پیلانێكی سوپای سوریا دژی هەسەدە ئاشكرادەكرێت

12:19 - 2025-08-18
کوردستان
28 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی «زە ناشیونال» لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە، پیلانێكی سوپای سوریای دژی هێزەكانی سوریای دیموكرات «هەسەدە» ئاشكراكردووە.
بەگوێرەی وتەی سەرچاوەكان، سوپای سوریا بەنیازە لە مانگی 10ی ئەمساڵدا پەلامارێكی بەرفراوان بكاتە سەر خۆرهەڵاتی سوریا و هەردوو پارێزگای رەققە و دێرزور لە ژێر دەستی هەسەدە دەربهێنێت ئەگەر لەگەڵ دیمەشقدا نەگاتە رێككەوتن.
سەرچاوەكان باس لەوەدەكەن، سوپای سوریا بە پاڵپشتیی هۆزە عەرەبەكانی رەققە و دێرزور كاردەكات بۆ كۆكردنەوەی نزیكەی 50 هەزار چەكدار لە نزیك شاری تەدمور تا بەرەو باكوور بڕۆن بەتایبەتی بۆ ناوچەكانی ژێر دەستی هەسەدە.
سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنیی سوریاش، كە نەیویستوە ناوی ئاشكرابكرێت، بە «زە ناشیونال»ی وتووە، ئەنجامدانی هێرشەكە پەیوەستە بە وەرگرتنی رەزامەندیی لە ئەمریكا. هەروەها پێویستە دەستوەرنەدانی ئیسرائیل مسۆگەربكرێت، بەتایبەتی كە مانگی رابردوو بەهۆی هێرشی سەر پارێزگای سوەیداوە، هێزەكانی حكومەتی سوریای بۆردومان كرد.
ئەم زانیارییانە لەكاتێكدان هەم هەسەدە و حكومەتی كاتیی سوریا رێككەوتنی گشتگیریان ئیمزاكردووە، هەم بە نێوەندگیریی ئەمریكا و فەرەنساش لە گفتوگۆ و دانوستاندنی بەردەوامدان.
لەلایەكی دیكەوە، ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا بە كەسایەتییەكانی پارێزگای ئیدلبـی وتووە؛ شەڕی یەكخستنی وڵات دوای چەند ساڵێك لە جەنگ، پێویستە بە رشتنی خوێن و هێزی سەربازی نەبێت. هەروەها دابەشكردنی سوریای رەتكردەوە و ئیسرائیلیشی بە دەستوەردانی راستەوخۆ لە باشووری وڵاتەكە تۆمەتباركرد.
روانگەی سوریاش بۆ مافی مرۆڤ دەڵێت: دەیان چەكداری هۆزەكان لە لیوای 52 لە باشووری سوریا كۆبوونەتەوە دژی دابەشكردنی ئەو وڵاتە.
كوردستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان