لووتکەی ترەمپ – پوتین

10:39 - 2025-08-15
جیهان
47 جار خوێندراوەتەوە

پرۆفیسۆر ئیبراهیم فرەیحات
لێکۆڵەر لە پەیمانگەی دەوحە بۆ دیراساتی باڵا

وەرگێڕانی: د.یادگار عەلی


نەبوونی چارەسەر بۆ ململانێی ئۆکرانیا
لەم لووتکەیەدا هیچ چارەسەرێک بۆ ململانێی ئۆکرانیا بەدی نایەت، چونکە کەلێن و بۆشایی نێوان هەردوو لا زۆر فراوانە. روسیا دەستبەرداری ئەو خاکانە نابێت، کە لە قرم و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە کاتی جەنگدا کۆنترۆڵی کردوون، ئۆکرانیاش لەلای خۆیەوە دەستبەرداری یەک بستی خاکەکەی نابێت.

تێوەگلانی ترەمپ لە بەڵێنێکی زۆر لەخۆباییدا
ترەمپ خۆی خستە دۆخێکی شەرمەزارکەرەوە کاتێک هەر لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بەڵێنی دا، کە ململانێی ئۆکرانیا چارەسەر بکات. لەوانەیە ترەمپ زیرەک بێت، بەڵام بێگومان ئەزموونی سیاسیی نییە، لۆمەکەش دەکەوێتە ئەستۆی راوێژکارەکانی، کە رەزامەندییان لەسەر ئامانجێکی لەم شێوەیە داوە. تەنانەت هیلاری کلینتۆن، رکابەری سەرسەختی، رایگەیاندبوو، "ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە قایلکردنی پوتین بە کشانەوە لە ئۆکرانیا، ئەوا بۆ خەڵاتی نۆبڵ کاندیدی دەکات".

ئەوپەڕی ئەوەی دەکرێت بەدەست بهێنرێت
هیچ چارەسەرێک لە ئاسۆدا دیار نییە، ئەوپەڕی ئەوەی، کە ترەمپ دەتوانێت بەدەستی بهێنێت، ئاگربەستێکی کاتییە، کە لەوانەیە پوتین پێی ببەخشێت بۆ ئەوەی ترەمپ لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بە بەهێزی دەربخات. ململانێی ئۆکرانیا لە ئێستادا تەنها دەکرێت بە شێوەیەکی باشتر بەڕێوە ببرێت یان رێک بخرێت.!

نەبوونی بەرژەوەندیی ئەمریکی لە کۆتاییهێنان بە جەنگ

هیچ بەرژەوەندییەکی راستەقینەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کۆتاییهێنان بە جەنگەکەدا نییە، بەتایبەتی، کە یەک دۆلاریشی تێدا خەرج ناکات ئەوروپایە، کە نرخی چەکە ئەمریکییەکان بۆ ئۆکرانیا دەدات (وەکچۆن ترەمپ زۆر دووبارەی دەکاتەوە). پیشەسازیی چەک لە ئەمریکا بەهۆی ئەم جەنگەوە گەشە دەکات، کە ئەمەش بۆ ترەمپ شتێکی سەرنجڕاکێشە. هەروەها ترەمپ بە "جەنگی بایدن" ناوی دەبات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە زۆر گرنگی بە کۆتاییهێنان پێی نادات.

پەراوێزخستنی ئەوروپا – ئەوروپا کەسی نییە بۆی بگریێت.!
لووتکەکە باس لە پرسێک دەکات، کە تایبەتە بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەوروپا، کەچی ئەوروپا لەسەر مێزی دانوستانەکان بوونی نییە، وەک دەوترێت: "ئەگەر کورسییەکت لەسەر مێزەکە نەبوو، ئەوا تۆ لەسەر لیستی خواردنەکە دەبیت."

ئاماژەکان بۆ ڕێککەوتنی بازرگانی
ئامادەبوونی وەزیرانی بازرگانی و دارایی لەگەڵ هەردوو سەرۆک، ئاماژەیە بۆ ئەگەری گفتوگۆکردن لەسەر رێککەوتنی بازرگانی لە نێوانیاندا، کە ئەمەش لەگەڵ سزا سەپێنراوەکاندا ناکۆکە و نیگەرانیی لای ئەوروپییەکان دروستدەکات.

هەڵبژاردنی شوێنی لووتکەکە
تەنانەت "خەڵاتی دڵدانەوەش" لە ئەوروپا زەوت کرا، چونکە کۆبوونەوەکە لەسەر خاکی ئەوروپا یان لە وڵاتێکی بێلایەندا ئەنجام نەدرا، بەڵکو ئالاسکا هەڵبژێردرا، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان موڵکی روسیا بوو و لە ساڵی [١٨٦٧] بە ئەمریکای فرۆشت. ئەم هەڵبژاردنە ئاماژەیە بۆ بوونی خاڵی هاوبەش و نزیکبوونەوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

جیاوازییەکان لە کەسایەتی و ئەزمووندا
ترس هەیە لەوەی ترەمپی نێرجسی و کەم ئەزموون لە سیاسەتدا، ببێتە نێچیری باڵادەستیی پوتینی کارامە و بەئەزموون لە سیاسەتدا. کۆبوونەوەکە حەوت سەعات دەخایەنێت، لە کاتێکدا ئارامی و تەرکیزی ترەمپ بە زەحمەت حەوت خولەک تێدەپەڕێنێت – ئایا پێتاندێتەوە کاتێک لەگەڵ سەرکردە ئەفریقییەکان کۆبووەوە و لەبەردەم کامێراکاندا داوای لە یەکێکیان کرد قسەکانی کۆتایی پێ بهێنێت چونکە "کاتی نییە"!

لە کۆتاییدا، لە هەموو بارودۆخێکدا، پوتین هەر بە تەنها ئەنجامدانی دیدارەکە براوەیە، چونکە لەلایەن رۆژئاواوە گەمارۆ دراوە و لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە داواکراوە، لەوانەیە دوای کۆبوونەوەکە دەستکەوتی زیاتریش بەدەست بهێنێت، بەڵام ترەمپ، پێویستە دەستکەوتی بەرچاوی روسی بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی لووتکەکە بە دەستکەوت دابنرێت، ئەمەش لە کۆتاییدا دەیخاتە ژێر رەحمەتی پوتینەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان