یەکێتی پشتیوانیی خۆی بۆ بوژاندنەوە و سەقامگیریی شەنگال و دەوروبەری دووپاتدەکاتەوە

07:52 - 2025-08-02
کوردستان
40 جار خوێندراوەتەوە

بۆ ساڵڕۆژی جینۆسایدی خوشک و برا ئێزدییەکان و پەلامارە داگیرکاری و وێرانکارییەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شەنگال و دەوروبەری، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی: 

لە یانزەیەمین ساڵڕۆژی  جینۆسایدی خوشک و برا ئێزدییەکان و پەلامارە داگیرکاری و وێرانکارییەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شەنگال و دەوروبەری، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەو کارەساتە دژ بە مرۆڤایەتییە دادەنەوێنین و بەخەمێکی پڕ لە ئازارەوە ئەم یادە دەکەینەوە.

ئێزدییەکان وەک خاوەنی رەسەنی شەنگال و دەوربەری لە بزووتنەوەی کوردایەتیدا هەمیشە پێشەنگ بوون  و رۆڵی پڕ جوامێرانەیان بینیوە، بۆیە بە درێژایی مێژوو لەلایەن داگیرکەرانەوە چەندینجار پەلاماردراون و (فرمان) کراوەتە سەریان. 

بۆ ساڕێژبوونی یەکجارەکیی ئەو  زامە پڕ لە سوێیە، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە بڕیارێکی یەکگرتوو هەیە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی  فیدڕاڵدا کە گشت لایەنەکانی کوردستانیش  پشتگیری و پشتیوانیی لێبکەن  لەپێناوی گەڕاندنەوەی گشت  ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان. 

هەر بۆ ئەو مەبەستەش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانی و هاوکاریی خۆی دووپاتدەکاتەوە  بۆ هەر هەنگاوێک کە ببێتە مایەی بوژاندنەوە و سەقامگیری لە شەنگال و بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

دروود بۆ رۆحی پاکی شەهیدانی شەنگال و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان

مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان