دەستپێکی سەرەتایەکی مەترسیدار

09:59 - 2025-08-04
هیوا محەمەد
69 خوێندراوەتەوە

بەپێی ئەو ئەزموونەی لە رابردووەوە وەرمانگرتووە، جێی سەرسوڕمان نییە کە دەبیستین، لایەنێکی کوردی لەگەڵ لایەنێکی حکومی پاش رێککەوتن و واژۆکردنی، لەپڕ تێکچوونێک رووبدات و وەک یاریی مار و پەیژە، بگەڕێینەوە خاڵی سفر.
بەیاننامەی 11 ی ئازاری 1970، باشترین نموونەیە کە وا وێناکرا رێککەوتنێکی مێژوویی بەنرخی نێوان کورد و حکومەتی عیراقی ئەوکات بوو، بەڵام تەمەنی تەنها چوار ساڵی خایاند و بە دەستپێکردنەوەی شەڕ و خوێنڕشتن و ماڵوێرانی و شکستی شۆڕشیش کۆتاییهات.
لەدوای هاتنی جۆلانی و تاقمەکەی بۆ حوکمڕانی لە سوریا، لەژێر گوشاری ئەمریکادا، کورد لەگەڵیاندا چووە گفتوگۆوە و رێكکەوتنێکیان واژۆ کرد، بەو پێیەی گوایە مافی کورد دەپارێزرێت و لە دەستووری نوێدا جێگیر دەبێت، دیارە ئەمە بە خواست و ویستی نە جۆلانییەکان بوو نە هەندێک لە وڵاتانی ئیقلیمی، بەڵام نەیاندەتوانی لەژێر فەرمانی ئەمریکا بچنە دەرەوە، بەتایبەتی کە لە سوریادا کورد لەگەڵ ئەمریکا هێزی هاوبەشیان هەیە و هاوپەیمانن (ئەگەرچی تەنها لەبواری سەربازیی و ئەمنییەوەیە) و بۆ رێگریی لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش یان هاوشێوەی ئەوانە، چونکە لەمەیاندا کورد توانی هاوپەیمانێکی باشی ئەمریکا بێت لە ناوچەکەدا بۆ لەناوبردنی داعش. 
تائێستاش کاتێک باسی کورد دەکەن، لای ترەمپ دەڵێت کورد (گرێیت پیپڵ)ن واتا ئازا و لێهاتوون، ئیتر نە ئەو و نە سەرۆکەکانی پێش ئەو و هیچکام لە سەرکردەکانی وڵاتانی جیهانینیش باسی دروستکردنی قەوارەیەکی سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆی ماف پارێزراو بۆ کورد ناکەن و نەیانکردووە (هەرچەندە هەندێک لە  سەرکردە سیاسییەکانی خۆمان باوەڕی تەواویان پێیان هەیە و دەیان ساڵە هەر چاوەڕێن).
هیوامان بە کێیە؟
دەڵێن کەسێک کە خەریکە لە ئاوێکدا بخنکێت ئەگەر چڵە پووشێکیش بەسەر ئاوەکەوە ببینیت دەستی پێوەدەگرێت بەو ئومێدەی خۆی رزگار بکات.
کورد دەمێکە راهاتووە هەر هیوا هەڵچنێت لەسەر زلهێزەکان، دەمێک بە بلۆکی خۆرهەڵاتدا و دەمێک بە خۆرئاوادا، یان بەو وڵاتانەی لە دابەشکاریی ئیستیعماردا بەشێکی کوردستانیان کەوتووەتە بن دەست، بەوەش تەنها سوودی لە ناکۆکی نێوان حکومەتەکان وەرگرتووە و پەنای بردووەتە بەر ئەوەی لەگەڵ ئەوەی تردا ناکۆکە، وەک ئەوەی کاتی جەنگی نێوان عیراق و ئێران، کوردی رۆژهەڵات، بەغدا داڵدەی دەدان، لای ئێمەش ئێران، بەڵام ئەم سیاسەتانە هەمووی هەڵە بوون، چونکە دوای ئەو هەموو قوربانییە گیانی و ماددییەی کە بەسەر میللەتەکەماندا هات، دواجار خاڵی چارەسەری کێشەکانمان لای پایتەختی ئەو وڵاتانەیە کە خۆمانی تێدا دەژین، ئەگەر سەرەتاش نەمان هێشتایە دەستی دەرەکی و کاریگەریی دەرەکی لەسەرمان هەبێت و رێگەچارەی بەغدامان بگرتایەتەبەر، (وەک ئەوەی لە ساڵی 1974 لە پەیماننامەی 11 ی ئازاری 1970 کشاینەوە و پاڵمان دا بە شای ئێرانەوە)، ئەوا رۆژمان بەم رۆژە نەدەگەیشت، هەندێک جاریش دوژمنەکەمان (رژێمی بەعس) کەوتۆتە ژێر کاریگەریی یان هەڕەشەی ئیقلیمییەوە بۆ ئەوەی مل نەنێت بۆ چارەسەری ئاشتییانە، وەک ئەوەی لە دانوستان و رێککەوتنی سەرەتایی ساڵی 1984 -  1985لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەشیمان بۆوە.
هاوسۆزیمان هەیە بۆ یەکتر
کورد لەوەی کەم نەبوو کە هەستی نەتەوەیی لەلای تاکەکانی لە ئاستی پێویستدا بووە (بەشدارییکردنمان لە شۆڕشەکاندا ئەو راستییە دەسەلمێنێت)، ئامادە بووین کە لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بەشدار بین و کردوومانە، دوایین هاوسۆزی و هاوکاریشمان لەگەڵ کوردانی رۆژئاوایە، لەسەر ئاستی هاوسۆزیی، دەتوانم بڵێم زۆرینەی خەڵکی ئەم هەرێمە لەگەڵیاندان، وەک سیاسەتیش، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێندەی توانیبێتی هەنگاوی بە ئاڕاستەی پتەوبوونیان ناوە. هیواداریش بووین  و هەین کە سەرکەوتوو بن، بەڵام هەموو ئەمانە ناتوانێت رێگریی لە جووڵاندنی هەستی شۆڤێنیستانەی هەر دەستەیەک بکات کە دێنە سەر حوکم و بە دیدێکی نێگەتیڤانە بۆ کورد دەڕوانن، وەک ئەوەی ئێستا لە سوریادا دەیبین.
لە مانگی مارسی رابردوودا، لە رێککەوتنی کورد و دیمەشقدا، ئەو خاڵانەی هاتبوون، لە سوودی هەردوولا بوو، کورد ئەو پێگەیەی خۆی دەماو سەربە دیمەشق دەبوو، بەڵام لە پێنج مانگی رابردووەوە دوژمنانی ناوخۆیی لە توندڕەوانی ئیسلامی و شۆڤێنیستانی عەرەب، بە هاوکاریی و لەژێر هەژموونی ئیقلیمیدا و لەدوای زنجیرە کۆبوونەوەکان کە لە باکۆ دەبەستران، ئێستا سەرەتایەکی خراپ دەست پێدەکات بۆئەوەی بە هیچ جۆرێک لەژێر چەتری سەقامگیری و ئاشتیدا رێککەوتنی کورد و دیمەشق نەیەتەدی، هێندەش گروپی چەکداریی تێکدەر لەو وڵاتەدا هەن، کە هەرکات بیانەوێت نێوانی کورد و دیمەشق تێک بدەن و نەهێڵن بگەنە رێککەوتن. 
مەترسییەکی گەورە چاوەڕێ دەکرێت لەڕێگەی هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوخۆیی نێوان کورد و دیمەشق، ئەگەر ژیریی سیاسیی لای هەردوولا نەخرێتەکار و هەنگاوی جددی بۆ نەنرێت، هەوێنی دروستبوونی ئەم شەڕە ئامادەیە و دوژمنانیش لە ئامادە باشیدان بۆ روودانی، چونکە بەلای ئەوانەوە چەندە کورد دووربخرێتەوە لە گۆڕەپانی سیاسی، ئەوا مەترسی بۆ سەر خۆیان کەم دەبێتەوە، ئەوانەی حوکمڕانیی دیمەشق دەکەن، رۆژگارێک بەدەستی هەسەدەوە ئازاری جەرگبڕیان چەشتووە، پێیانوایە بەهێزبوونی کورد، کەمکردنەوە و نەهێشتنی تیرۆر و تیرۆریستانە!.

حکومەتی ئێستای سوریا، هیچ لەبارەی عەفرینی داگیرکراوەوە ناڵێت

وتارەکانی نوسەر