حزب دەبێت وەسیلەیەک بێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و بردنی بەرەو لووتکەی پێشکەوتن و خزمەتگوزاریی مرۆڤایەتی و دوانەکەوتنی لەگەڵ پێشکەوتنە جیهانییەکان.
لە جیهاندا پێشبڕکێی پێشکەوتن دەکرێت، لە هەندێک کۆمەڵگەدا بەشوێن ئەوەوەن کە بچووکترین بۆشایی لە خزمەتگوزارییەکان پڕبکەنەوە، ئەمانە هەمووی لەڕێگەی حزبەکانەوە دەکرێت، ئەوان ململانێ لەسەر ئەوە دەکەن کامیان زیاتر خزمەت بکات (ئەمە زیاتر لە وڵاتانی سکەندەنافیا) دەبینرێت.
لەناوخۆیاندا بە مووکێش بەدوای یەکەوەن تا بچووکترین هەڵە لەیەکتر بگرن، بەڵام سەبارەت بە پاراستنی وڵاتەکەیان و سەروەرییەکەی، خۆیان بە بەرپرسیاری یەکەم دەزانن و هەڵوێستیان یەکگرتوو دەبێت، چونکە باوەڕیان بەوە هەیە ئەوان بەهەموو بیرە جیاوازەکانیانەوە خەڵکی ئەو وڵاتەن و دەبێت بیپارێزن.
لە وڵاتی ئێمە، حزبایەتی بە شێوازێکی چەوت دەکرێت، ململانێکان پشتبەست نین بە هەندێک بنەما کە لە سوودی وڵاتەکە بێت، تەنانەت حزب هەیە بۆ شکاندنی پشتی حزبی بەرامبەر، پەنا دەباتە بەر دەستی دەرەکی، جا نەک درواسێکەشی، بەڵکو وڵاتێک کە بە هەزاران کیلۆمەتر لێیەوە دوورە (ئەمە نزیکەی 100 ساڵە لێرە بووەتە کەلتور).
حزب لێرە دەیەوێت لەڕێگەی پاشقولگرتنەوە لە حزبەکانی تر خۆی سەربخات، ئیتر ئەگەر زیانی بۆ ئاسایشی نەتەوەییش هەبێت، یان درز بخاتە وڵاتەکەیەوە، دەڵێن هەر وڵاتێک دوو ئاڵای هەبوو، ئەوا بزانە لاوازە و هیچ کات ئارامیی بەخۆیەوە نابینێت، لە وڵاتی ئێمە هەر حزبێک لۆگۆ و ئاڵای خۆی هەیە و نایگۆڕێتەوە بە ئاڵای نەتەوە و وڵاتەکەی، ئیتر باکی نییە چی روودەدات، گرنگ ئەوەیە ئەو باڵادەست بێت.
حزبە بچووکەکان چی دەکەن؟
جاری وایە حزبێکی تازە دروستبوو، بۆ ئەوەی خێرا بکەوێتە سەر هێڵی دەسەڵات، پەنادەبات بۆ وڵاتێک کە بتوانێت کاریگەریی یان بەرژەوەندیی هەبێت لە وڵاتەکەیدا، بەرامبەر بە هاوکاریی دارایی و مەعنەوی، هەرچی ئەوان بیڵێن، ئەمان لێرە پیادەی دەکەن، ئیتر کاتێک خۆیان دەبیننەوە بوونەتە ئەڵقەلەگوێی ئەو وڵاتە و لە سەنگەری دژایەتیکردنی وڵاتی خۆیاندان.
جا ئەمەش دەبێتە لاساییکردنەوە و دەچێتە قاڵبی پێشبڕکێی خۆبردنە پێشەوەوە. کە ژمارەشیان زۆر دەبێت، کاریگەریی خراپیان لەسەر دۆخی سیاسیی وڵات دەبێت و بواری یەکهەڵوێستی و یەکگرتوویی و لێکتێگەیشتن لاواز دەبێت.
بوونی یەک حزبی لە دەرەوەی سیستمی دیموکراسییە، بەڵام فرەحزبییش زیانی خۆی هەیە و یەکلاییکردنەوەی کێشەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا قورستر دەبێت، وەک ئەوەی لە عیراقدا دەیبینین.
دەبوو هەموو حزبە عیراقییەکان بخرابانایە ژێر پەیڕەوکردنی یاسای حزبایەتییەوە و هەمووان پێیەوە پابەندبن، لەم رێگەیەشەوە هەر حزبێک کاری بۆ بەجێهێنانی ئەجێندای دەرەکی کرد بە بڕیاری دادگا هەڵبوەشێنرێتەوە و قەدەغە بکرێت، چونکە کارکردن بۆ دەستی دەرەکی وەک تاک، دەبێتە سیخوڕی، وەک گروپیش دەبێتە خیانەت و خۆفرۆشی، ئەگەر رێگە لەمانە گیرا و هەمووان لە چوارچێوەی وڵاتەکەدا و بۆ بەرژەوەندیی وڵات کاریان کرد، ئیتر هەموو هەنگاوەکان بۆ خزمەتکردن و گەشەسەندنی وڵات دەبێت، بواریش بۆ هیچ لایەنێک نامێنێتەوە لەسەر حسابی شکاندنی لایەنێکی تر کار بکات و پەنا بۆ لایەنی دەرەکی بەرێت کە هەموو ئەمانە وڵات بەرەو لاوازی و دواجار بەرەو داڕمانی دەبات، حزبەکانیش روویەکی سیاسیی خراپتر دەدەنە سیاسەتکردن لە کۆمەڵگە و خەڵک باوەڕیان بە حزبەکان نامێنێت و پێچەوانەی جیهانی پێشکەوتن سیاسەت دەکەین!.
خەڵک چاوەڕوانی باشتربوونی ژیانی دەکات لە هەر حزبێک کە بەشداریی حوکمڕانیی دەکات