولاری نەگۆڕاوە و قەڵەو نەبووە. لێ لەڕووم نەهات پێی بڵێم: ئاخر ئەو کاتە دووگیان بووی لە مانگی نۆهەمدا، بەرلە هاوسەرگیرییەکەت!
***
کاتی لەدایکبوونی مناڵەکەم هات و بە پەلە بردیانم بۆ نەخۆشخانە، بەڵام نەگەیشتمە ژووری نەشتەرگەریی و منداڵەکەم لە راڕەوەکەدا لەدایكبوو، پەرستیارێکیش کە دەیویست دڵم بداتەوە، تا شەرمەزار نەبم، پێی وتم: گوێ مەدەرێ ئاساییە... دوو ساڵ لەمەوبەر، ژنێك تەنانەت نەیتوانی بگاتە دەرگای نەخۆشخانەکە و هەر لەناو ماشێنەکەدا مناڵەکەی بوو، لەڕووم نەهات پێی بڵێم:
ئاخر ئەو ژنەش، هەر خۆم بووم!
تاتیانا ئەلێکسیڤا