لە مێژووی رزگاریخوازی گەلی كورددا، هیچ ژنێك؛ هێندەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ناوی درەوشاوە نییە، رەنگە ئەم راستییە لای هەموو كەس دانپیانراو نەبێت، بەڵام ئایندە دەیسەلمێنێت كە ئەو چ تەوارێك بووە لە مێژووماندا.
هۆكارەكان زۆرن بۆ بوون بە سیمبول و ئەستێرە، بەڵام كاریگەرترینیان خودی كەسایەتیی هێرۆخان خۆیەتی، ئەو سیاسەتی كردبووە سایە بۆ خزمەتی گشتی، وەك دایكێكی گشتی و میهرەبان باوەشی بۆ تەواوی ئەوانە كردبووەوە كە پێویستییان بە ناز و سۆز بوو.
لەناو هەموو شۆڕشێكی چەكدارییدا، پێویستمان بە شۆڕشێكی كەلتوری هەیە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سەركردایەتی ئەو شۆڕشە كەلتورییەی دەكرد كە لە سێبەری شۆڕشی نوێی گەلەكەمان دروست ببوو.
ئەو؛ شانبەشانی برا پێشمەرگەكان ببووە پێشمەرگە، بەڵام لە بری چەك كامێرایەكی كردبوو بە شاندا. چاوی كامێراكانی دادە هێرۆ نەبوایە، ئەو شۆڕشە گەورەیە 1975-1991 بێ ئەرشیف و دیكۆمێنتی بینراو دەبوو، سەدان وێنە و ڤیدیۆی پێشمەرگە و ژیانی سەختی شاخی تۆماركردووە.
دادە هێرۆ، لە زانكۆ بەشی دەرونناسی خوێندبوو، بۆیە وردكار و بەدیقەت بوو، دەروونی خەڵك و كۆمەڵگەی دەخوێندەوە، دەیزانی برین لەكوێدایە و وەك چارەسەركارێك توانای خۆی دەخستەگەڕ، هەر لەم سۆنگەیەوە، دوای راپەڕین، لەبری بزنس و كۆمپانیا، دادە هێرۆ؛ بیری لای منداڵان، ژنان، چینی هەژار و بێ داڵدە و پەنا بوو.
لە رێكخراوی منداڵپارێزەوە دەستیپێكرد، چونكە ئایندەی هەر گەلێك پەیوەستە بە منداڵەكانییەوە، لەڕێگەی پرۆژەكانی منداڵپارێزەوە بە هەزاران منداڵی كورد سوودمەندبوون و پاشان بە هەوڵ و پاڵپشتییەكانی؛ چەندین دەزگای گرنگ و گەورەی بنیاتنا لە نموونەی خاك و كوردسات، كە ئەم دەزگایانە رۆڵی ئێجگار گرنگیان هەبووە و هەیە بۆ پاراستنی مێژوو، كەلتور، ئەدەب و هونەری كورد و ئەم جۆرە دەزگایانەش لە دەزگای نیشتمانی دەچن و بێ جیاوازی لە خزمەت تاك و كۆمەڵی كوردەواریدان، ئەم سیاسەتی كاركردنەش مۆرك و مۆری هێرۆخانی بەسەرەوەیە.
هێرۆخان؛ كوردانە بیری دەكردەوە و كەلتور و شار و نیشتمانەكەی خۆی خۆشدەویست، بەكردەوە نیشتمانپەروەرییەكەی دەسەلماند، لەو نێوەندەشدا بوو بە فریادڕەسی چەندان شوێنی مێژوویی، لەوانە: سەرا، ئەمنەسورەكە، خانووی دێرین و كەلتوری، كە هەریەك لەوانەی پاراست و نۆژەنیانی كردەوە و پاشان دەیخستە خزمەتی گشتییەوە و بە فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی دەسپارد، ئەگەر بەرگریی و داكۆكییەكانی ئەم خانمە نەبوایە، هەر شوێنێك لەوانە؛ ئێستا شتێكی تر و پرۆژەیەكی بازرگانیی كەسیی، دەبوون.
هێرۆخان؛ لە حەفتاكانی سەدەی رابردووەوە، خزمەتی شۆڕش و گەل و خاكی دەستپێكرد و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، ئەو بێ ئەوەی هەڵپە بكات و بۆ ناوبانگ كاربكات، كاریدەكرد، وەك هێزی نەرم ئاسا بەردەوام بوو، كار و بەرنامە و دیدگا و دنیابینییەكانی، دەمێننەوە. خودی خۆیشی وەك ژنێكی چالاك و بەئەزموون، وەك ژنێك كە هەموو توانای خۆی لە خزمەتكردن بە میللەتەكەیدا سەرف كرد، دەچێتە ناو مێژووەوە.
*״بەكورتی״ ناونیشانی گۆشەیەك بوو كە دادە هێرۆ لە گۆڤاری خاك-دا نووسینەكانی تیادا بڵاودەكردەوە و ئێستاش كراوە بە كتێب.