سەپاندنی دەسەڵاتی ئەمنی، یان داگیرکردن؟

10:12 - 2025-08-10
هیوا محەمەد
63 خوێندراوەتەوە

ئەو جەنگەی بە (ماتۆڕی باڵدار)، لە شەوێکدا، حەماس چەخماخەی هەڵگیرسانی لێدا، ئەمڕۆ لەدوای کوژرانی نزیکەی 60 هەزار کەس و وێرانبوونی زۆرینەی کەرتی غەززە و برینداربوونی سەدان هەزار و بەدوایدا برسێتی و مردنی هەزاران کەس بەو هۆکارە، ئیسرائیل لەبەرامبەر پێداگریی (ئەو بەشە ماوەی حەماس) کە دیلە ئیسرائیلیەکانیان لەژێر دەستدایە، بڕیاری داوە کە غەززە داگیر بکات، هەڵبەتە ناڵێن داگیرکردن، بەڵکو دەڵێن سەپاندنی دەسەڵات بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە غەززە و داماڵینی لەژێر دەستی حەماس و دەسەڵاتی فەلەستیندا، ئەوان دەیانەوێت بیکەنە ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک و حکومڕانییەکی مەدەنی بۆ پێکبهێنن.
سەرکردەکانی ئیسرائیل بۆچوونی جیاوازیان هەیە
ئەم بڕیارەی ئیسرائیل، رای جیاوازی لە نێوان سەرکردە سەربازییەکاندا دروستکردووە، هەموان هاوڕا نین لەسەر بڕیاری داگیرکردنی غەززە، تەنانەت دەستەی کەسوکاری دیلەکانیش پێیانوایە ناتانیاهۆ ئیسرائیل بەرەو کارەسات دەبات و چاویشیان بە سەربازە بارمتەکانیان ناکەوێتەوە ئەگەر ئیسرائیل ئەو هەنگاوە بنێت، بەڵام (بۆ بەدیهێانانی سەرکەوتنە سەربازییەکان و لەوێشەوە بۆ نووێبوونەوەی پۆستەکەی وەک سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ناتانیاهۆ گوێ نادات بەوەی تا چەندە گیانی ئەو دیلە ئیسرائیلییانە لای حەماس دەکەوێتە مەترسییەوە؟).
ترەمپ کە بۆجاری دووەم بووەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، ئەگەرچی بەڵێنی دابوو کە جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کۆتایی پێدێنێت، بەلام تا ئێستا ئەوەی نەکردووە و هەر سەرەتاش وتی، غەززە دەکەینە شوێنێکی گەشتیاری جیهانی و خەڵکەکەی بە زۆر دابەش دەکەین بەسەر چەند وڵاتێکدا، دواتریش کە بینی ئەو لێدوانەی ناڕەزایی لێکەوتەوە، پاشگەز بۆوە و لە زۆرەملێوە کردی بە ئارەزوو بۆ خەڵکی غەززە.
لە دوو رۆژی رابردوودا، ئیسرائیل بە رەسمی بڕیاریدا کە غەززە داگیر بکات، ئیتر ئێستا سوپای ئەو وڵاتە چرای سەوزی داگیرکردنی غەززەی بۆ هەڵکراوە، لەکاتێکدا لەم شارە وێرانکراوەدا کە سەدان لاشەی نەدۆزراوە لەژێر پاشماوەی خانووە رووخاوەکاندا ماوە و برسێتی باڵی کێشاوە بەسەر خەڵکە ماندوو و کارەساتبارەکەیدا، لەگەڵ ئەوەشدا کە  ئیسرائیل ناهێڵێت هاوکارییە مرۆییەکانیان پێبگات، بیر لە داگیرکردنیشی دەکەنەوە.
چواردەوری غەززە تەنراوە
غەززە لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە (ئەمەش پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە)، بەڵام بەلای ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، غەززە ناچێتە بازنەی ئەو پێشێلکارییەوە، بۆیە بیر لەوە دەکەنەوە، ئەم شارە داگیربکەن و چیتر نەهێڵن مەترسییەک بۆ سەریان لەلایەن حەماسەوە هەبێت، دێن و غەززە بەتەواوی داگیر دەکەن (بەپێی ئەو بڕیارەی داویانە)، بەڵام لێرەدا نە هێزی بەرگریی هەیە رووبەڕوویان ببێتەوە، نە هیچ، هەرچی پاشماوەی حەماسە لە گروپدا خۆیان کۆکردۆتەوە و ناتوانن بە کۆمەڵ دەربکەون لە ترسی بۆردومانکردنەکانی ئیسرائیل، واتا سوپایەکی پڕ چەک نین و لە چوونی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی تەواوەتی، ئەو هێزەیان نییە رێگرییان لێبکات.
ئیسرائیل لەمەدا جددیە، چونکە پلانەکە پێشتر دارێژراوە و ترەمپیش لەخۆڕا ئەو لێدوانەی نەدا، بەڵام رایانگرت بۆ ئێستا.
رەنگە ئەو بڕیارەی ئیسرائیل کارتێکی گوشاریش بێت بۆ سەر حەماس تا بارمتەکان ئازاد بکات، بەڵام بەو پێیەش کە لە رابردوودا، ئیسرائیل هەر بەرنامەیەکی گرتبێتە بەر جێبەجێیکردووە، ئیتر هەرچی وڵاتانی عەرەبییە بەتایبەتی و جیهان بەگشتی، دەبێت لە ئێستاوە و پێش روودانی کارەساتی مرۆیی گەورە، رێگریی بکەن لە روودانی، چونکە چوونە ناوەوەی سوپای ئیسرائیل، ناتوانێت ئامانجی داگیرکردن بپێکێت، ئەگەر بە مەرگی دەیان هەزارکەسی تر کۆتایی نەیەت. میللەتێکی برسی و تینوو، ماندوو بریندار، لێکهەڵوەشاوی خێزانی، لەناو غەززەدا لەو دۆخە خراپەدا بژی، ئەگەر ئیسرائیل داگیری بکات، دەبێت چاوەڕوانی چ کارەساتێک بکرێت لەوێدا بیکات؟ بەداخەوە جیهانی مرۆڤایەتی، بە روونی دەزانن چی روودەدات؟ بەڵام هەنگاو نانێن بۆ روونەدانی، تا دواتر بە بەرچاویانەوە کارەساتە گەورەکە روودەدات! ئەمەش بۆتە نەریتی سیاسیی نوێی جیهان و بەرژەوەندییە ماددییەکان زاڵە بەسەر هەستە مرۆڤایەتییەکاندا، هەرچی غەززەشە دەبوو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لێی بێدەنگ نەبوونایە، رێگرییکردن لە روونەدانی کارەساتە گەورەکە بە ناردنی هاوکاریی ماددی نییە و بەس، بەڵکو بە هەوڵدانە بۆ رێگرییکردن لە ئیسرائیل کە غەززە داگیر نەکات و کوشتنی بە کۆمەڵ رووبدات!.

ئیسرائیل دەیەوێت غەززەی وێرانکراو داگیر بکات

وتارەکانی نوسەر