لە یادی شەهید جەمیلدا

07:53 - 2024-04-13
کوردستان
196 جار خوێندراوەتەوە

شەهیدی قارەمان و کادر ( جەمیل ئەحمەد ساڵح) ناسراو بە( شێخ جەمیل)، لە ساڵی 1956 لە گوندی (چنارە)ی سەربە (ناحیەی بەرزنجە) لەدایکبووە. لە ساڵی 1974 بەشداری لە شۆڕشی ئەیلولدا کردووە، لە پاش هەرەسی شۆڕشی ئەیلول، ساڵی 1976 پەیوەندیکردووە بە رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە، دواتر بووە بە لێپرسراوی هێڵی خوێندکارانی خوێندنگەی ناوەندی وەتەن و ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ، لە هەمان ساڵدا ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆی تەواوکردووە و دواتر بووە بە بەڕێوەبەری لقی کشتوکاڵی شارباژێڕ لە چوارتا، لە هەمان کاتدا مامۆستای نەهێشتنی نەخوێندەواری بووە.
ساڵی 1980 هاوسەرگیریکردوە لەگەڵ خاتوو ( کەلسوم کەریم).
بە هۆی زۆریی زەبر و گرتن و کوشتنی خەڵکی کوردستان لە لایەن بەکرێگیراوانی حزبی بەعسەوە، هەڤاڵ شێخ جمیل وەک وەڵامێک بۆ بەرگریکردن لە کەرامەتی گەلەکەی لە مانگی7ی 1980 روویکردە شاخ بوو بە پێشمەرگە لە ناوەندی کۆمەڵە. ساڵی 1981 بە بڕیاری ناوەندی کۆمەڵە وەک کادر گوازرایەوە بۆ کەرتی شەهید تایەری حاجی عەزیز سەر بە هەرێمی 1ی هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
لە ساڵی 1983دا کۆنفرانسی کۆمەڵە لە سنووری مەڵبەندەکانی ئەوکات بەسترا لە گوندی باراوی سەر بەناحیەی بەرزنجە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی خۆی هەڵبژارد بۆ  پلەی (ئەندام کەرت)، لەوانەش م.جەمال حاجی محەمەد، حامیدە سوور، سالار عوسمان، شێخ جەمیل، م. جوامێر و شێخ فازیل، دواتر بوون بە ئەندامی کەرتی رێکخستنی پێنجوێن، شەهید شێخ جمیل کرا بە لێپرسراوی پۆلی رێکخستنی بەرزنجە.
ساڵی 1985 کاتێک کەرتەکانی رێکخستن هەڵوەشێنرانەوە، شەهید شێخ جەمیل کرا بە رابەر سیاسی تیپی 31ی سلێمانی.
بەشداری چەندین چالاکی سیاسی و پێشمەرگایەتی کردووە لە شار و شاخ، هەروەها بەشداری زۆربەی شەڕ و داستانەکانی ئەو ساڵانەی کردووە، ئازایانە و خۆنەویستانە بەرگری لە نیشتمانەکەی کردووە و کەسایەتییەکی بەهێزو خۆشەویستی ناو خەڵک بووە و ناوبانگی ئازایەتی و زیرەکی و لەخۆبردوویی بۆ خۆیی و خانەوادە و نیشتمانەکەی تۆمارکردووە، مەخابن لە داستانی رزگاری بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 1987/4/14 لەگەڵ 10 هاوڕێی پێشمەرگەی وەک پاڵپشتی هێزە هاوبەشەکەی سلێمانی و شارەزوور لە خوار گوندی ئاڵەسیاو و گورگەدەر پاش بەرگریکردنێکی بێوێنە و بەرەنگاربوونەوەی هێزێکی گەورەی زەمینی و ئاسمانی رژێمی بەعس فاشی بە 7 هێلیکۆپتەر دەورەدەرێن و هێرشێکی سەختیان دەکرێتەسەر و پاش چەندین کاتژمێر بەرگریکردن و پێ نەمانی فیشەک شەهید شێخ جەمیل دەزانێت کە هیوای رزگاربوون نەماوە و دەستێکیشی لە شەڕەکەدا دەپەڕێت بۆیە هەرلەوێدا دەفتەری زانیارییەکانی، کە ناوی چەندین لاوی رێکخستنەکانی ئەوکاتی تێدادەبێت، دەسووتێنێت، پاشان بەدیل دەگیرێن و دەگوازرێنەوە بۆ سەربازگەی سیتەک، پاش لێپرسینەوە لەگەڵیان هیچ زانیارییەک نادەن بەدەستەوە بۆیە هەرلەوێدا بەدەستی پێشمەرگە قارەمانەکان دووگۆڕی بە کۆمەڵیان پێ هەڵدەکەنن و بە دەستبەسراوی رەمیان دەکەن و بێ سەروشوێن دەکرێن.
پاش حەوت ساڵ چاوەڕوانی و رزگاربوونی کوردستان لە لایەن شوانێکی ئەو ناوچەیەوە بەڕێکەوت رووفاتی پیرۆزیان دەدۆزرێتەوە و لەسەر ئەرکی بەڕێز مام جەلال رووفاتی پیرۆزیان دەردەهێنرێتەوە و سپاردەی گردی شەهدان دەکرێن. شەهید شێخ جمیل لەپاش خۆی دوو رۆڵەی پێشکەشی نیشتمانەکەی کردووە بە ناوەکانی (پاڤێ) کە ئێستا مامۆستای زانکۆیە و (میران) کە ئەویش فەرمانبەرە.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان