60 ٪ ی ئاوی شیرینی جیهانی تێدایە

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەمسەری باشوور مەترسی روودانی کارەساتی هەیە

11:43 - 2024-04-21
ژینگە
49 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی


18ی ئازاری ساڵی 2022 زاناکانی وێستگەی توێژینەوەی کۆنکۆردیا-ی بەریتانی لە فەلاتی رۆژهەڵاتی جەمسەری باشوور رووداوێکی نائاساییان تۆمارکرد، ئەویش گەورەترین بازدان بوو لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیدا کە تا ئێستا لەلایەن ناوەندێکی کەشناسییەوە لەسەر زەوی پێورابێت، بەگوێرەی ئەو ئامێرانە، پلەکانی گەرما لەو ناوچەیە لەو رۆژەدا گەیشتووەتە 38.5 پلە لە سەرووی تێکڕای وەرزییەوە، کە دەتوانرێت بە پلەی گەرمیی پێوانەیی هەژمار بکرێت.
ئەم بازدانە ترسناکە لە پلەی گەرمیدا، لە ساردترین شوێنی زەویدا، زاناکانی تووشی شۆک کرد لەو بارەیەوە پرۆفیسۆر مایکل مێردیس، سەرۆکی وێستگەی زانستی جەمسەری باشووری بەریتانیا دەڵێت: «لە پلەی گەرمی ژێر سفردا، بازدانێکی وەها گەورە بەرگەی دەگیرێت، بەڵام ئەگەر ئێستا لە بەریتانیا بەرزبوونەوەی 40 پلەی سەدیی تۆماربکرێت، ئەوە پلەکانی گەرما لە رۆژێکی بەهاردا بەرزدەکاتەوە بۆ زیاتر لە 50 پلەی سەدی و ئەوەش بۆ دانیشتوان کوشندە دەبێت.»
زانای سەهۆڵناسی مارتن سیگەرت، لە زانکۆی ئێکستەری بەریتانی بەشداری لەم بابەتە سەرسوڕهێنەرەدا کرد و بە رۆژنامەی ئۆبزێرڤەری راگەیاند «پێموانییە هیچ کەسێک لە کۆمەڵگەکەماندا باوەڕی بەوە هەبێت شتێکی لەو شێوەیە رووبدات، ئەمە شتێکی نائاساییە، نیگەرانییەکی راستەقینە دروست دەکات».
ئێستا بای جەمسەرەکان هەوای گەرم و شێدارتر لە شوێنەکانی ترەوە وەک ئوسترالیا دەگوازنەوە بۆ قووڵاییەکانی ئەنتارکتیکا، بەپێی ئەوەی زاناکان باسی دەکەن ئێستا ئەو بایانە بە بەرپرس دادەنرێن لەو شەپۆلە گەرمایەی رووی لە ناوچەی کۆنکۆردیا کردووە، بەڵام هێشتا روون نییە بۆچی ئەم رەوتە هەوایانە توانای گەیشتنیان بە قووڵایی ئاسمانی ئەنتارکتیکا هەیە.

حاڵەتە سەیرەکان
لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا راپۆرتەکانی باس لە حاڵەتەکانی دیاردە سەیرەکانی کەشناسیی دەکەن زیادیکردووە، هاوکات رووبارە سەهۆڵینەکانی بە کەناری رووکاری سەهۆڵینی رۆژئاوای جەمسەری باشووردا تێپەڕدەبن رێژەی زۆری لێ دەتوێتەوە و دەڕژێنە نێو ئۆقیانووسەوە و بەردەوام لەزیادبووندان، بەجۆرێک ئاستەکانی سەهۆڵی دەریایی کە لەسەر ئۆقیانووسەکان سەرئاوکەوتوون و دەوری کیشوەری جەمسەری باشووریان داوە دابەزیووە.
ئەو رووداوانە ترس لەوەی کیشوەری جەمسەری باشوور کە پێشتر وادەزانرا ئەوەندە ساردە بەجۆرێک بەرگەی کاریگەرییە سەرەتاییەکانی دیاردەی پەنگخواردەنەوەی گەرما دەگرێت، ئێستا زۆر بە خێرایی دەتەوسانە بەرامبەر ئاستە بەرزەکانی گازە ژەهراوییە گەرمەکان کە مرۆڤ بەردەوام لە بەرگە هەوادا بڵاویدەکاتەوە.
گروپێک لە زانایان بە سەرۆکایەتی ویڵ هۆبس لە زانکۆی تسمانیا-ی ئەمریکی لە ماوەی رابردوودا لێکۆڵینەوەیەکیان لە گۆڤاری ئۆف کلایمت-دا بڵاوکردەوە دوای تاقیکردنەوە لە روودانی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لە چینی سەهۆڵینی دەریا لە جەمسەری باشوور، ئەو زانایانە گەیشتنە ئەوەی «گۆڕانێکی خێرا و مەترسیدار» لە ژینگەی جەمسەری باشووردا روودەدات، هاوکات دەرئەنجامی نێگەتیڤی لەسەر جەمسەری باشوور و سیستەمی ژینگەیی جیهان دەبێت.
هەروەها مارتن سیگەرت دەڵێت ئێستا جەمسەری باشوور خەریکە بە جەمسەری باکوور دەگاتەوە بەجۆرێک کاریگەرییەکانی پەنگخواردنەوەی گەرما لە هەموو بەشەکانی گۆی زەویدا لە بەرزترین ئاستیدایە، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا «پلەی گەرمبوونی جەمسەری باکوور چوار هێندەی ئەوەی لە پارچەکانی دیکەی زەویدا روودەدات زیاترە و جەمسەری باشووریش خەریکە لەو لایەنەوە دەگاتەوە بە جەمسەری باکوور، بەوەی ئاستی گەرمبوونی جەمسەرەکە بە رێژەی دوو ئەوەندە لە چاو شوێنەکانی دیکەی زەوی بەرزترە». 

پلەی گەرمبوونی جەمسەری باکوور چوار هێندەی پارچەکانی دیکەی زەوی زیاترە و جەمسەری باشووریش، بە رێژەی دوو ئەوەندە لە شوێنەکانی دیکەی زەوی بەرزترە

هۆکاری سەرەکی
هۆکاری سەرەکی بۆئەوەی بۆچی ئەو دوو جەمسەرە لەچاو شوێنەکانی دیکە زیاتر رووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی پەنگخواردنەوە و گەرمبوونی زەوی دەبن ئەوەیە، ئۆقیانووسەکان بەهۆی سووتانی سووتەمەنی بەردینییەوە گەرم دەبن، بەوشێوەیەش سەهۆڵە دەریاییەکانی لە کەنارە جەمسەرییەکانیدایە لەدەستیدەدات و ئەو ئاوە تاریکەی لە رابردوودا لەژێر سەهۆڵەوە بوو ئێستا دەرکەوتووە، بۆیە تیشکی خۆر جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە بۆ بۆشایی ئاسمان  و لەجیاتی ئەوە دەریا هەڵیدەمژێت و دواجار ئەوە زیاتر ئۆقیانووسەکان گەرم دەکات.
لێکۆڵەران هۆشداری ئەوە دەدەن ئەگەر هەموو سەهۆڵی جەمسەری باشوور بتوێتەوە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاستی دەریا لە هەموو دنیادا بەرزبێتەوە بۆ زیاتر لە 60 مەتر و دەبێتە هۆی ژێرئاوکەوتنی دوورگەکان و ناوچە کەناراوییەکان کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی دنیای تێدا دەژین.
راستە ئەو کارەساتە لە داهاتوویەکی نزیکدا روونادات و کیشوەری جەمسەری باشوور نزیکەی 14 ملیۆن کیلۆمەتر دووجا سەهۆڵ دایپۆشیووە، واتا یەکسانە بەرامبەر پانتایی وڵاتە یەکگرتووەکان و مەکسیک پێکەوە، هەروەها نزیکەی 30 ملیۆن کیلۆمەتر سێجا لە سەهۆڵی تێدایە واتا 60 ٪ ئاوی شیرینی جیهان، هەروەها زانایان باس لەوە دەکەن ئەو چینە سەهۆڵینە فراوانە زنجیرەیەک چیای لەژێردا شاردراوەتەوە بەرزییەکەیان دەگاتە بەرزیی چیاکانی ئەڵب، بۆیە کاتێکی زۆری دەوێت تا بە تەواوەتی دەتوێتەوە. 

بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مەترسیی راستەقینە لەئارادایە کە بریتییە لە بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان لە جیهاندا لەماوەی چەند دەیەی داهاتوودا بەهۆی ئەوەی چینی سەهۆڵین لە رۆژئاوای جەمسەری باشووردا بەردەوامە لە توانەوە بەهۆکاری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی ئۆقیانووسەکان و ئەگەری زۆرە لەماوەی چەند دەیەی داهاتوودا بە تەواوی بتوێنەوە، بێگومان توانەوەی بەتەواوەتی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا بەڕێژەی پێنج مەتر لە ناوچە کەناراوییەکان لە هەموو دنیادا، جگەلەوەی کارێکی ئاسان نییە بزانرێت بە چ خێراییەک ئەوە روودەدات، لەو بارەیەوە دەستەی حکومی نێودەوڵەتیی تایبەت بە گۆڕانی ژینگە مەزەندەی دەکات ئاستەکانی دەریا لەنێوان 0.3 مەتر بۆ 1.1 مەتر لە کۆتایی ئەم سەدەیەدا بەرزدەبێتەوە.
 بەپێی وتەی زانایان بێت ئەو گۆڕانکارییانە تەنیا کاریگەری لەسەر مرۆڤ دروستناکات، بەڵکو ژیانی دەریایی دەخاتە مەترسییەوە وەک نموونەی ئەو قەوزانەی لەژێر و دەوری سەهۆڵی دەریادا گەشەدەکەن لە رۆژئاوای جەمسەری باشووردا و ئێستا بەرەو لەناوچوون دەچن و زۆرێک لە گیانلەبەرە دەریاییە بچووکەکان وەک کریل لەسەری دەژین کە بەربڵاوترین گیانلەبەرن لەسەر گۆی زەوی و ئەوانیش خۆراکی ماسی و گیانلەبەرە دەریاییەکانی دیکەن وەک بەتریق و سەگی دەریا و نەهەنگەکان واتا زنجیرەی خۆراکیی ئەو ناوچانە تێکدەچێت.     
 جگەلەوەی ئەو گیانلەبەرە بچووکە دەریاییانە رۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە رێگریکردن لە پەنگخواردنەوەی گەرما، چونکە  زانراوە قەوزە دەریاییەکان دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژن و کریل دەیانخوات و پاشماوەکانیان تا بنی دەریا نوقم دەبێت و لەوێ دەمێنێتەوە، بۆیە کەمبوونەوەی رێژەی قەوزە و کریل بەو مانایە دێت کاربۆنی کەمتر لە بەرگەهەواوە دەمژرێرێت و لەسەر بنی زەریاکان دەنیشێت.
سەرچاوە: الأ‌مارات الیوم

بابەتە پەیوەندیدارەکان