زمان و ناسنامە

01:46 - 2025-02-21
كاروان عوسمان شوانی
428 خوێندراوەتەوە

کاروان عوسمان شوانی

زمان هۆی گەیاندن و پەیوەندییکردنە، پێش هەموو شتێک زمان ناسنامە و شوناسی هەر نەتەوەیەکە، چونکە مرۆڤ لەڕێی زمانەوە دەناسرێتەوە، بیرکردنەوە و  ئاین و کەلتورەکان دەگونجێت تێکەڵببن و دواجار بگۆڕدرێن،  بەڵام زمانی دایک تاکە شتە دەمێنێتەوە و مرۆڤ دەستبەرداری نابێت، ئەگەر دواتر چەند زمانی دیکەش فێرببێت.
زمانی یەکەمی منداڵ بەشێکە لە ناسنامەی کەسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری ئەو منداڵە، زمانی دایک ئەو زمانەیە لەگەڵ شیرخواردنەوەی مناڵدا لە دایکەوە پێی دەدرێت یاخود وەریدەگرێت.
بەچەند هۆکارێکی جیاواز ڕۆژی۲۱ ی شوباتی هەموو ساڵێک  دانراوە بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، لە سەرتاسەری جیهاندا چالاکیی جۆربەجۆری فەرهەنگی و کەلتوریی دەگێڕدرێت بەم بۆنەیەوە.
یونسکۆ لە پایزی ساڵی ١٩٩٩ لە پاریس، بڕیاریدا ڕۆژی ٢١ی شوباتی هەموساڵێک بکرێتە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، لە ساڵی ٢٠٠٠ دەستکرا بە چالاکییەکانی تایبەت بەو ڕۆژە، لە ئێستاشدا ساڵ بە ساڵ لەگەڵ پێشکەوتنە جۆراوجۆرەکان چالاکییەکانیش دەگۆڕێن.
ئامانج و مەبەستی  سەرەکی لە دانانی ڕۆژێک بۆ زمانی دایک ئەوەیە زمانەکان لە ناو نەچن و ئاخێوەرەکانی درێژە بە فرەیی خۆیان بدەن.
بەپێی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی بۆ ڕیزبەندی زمانە جیهانییەکان، لە جیهاندا 100 زمان زۆرترین خەڵک قسەی پێدەکەن، سەرباری ئەو ستەمکاریی و داگیرکارییانەی بەسەر وڵاتی کورداندا هاتووە و ئاستەنگی بۆ زمانەکەی دروستکراوە، هێشتا زمانی کوردی لە ڕیزبەندی 59یەمین زمانی جیهاندایە کە دەکاتە  0.31% ی دانیشتووانی جیهان.

هانا ئارێنت دەڵێت: پێویست ناکات نەتەوەیەک بە شێوەی فیزیکی لە ناوی ببەی هەر ئەوەندەی کە زمانی لە بیر ببەیەوە ئەو نەتەوە لە ناو دەچێ و ناسنامەی خۆی لە دەست دەدات".
بۆیە بوون و مانی هەر گروپێکی ئیتنیکی پەیوەستە بە زمانەکەیانەوە، زمان شوناس و کەلتووری نەتەوەیە، مێژوو و فەرهەنگ و شارستانییەتە.
کورد وەک نەتەوە ئەوەی بە پلەی یەکەم هێشتویەتییەوە زمانەکەیەتی، سەرباری هەموو ئەو ستەمکارییانەی نەتەوە سەردەستەکانی عیراق وتورکیا و ئێران وسوریا، بۆ قەدەغەکردنی زمانی کوردی، کەچی زمانەکە لە ڕێیی نووسەر و شاعیرانی کوردەوە بە تایبەت ئەوانەی لەسەدەی بیستەم و دوای دروستکردنی دەوڵەتەنەتەوەییەکانەوە ژیاون ڕۆڵێکی ئێجگار گەورەیان گێڕا لە پاراستن و مانەوەی زمانەکەمان.   برەو و گەشەکردنی زمانی کوردی لە ڕێی ئەو نوسەر و بڵاوکراوە جۆربەجۆرانەی ڕۆشنبیران و بزوتنەوە سیاسیەکان لەپەنهان و ئاشکرا کە دەریانکردووە ڕۆڵی گرنگیان لە پاراستنی شکۆی زمانی کوردیدا گێڕاوە.
شەری مان و نەمانی کورد، شەڕەکانی شۆڕش و ڕۆشنبیرانی کورد  بە پلەی یەکەم لە مەڕ زمانەکە بووە و تا لەڕێی زمانەکەوە درێژە بە مان و ژیانی خۆی بدات و کۆی کایەکانی تریش لە ڕێی زمانی کوردییەوە ئاوەدان بکاتەوە.
ئەوەی کە گرنگە لە ئێستادا ئێمە هەوڵی  پاراستنی ئەو ناسنامە گرنگە بدەین ئەویش بە یەکخستنی هەوڵەکان دابڕینییەتی لە ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان،  لە پەرلەمانەوە یاسای تایبەت بە پاراستنی زمانی کوردی دەربچێت کۆڕی زانیاریی کورد چالاکبکرێتەوە و  ئەندامانی ئەکادیمیای کوردی لەسەر بنەمای کارامەیی دابنرێن و بۆچوونەکانیان لەناوەندەکانی خوێندن و چاپەمەنی و ڕوناکبیرییدا قبوڵکراو و ڕێزلێگیراو بێت.
لە پێناو کوردبووندا دەبێت
تۆکمەتر  کار بۆ پاراستنی زمان و ڕەسەنایەتی ناسنامەکەمان بکەین، کار بکرێت بۆ چەسپاندنی بنەماکانی زمانێکی پاراو و ستاندارد بە تایبەت لە باشووری کوردستان،  یەکخستنی ڕێنووس و زمانی نووسین و خوێندن و خوێندنەوە لە کارە پێشنیەییەکانی  داودەزگە پەیوەندیدارەکان بێت،  تا لە هەرێمی کوردستان یەک زمانی یەکگرتوومان هەبێت، لە تەنیشتیدا ڕێز لە هەر شێوەزار و بنزارێكی دیکە بگیرێت ، دەگونجێ هەمووشیان پێکەوە بەشداریی لەو زمانە ستانداردەدا بکەن. ئەمەش  بە نووسینەوەی فەرهەنگێکی"معجم" فراوانی هەمەلایەنە.
زمانێکی دەوڵەمەند و یەکگرتوو زۆر پێویستتر و لەپێشترە لە بوونی دەوڵەتێکی لاواز و قەوارەیەکی چەقبەستوو.

وتارەکانی نوسەر