وشە نەشیاوەکان چییان لێ سەوز دەبێت؟

09:44 - 2025-07-27
هیوا محەمەد
68 خوێندراوەتەوە

لەم کۆمەڵگەیەدا دەژین، بەشداریی لە بنیاتنانی کۆمەڵگەدا دەکەین، ئەگەر بەم ئەرکە هەڵنەستین، ئەوا سیفەتی مرۆڤی تەندروست لە کۆمەڵگەدا، نامانگرێتەوە و دەبینە کەسێکی مشەخۆر و بێسوود

تاک لەسەرەتای تەمەنییەوە، ئەوەی لەگەڵیدا دەکرێت لە خێزاندا، بەمەبەستی بنیاتنان و پەروەردەکردنییەتی لەسەر ئەو پەروەردەیەی کە خێزانەکە خۆی هەڵگرییەتی و گونجاندنییەتی لەگەڵ دابونەریتی کۆمەڵگەدا، دواتریش ئەمە درێژەی دەبێت لەگەڵ چوونی تاکەکە بۆ شوێنی گشتی واتا خوێندن، لەوێوە قۆناغی پەروردەکردنەکە بۆ خێزانەکە قورستر دەبێت، چونکە کەسەکە دەکەوێتە نێوان پەروەردە خێزانییەکە و پەروەردە گشتییەکەی خوێندنگە و تێکەڵبوونی بە دەیان کەسایەتیی جیاواز لە هەڵگری ئەو پەروەردەیەی ئەو لە سەرەتای ژیانییەوە فێریکراوە.
بەگشتی (بەتایبەتی جاران) منداڵ رێگریی لێکراوە کە وشەی نەشیاو (جنێو) بەکاربهێنێت بەرامبەر ئەو کەسەی کە هەڵسوکەوتەکەی جێگەی رەزامەندیی ئەو نییە، ئەمەش وایکردووە کە کەسەکە فێری ئەوە ببێت رێزبگرێت ئەگەر سەرزارەکی و بە رواڵەتیش بێت، رەنگە زۆر بە نهێنی لەژێر لێوەوە قسەیەکی نەشیاوی بەرامبەر کەسێک کردبێت کە قینی لێیبووە، یان هەڵسوکەوتەکەی بە دڵ نەبووە.
چۆن پێی دەڵێیت لەو ئاوە پیسە مەخۆرەوە؟
کاتێک کەسێک دەبینیت، لە ئاوێکی پیسی خوڕاوێکی پیس دەخواتەوە و پێیدەڵێیت، ئەو ئاوە پیسە و ئەویش بە قسەت دەکات، ئەوا تۆ سوودێکت گەیاندە کەسەکە و ئەویش بە سوپاسەوە لێی وەرگرتیت، بەڵام لەگەڵ بەکارهێنانی وشەیەکی نەشیاودا پێیبڵێیت ئەوە مەکە، رەنگە جگە لەوەی هەر دەیکات، بە دوو وشەی نەشیاوتر وەڵام بداتەوە و کێشەیەک دروستببێت لە نێوانتان، بەمەش نەتتوانی خزمەت بە کەسێکی کۆمەڵگە بکەیت لەوەی ئەو ئاوە پیسە نەخواتەوە و تووشی دەردێک ببێت، لەگەڵیشیدا ناکۆکییەکی بێ هۆکارت دروستکرد (لە ئەنجامی نەگرتنەبەری کردارێکی بەرپرسانە بەشێوازێکی شیاو) لەنێوانتاندا.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، جێگەی هەموو سەردان و گفتوگۆی بەرامبەر و پەردەی رێز و نەریت و کەلتور و هەموو چەمکەکانی دیکەی ژیانی گرتۆتەوە، بەتایبەتی لەوەی کە هەرکەس دەتوانێت لەپشتی ناوی نهێنی و دروستکراوەوە، هەرچی بوێت بیکات لە بوختان، بێرێزی، جنێودان، تۆمەتبەخشینەوە و هەموو کردە نادروستەکانی ناو کۆمەڵگە، تەنانەت لەڕێگەی ژیریی دەستکردەوە، بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی گۆڕدراوی کەسەکان کە رەنگە کوشتن و لێکدابڕانی ناو خێزانەکانی لێبکەوێتەوە.
چۆن سیفەتی مرۆڤی تەندروست
 لەدەست دەدەین؟
ئێمە لەم کۆمەڵگەیەدا دەژین، بەشداریی لە بنیاتنانی کۆمەڵگەدا دەکەین، چونکە ئەگەر بەم ئەرکە هەڵنەستین، ئەوا سیفەتی مرۆڤی تەندروست لە کۆمەڵگەدا، نامانگرێتەوە و دەبینە کەسێکی مشەخۆر و بێسوود.
بەشداریکردنمان لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستدا، بە دەربڕینی بۆچوون و پێشنیازی باش دەبێت بۆ پێشخستن و گۆڕینی کۆمەڵگە لە چوارچێوەی دابونەریتی جوان و پارێزراوی پەیوەندییە نەریتییە باشەکانی کۆمەڵگە، لەوانەی نابنە هۆی دروستبوونی پەرتەوازەیی و لێکدابڕانی ئەندامانی خێزان.
دەربڕینی وشەی جوان و بنیاتنەر، تەنها لە خێزاندا نییە، ئێمە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانمان بەشدارییکردنە لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی وڵات، ئەمیش وەک تاک دەبێت بە وردبینی و وریاییەوە لە دۆخە سیاسییەکەی خۆمان بڕوانین، نابێت لە دوورەوە بۆی بڕوانین و بەلامانەوە مەبەست نەبێت ئێستا و داهاتووی وڵاتمان بەرەوکوێ دەچێت؟ 
لێدوان و بۆچوونی جیاواز  بە چی وەڵام بدرێتەوە؟
ئەمەش بە دەربڕینی پێشنیازی بنیاتنەر، رەخنەی بەجێ، وشەی شیاوی پڕ لە رێز دەکرێت، چونکە مەرج نییە ئەوەی دەیبیستین و دەیبینین لەلایەن حزبێکەوە یان کەسێکەوە دەکرێت، هەمووی جێگەی رەزامەندیمان بێت، بۆیە دەبێت بەو تێبینی و سەرنجانەی لامان دروستدەبێت هەڵەکەی ئەو راستبکەینەوە و بۆچوونەکەی دەوڵەمەندتر بکەین، تا ببێتە هەنگاوێکی بنیاتنەر لە کۆمەڵگەدا.
بەداخەوە بەکارهێنانی وشە نەشیاوەکان (تائاستی ئیهانەکردن) بەرامبەر لێدوانی کەسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆتە باو، بەجۆرێک نەک هەر زیان بە ئایندەی کۆمەڵگە دەگەیەنێت و تاکی ناتەندروست بەرهەم دەهێنێت، بەڵکو زیانی بۆ ئەوانە خۆشیان هەیە کە بەو شێوازە مامەڵە دەکەن، چونکە ئەوانیش خۆیان بەشێکن لەم کۆمەڵگەیە.
جنێودان بنیاتنەر نییە!
دەربڕینەکانی کەسێک بەرامبەر سەرکردەیەک، پرۆژەیەک، بڕیارێکی سیاسی، لەچوارچێوەی مافەکانی ئازادیی هەر تاکێکە، ئیتر دەبێت لەکاتی بڵاوبوونەوەیدا لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەچوارچێوەی (ئەدەب)دا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، چونکە دواجار ئەگەر ئەو کەسەی لێدوانەکەی داوە یان نووسیویەتی، دەکرێت ئەگەر بۆچوونەکەی هەڵە بێت، وریا بکرێتەوە و ببێتە کەسێکی تر بە پێچەوانەی هەڵە دەربڕینەکەی، خۆی راستبکاتەوە، نەک ببێتە کەسێک هەڵگری تۆڵە و قین بێت بەرامبەر ئەوانەی کە بە وشەی نەشیاو رەتی دەدەنەوە. بیرمان نەچێت هەرچی وشەی نەشیاو(جنێو) هەیە، ناگات بەو کەسەی کە ئاراستەی دەکرێت، بەڵام وشەی راستە یان چەوتە کە لەبەرامبەر بۆچوونی کەسێک دەوترێت، کەسەکە دەجوڵێنێت و گفتوگۆی لەسەر دروست دەبێت، بەمەش دەگەنە دەرەنجامێکی راست لە خزمەتی کۆمەڵگەدا.

وتارەکانی نوسەر