سیاسەتی برسیکردن بۆ زاڵ بوون

09:52 - 2025-07-29
هیوا محەمەد
54 خوێندراوەتەوە

لای نانەوایەک، شاگردەکان دوای تەواوبوونی کارەکەیان رۆژانەکەیان وەردەگرن، خاوەنی دوکانەکە هێندەی لێیان دەوێت ئەو رۆژە هەویرە شێلدراوەکە خەسار نەبێت و بکرێتە نان، ئیتر خەمی هەرەگەورەی خاوەنکارەکە هەر ئەوەیە، پاشنیوەڕوانیش لەخەمی ئەوەدایە یەکێک لە شاگردەکان نەخۆش بکەوێت، چۆن یەکێکی تر پەیدا بکات؟
خاوەنکار و شاگرد تەواوکەری یەکن، بەڵام لای ئەوانەی کە پیشەکەیان دەچێتە بازنەی سەرمایەدارییەوە و چەندین کرێکار و کارمەند لە شوێنەکەیان کاردەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا کە پابەنددەبێت بە پێدانی مووچەکانیان و پاراستنی مافەکانیانەوە، هێشتا کارێک دەکات کە هەموویان هەست بەوە بکەن، ئەگەر خاوەنکارەکە دەریان بکات یان لە پۆستەکەیان دابەزێنێت، ئەوا زیانیان پێدەگات، بە مانایەکی تر وایان لێدەکات هەمیشە چاویان لە دەست و دەمی خاوەنکار بێت. 
لاوازەکان چاوەڕوانی هێزدارەکانن
سیاسەتی ئێستای حوکمڕانیی لەسەر ئاستی جیهانییش هەروای لێهاتووە، زلهێزەکان کارێکیان کردووە کە بێهێز و لاوازەکان چاویان لەوان بێت، بیانپارێزن، یان سکی برسییان، تێر بکەن.
سیاسەتی برسیکردن، لە دێر زەمانەوە هەبووە و هەیە، ئەمە وەک سزایەک بووە بۆ ناچارکردن، وابووە چواردەوری قەڵایەک گیراوە و هیچ هێرشێکی بۆ نەکراوە تا دانیشتوانەکەی ناچاربوون تەسلیم ببن، دوای کۆتایی هاتنی ئەو ئاو و خۆراکەی بەشی تەنها ئەو ماوەیەی کردوون.
لە زیندانیشدا روویداوە بۆ چەند رۆژێک خواردن نەدراوە بە زیندانییەک تا ناچاری بکەن ئەوەی دەیانەوێت لێی بیکات.
ئەمڕۆ جۆرێکی تر لە سیاسەتی برسیکردن لە ئارادایە، برسیکردنێک ناگاتە سنووری برسی بوون، بەڵکو وادەکات هەمیشە لە بیری ئەوەدا بێت ئەگەر ئەوە نەکات کە سەردەستەکە دەیەوێت، ئەوا بەرەو پاشەکشە دەچێت و بەرژەوەندییەکانی دەکەوێتە مەترسییەوە.
ئەمریکا وڵاتێکی کەنداو ناچار دەکات، بە بڕی ملیارەها دۆلار لە وڵاتەکەیدا وەبەرههێنان بکات، ئەم وڵاتە برسی نییە، بەڵام ئەگەر ئەوە نەکات بەرەو پاشەکشە دەچێت و تووشی کەنارگیریی دەکات.
مرۆڤ دەبێت بخوات بۆ ئەوەی بژی
ئەوەی مرۆڤ تێر دەکات خواردنە، ئەمیش بەوە بەدەست دێت کە خۆی هەوڵی بۆ دەدات تا ئەو بڕە پارەیە بەدەستبهێنێت کە پێویستە بۆ دابینکردنی ژیانی، ئەوکەسەی زۆر کاردەکات، بواری بۆ شتی دیکەی کات بەسەربردن نامێنێت، تەنانەت ناتوانێت بەپێی پێویست گەشتێک بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بکات و هەواڵەکان ببیستێت، واتا هەرچەندە تاک سەرقاڵی گرفتێک بێت، لەبیری بواری دیکەدا نابێت و ئەو نادادییە هەست پێناکات کە لە حوکمڕانیی وڵاتەکەیدا هەیە.
ساڵانی ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، لە سینەماکانی سلێمانی (کە ناوجەرگەی شۆڕش بوو) فیلمی نیوەڕووت و پەیوەندیییە سێکسییەکان پیشاندەدرا، ئەمە بەهاندانی رژێم بوو، بەمەبەستی ئەوەی گەنجان رووبکەنە ئەوە لەبری سەرقاڵ بوون بە سیاسەتەوە.
دەکرێت ئێستای هەرێمی کوردستانیش، لەوەی کە خەڵک هاتنی مووچەی لا بووبێتە باشترین و شادترین هەواڵ، لەبەرژەوەندیی بەشێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە بێت، بەمە خەڵک لەبیری ئەوەدا نییە بزانێت وڵات بەرەو کوێ دەچێت؟ چۆن خۆی لەگەڵ رووداوە جیهانی و ئیقلیمییەکاندا دەگونجێنێت؟ سەروەریی وڵات لە مەترسیدایە یان نا؟ داهاتووی خۆی و منداڵی لە چوارچێوەی گشتیی خەڵکدا بەرەو هەڵدێر دەچێت یان چی؟ 
خەڵک هێندەی لەبیری هاتنی مووچەدایە، زۆر لەوە کەمتر لەبیری هەنگاوەکانی حکومەتدایە.
پارە، وەسیلەیەکە بۆ بەڕێوەچوونی ژیان، لەپاڵیشیدا بۆ گەیشتن بە هەموو خۆشگوزەرانییەکان، کێ هەیە حەز بە گەڕان و دیتنی شوێنە جیاجیاکانی جیهان نەکات؟ بۆ گەیشتن بەمانە، پارەی پێویستە، بۆ بەدەستهێنانی پارەش دەبێت کار بکات، بەڵام ئەگەر کاری کرد و پارەی پێنەدرا، ئەوا دەچێتە بازنەی سیاسەتی برسیکردنەوە، تا خەڵکەکە یەکەم لە کەموکووڕییەکانی حکومەتەکە بێ ئاگا بێت، دووەمیش هەمیشە سوپاسگوزاری بێت کە مووچەیان بۆ دابین دەکات!.
ئێستا خەڵک لە ئاستی تکا و پاڕانەوەدایە بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆی لای حکومەت، مووچەکەی دوادەخات (بەهەر هۆکارێک بێت) تووڕە دەبن، بێزار دەبن، بەڵام کە مووچەکەش وەردەگرن ئەو رابردووە تاڵ و چاوەڕوانییەیان بیر دەچێتەوە (ئەمەش لەوەدا دەردەکەوێت کە لە هەڵبژاردنەکاندا سزای تاوانبار نادەن)
خەڵک هەمیشە چاوەڕوانی دەستی خاوەنکارەکەن کە حکومەتە نەک نانەواکە. ئەمیان بەرژەوەندییەکانی لەوەدایە کە خەڵک بەلایانەوە گرنگترین شت مووچە بێت و لەبیری هیچی تردا نەبن و ستایشی حکومەت بکەن کە دوو مووچەی دواکەوتوویان یان بڕدراویان بەسەر یەکەوە بداتێ، ئەمەش دەچێتە بازنەی سیاسەتی برسیکردنەوە بۆ فراوان بوونی دەسەڵات و زاڵ بوون.

وتارەکانی نوسەر