بەختیار مهلا عززهت
1-2
سەرەتای ئیش هەموو یەكبوونە، ئەویش نابێ هەتا
هەر برینێ كە لە دڵدا هەیە ساڕێژی نەكەی!
شوكری فەزلی
ئەگەر چاوێک بە مێژووی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕین، دیمەنێکی پڕ لە ناسۆر و کارەسات و کوشتاری بەشێک لەو نەتەوە بێ دەوڵەتانە دەبینین، لەناو ئەو گەلانەشدا کورد پشکی هەرە گەورەی ئەو کۆمەڵکوژی و ماڵوێرانی و دەربەدەری و ئاوارەبوونەی بەردەکەوێ.
یەکێک لەو سیما تایبەتانەی کە کوردی پێ جیا دەکرێتەوە، جگە لەوەی لە زێد و نیشتمانە داگیرکراو و دابەشکراوەکەی خۆیدا بێبەش کراوە، لە هەموو مافە یاسایی و فەرهەنگی و سیاسییەکانی و مافی ژیان و هاووڵاتیبوونی لێ زەوت کراوە، کە دەچێتە تاراوگە و ئاوارە و سەرگەردانی وڵاتان دەبن، هەندێکجار کورد وتەنی لە هەردوو جەژەنەکە دەبن، لە لایەن وڵاتانی خانەخوێوە نابن بە خاوەنی ئەو مافە مرۆییانەی بە ئاوارەی وڵاتانی دیکە دەدرێ، لەوێش دووچاری چاودێری و سانسۆر و مامەڵەی رەگەزپەرستانە و نامرۆڤانە دەبنەوە.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێ ئاماژەی بۆ بکەم ماڵباتی پرۆفیسۆر نادری نادرۆف و بەشێک لەو کوردانەیە کە ئاوارەی یەکێتیی سۆڤییەت بوون و لەوێشەوە جارێکی دیکە رووبەڕووی کۆچی زۆرملێ بوونەتەوە، لەژێر فشارێکی زۆری فیزیکی و دەروونیدا زۆر نامرۆڤانە پەرت دەکرێن و لەسەرخۆ جینۆساید دەکرێن.
بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە لە ژێر ئەم فشار و ئەم ستەمە نەتەوەیی و لەناو ئەم ژینگە پەراوێز خراوەداو لەناو ئەم چەپاندنە فراوانەدا مرۆڤێکی وەک نادری نادرۆف پەروەردە دەبێت، مرۆڤێک بێ بەری لە سۆزی باوک و قۆناغی منداڵی، بەڵام کەسێک دروست دەبێت، زانایەک دێتە کایەوە لەسەر ئاستی کازاخستان و یەکێتیی سۆڤییەت و تەواوی جیهان ناوبانگ دەردەکات.
نادری نادرۆڤ لەدوای ئاوارەبوون و لەدوای دابڕان لەزێدی باو و باپیران لە چۆڵەوانییەکی ئاسیای ناوەڕاستدا دەگیرسێتەوە، بەڵام ئیرادەی هێندە بەهێز دەبێت هەموو ئەو بەربەستانە دەشکێنێ کە ستالین بەسەر کوردانی راگوێزراودا دەیسەپاند.
بۆیە لەگەڵ سەختی ئەو ژیانەدا، درێژەی بە خوێندن دا تا سەرەنجام پلەی دکتۆرای لە بواری پیشەسازیی نەوتدا بە دەست هێنا و دەیان وتاری زانستیی لە بواری نەوتدا نووسی، بە جۆرێک نێوبانگی لە جیهاندا بڵاو بۆبووە، تەنانەت بە باوکی زانستەکانی نەوت ناو برا.
سەرەنجام دەبێتە کەسایەتییەکی گەورەی کازاخستان و یەکێتیی سۆڤییەت و جیهان، لە کۆمارەکانی یەکێتیی سۆڤییەت نکوڵی لە بوونی کورد دەکرا بە تایبەت لە سەردەمی ستالیندا، بەڵام نادرۆف تەنها ساتێک لە کوردبوونی خۆی و ئایندەی نیشتمانەکەی دوورنەکەوتەوە و لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا لایەنگری دۆزی رەوای نەتەوەکەی بوو.
پێشینەیەکی مێژوویی کوردەکانی کازاخستان پێش راگواستن
نادری نادرۆف دەچێتەوە سەر ئێلی بەشکی، لە باکووری کوردستان دەژیان پیش راگواستن. ئەم ئێلە هەڵوێستێکی مەردانەیان هەبووە و یەکێکن لەو ئێلانەی هەرگیز نەبوونەتە داردەستی دەوڵەتی عوسمانی و نەچوونەتە ژێر ئاڵای سوارەی حەمیدی، ئەو سوپایەی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بۆ جینۆسایدی ئەرمەن پێکی هێنابوو، بە تایبەت لە نێوان ساڵانی 1894 - 1896 لەو کاتەدا ئێلە کوردەکان ببوون بە دوو بەشەوە، هەندێکیان پشتگیریی سوڵتان عەبدولحەمیدیان کرد و لە کۆمەڵکوژیی ئەرمەندا بەشدار بوون، بەڵام بەشێک لە ئێلە کوردەکان ئەوەیان رەت کردەوە و دژی ئەرمەنییەکان نەجەنگان. بەڵکو لە زۆر شوێن و لە زۆر کاتدا داڵدەیان دەدان و دەیان پاراستن و دەیان شاردنەوە بۆ ئەوەی لە کوشتن و قەڵاچۆکردن بەدوور بن.
دوای ئەوەی کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی (یەکێتی و پێشکەوتن) لە تورکیا دەسەڵاتی گرتە دەست و بڕیاری چاکسازیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دا، زۆرینەی گەلانی بندەستی دەوڵەتی عوسمانی پشتگیریان دەکرد، بەڵام سەرانی ریکخراوەکە لە لایەن زۆرێک لە کۆمەڵگەی عوسمانییەوە پشتگیری لێکرا، بەڵام ئیتیحاد و تەرەقی یان تورکانی گەنج بە پێچەوانەی بەڵێنەکانیانەوە لە ساڵەکانی 1915 - 1917 جارێکی تر پرۆسەی پاکتاوی نەژادی بەسەر ئەرمەنەکاندا جێبەجێ دەکەن. لە کۆتایی یەکەمین جەنگی جیهانیدا کۆتایی بە پاکتاوی رەگەزیی ئەرمەن دێت، به مهزهنده نزیكهی یهك ملیۆن و نیو کەس جینۆساید كران، ئیتر دەوڵەتی عوسمانی دەستکراوە دەبێت بەرامبەر بەو کوردانەی یارمەتیان نەداوە لە جینۆسایدی گەلی ئەرمەندا، بۆیە سەرانی دەوڵەت دەستیان واڵا دەبێت بۆ پەلاماردانی ناوچەکانی ئێلی بەشکی، هێرش دەکەنە سەر گوندی حەفشا سورکێ، لەو کاتەدا چەند کەسایەتییەکی دیاری ئێلی بەشکی وەک مەم پاشای ئەحمەد و حەسەنی برای دەکوژن، دوای کوشتنی ئەم سەرۆک ئێلانە ئیتر کەرەمی نادری باوکی نادرۆف دەبێت بە ئاغای ئێلی بەشکییان.
شۆڕشهکەی شێخ سەعیدی پیران
ساڵی 1925 و لە سەردەمی دەسەڵاتی گورگە بۆر مستەفا کەمال ئەتاتورک دا لە لایەن شێخ سەعیدی پیرانەوە شۆڕشێک بەرپا دەکرێت لە دژی سیاسەتی بە تورک کردن و چەوسانەوەی کورد لە لایەن تورکەوە، بەڵام ماوەیەکی کەم دەخایەنێت و شۆڕشەکە دەکوژێتەوە، لە کاتی شۆڕشەکەدا کەرەمی نادری و ئێلەکەی بەشدارییەکی کارا لە شۆڕشەکەدا دەکەن، دوای ئەوەی کە شۆڕشەکە شکست دێنێت، دەوڵەتی تورکیا پەلاماری ئەو ناوچانە دەدات کە پشتگیریی شێخ سەعیدی پیرانیان کردووە. سوپای تورکیا دوای لە سێدارەدانی ژمارەیەکی زۆر، کەرەمی نادری و کۆمەڵێک کەسانی تری نزیکی دەگرێت و دوای ئەشکەنجەدان رەوانەی زیندانی ئیزمیر دەکرێن، کە نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە زێدی باو و باپیرانیان دوور دەکەونەوە.
لە هەمان کاتدا تورکەکان بڕیاری راگویزان و دوورخستنەوەی ئەو خێڵانەی دەردەکەن کە هاوسۆزی شێخ سەعید بوون و پشتگیریی شۆڕشەکەیان کردووە. هەر زوو حاجی نادری باوکی کەرەم بڕیار دەدات ئێلەکەی دەرباز بکات و هەموویان بەکۆمەڵ کۆچ دەکەن بۆ ناوچەی نەخچەوانی ناو سنووری یەکێتیی سۆڤییەتیی جاران، ئەم خێڵە و چەند خێڵەکی دیکەی ئاوارە لە گوندی قیقاچ لە نەخچەوان نیشتەجێ دەبن.
ساڵی 1928 کەرەم و هەموو ئەوانەی لە لایەن تورکیاوە راپێچی زیندان کرابوون، بڕیاری لیبوردنیان بۆ دەرچوو، بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر دەگەڕێنەوە بۆ گوندی حەفشا سورکێ، بەڵام بێ ئاگا لەوەی کە سەرجەم دانیشتووانەکەی بە ناچاری هەڵاتوون و بێ هەواڵ ماون. ساڵی 1929 پاش سۆراخکردنێکی زۆر لە سنووری یەکێتیی سۆڤییەت و لە گوندی قیقاچ ئەیاندۆزنەوە و بە یەکتر شاد دەبنەوە، بەڵام ماوەیەکی کەم دوای گەیشتنی کەرەم و کەسوکارەکەی بۆ گوندی قیقاچ لە لایەن دەزگای سیخوڕی سۆڤییەتی (KGB) یەوە دەگیرێن و لێکۆڵینەوەی توندیان لەگەڵدا دەکرێ، سەرەنجام ئازاد دەکرێن.
دوای هەرەسی جوڵانەوەکەی شێخ سەعیدی پیران ساڵی 1925 مستەفا کەمالی گورگە بۆر، لە هەوڵێکی دیپلۆماسی بەرفراواندا بوو بۆ کارکردنە سەر ستالین بە پێدانی کۆمەڵێک ئیمتیازات بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆماری کوردستانی سوور
سەرەتای جینۆساید و کۆچی زۆرەملێ بەرەو کازاخستان
ئێڵی بێشکی و چەند ئێلێکی دیکەی ئاوارەی گوندی قیقاچ (كیكاچ)1 بوون بۆ ماوەی پێنج ساڵ دوور لە توندوتیژی و ئاسوودە نیشتەجێ دەبن و خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەبن تا رادەیەک ئەبووژێنەوە و دەکەونە خۆشگوزەرانییەوە. ساڵی 1932 نادری نادرۆڤ لە دایک دەبێت و بە ناوی باپیرییەوەی دەکەن، عەبدوڵڵای برا گەورەی هاوسەرگیریی دەکات، کەرمیش دوای چوار ساڵ لەتەمەنی 49 ساڵیدا لەساڵێ 1936 دەمرێت.
دوای هەرەسی جوڵانەوەکەی شێخ سەعیدی پیران ساڵی 1925 مستەفا کەمالی، لە هەوڵێکی دیپلۆماسی بەرفراواندا بوو بۆ کارکردنە سەر ستالین بەپێدانی کۆمەڵێک ئیمتیازات بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆماری کوردستانی سوور و ئاوڕنەدانەوە لە هیچ داواکارییەکی کورد، کە لە ساڵی 1923 لەسەردەمی لینین دامەزرا بوو، بەپاساوی ئەوەی بوونی قەوارەیەکی سیاسی کورد لە سۆڤییەتدا مەترسییە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا.
ستالینیش وێنەی هیتلەر، جگە لە سیاسەتی خۆیان و بەرژەوەندیی وڵاتەکەیان، رقیان لە هەر نەتەوە و گەلێکی تر دەبوو کە لەگەڵ سیاسەتی ئەواندا هاوجوت نەبوایە.
بۆیە ستالین لە ساڵی 1940دا لە شاری کاتین 14595 پۆڵۆنی قەتڵ و عام کرد2، جگە لەمە سیاسەتی دووفاقی ستالین و سۆڤییەت بۆ نەوت، یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەكانی رووخاندنی جەمهورییەتی کوردستان لە مەهاباد لە 17/12/ 1946دا.
دەتوانین ئەم ماوەیە دابەش بکەین بۆ سێ قۆناغ
قۆناغی یەکەم: ساڵی 1929 دەست پێدەکات کە کۆماری کوردستانی سوور هەڵدەوەشێتەوە.
قۆناغی دووەم: ساڵی 1937 بوو کە کوردانی ناوچەی نەخچەوانیان بەرەو ئاسیای ناوەڕاست، بەتایبەتی بەرەو کازاخستان و ئۆزبەکستان و قیرقیزستان دەربەدەر کرد و خانەوادەکەی نادرۆفیش کە 9 کەس بوون بەر ئەو شاڵاوە کەوتن.
قۆناغی سێیەم: ساڵی 1944 دەستپێدەکات كه بریتی بوو لە کۆچی زۆرەملێی كوردانی گورجستان.
پەراوێزەکان:
1 - ئەم دوو وشەیە دەبێت ناوی یەك گوند بێت.
2 - لە پێشەكی كتێبی (دەوڵەتی جمهوری كوردستان)ی مەحمودی مەلا عززەت، كە نووسەری گەورە جەرجیس فەتحوڵڵا نووسیویەتی، وەرگیراوە.
پرۆسەی راگواستنی زۆرەملێ
ساڵی 1937 بە پێی ئەو سیاسەتەی ستالین پەیڕەوی دەکرد بۆ توانەوەی کەمینەی کورد لە سۆڤییەت، دەزگای سیخوڕی سۆڤییەتی لە هەموو لایەکەوە گەمارۆی ئێلەکانی گوندی قیقاچیان دا، بە ئێلەکەیان راگەیاند کە دەبێت لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێردا کەلوپەلەکانتان کۆبکەنەوە و مەڕ و ماڵاتەکانتان بفرۆشن، هەرچەندە دانیشتوانەکە لێیان پاڕانەوە کە بۆچی رایان دەگوێزن، لە کاتێکدا هیچ تاوانێکیان نەکردووە، بەڵام بێسوود بوو. سەرەنجام تەواوی کەلوپەلەکانیان بە تاڵان فرۆشی لێ وەرگرتن و سواری ئوتومبێلی ئاژەڵانیان کردن و بەرەو وێستگەی شەمەندەفەر راپێچ کران، لەوێش هەر سێ چوار خێزان خرانە ناو فارگۆنی ئەو شەمەندەفەرانەوە کە بۆ گواستنەوەی ئاژەڵ تەرخان کرابوون، کە دواتر بۆیان دەرکەوت لە شارۆچکەی جەمبوولن لە کازاخستان، هەر لەوێدا بینییان کۆمەڵێکی زۆر لە کوردانی قەفقاس وەک ئەمان کۆچی زۆرە ملێیان پێکرابوو بە تۆمەتی کورد بوون، بەرەو چارەنووسێکی نادیار.
ئەو ساڵە زستانێکی سەخت بوو، ساڵێکی زۆر سەرما و تووش بوو، زیاتر لە مانگێک بە رێگاوە بوون، زۆربەی مناڵ و پیر و ژن لە رێگادا بە هۆی سەرما و سۆڵەی زۆر و برسێتیەوە گیانیان لە دەست دا، تەنانەت رێگەی ئەوەیان نەدەدان کە تەرمی قوربانییەکانیان بنێژن، ناچار لە نزیکی وێستگەی شەمەندەفەرەکان دەیانخستنە ژێر بەفرەوە.
لەم کۆچە نادیارەدا بەچۆڵەوانییەک گەیشتن کەس نەیدەزانی چ شوێنێکە، هێندەی باڵای مرۆڤێک بەفر دایپۆشیبوو، خاکەنازیان پێدان و وتیان ئێرە جێگەی ژیانی ئێوەیە بۆ خۆتان خانوو دروست بکەن، ئەو کاتانە نادرۆف تەمەنی 5 ساڵ بوو.
بەهۆی ئەو چادرانەی لەگەڵ خۆیان هێنابوویان، توانیان لەو سەرما زۆرەی زستاندا خۆیان بپارێزن، کاتێکیش وەرزی بەهار هات لەو چۆڵەوانییەدا جێگیر بوون و بە قوڕ خانوویان دروست کرد، دواتر لە ناوچەی جەمبووڵ چەند ئاوایەکی نوێ دەرکەوتن بەناوی ئاوایی (بوودین، کاسکە، باڵاک). ئیتر ئاسۆی ژیانیان وردە وردە رۆشن دەبوەوە و بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچوو، دەستیان کرد بە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ.
بەڵام سوپای سووری سۆڤییەتی لێنەگەڕا بە ئارامی بژین، ساڵی 1938 شەوێک لە شەوەکان پەلاماری ئەو گوندانەیان دا و وتیان سەرۆکی هەر خێزانێک خۆی بناسێنێ، چونکە هەلی کارمان بۆ دۆزیونەتەوە بۆ ئەوەی لەسەر کارێک دابمەزرێن. بنەماڵەی نادرۆف کە ماوەیەك بوو باوکیان کۆچی دوایی کردبوو، عەبدوڵڵای برای نادر خۆی وەکو سەرۆکی بنەماڵە ناساند، کە تەمەنی بیست و دوو ساڵ بوو*، لەگەڵ زاواکەیان و نزیکەی 40 کەس لە سەرۆکی خێزانەکانیان کۆ کردەوە و بردیانن، ئەوە بوو تەنها دوو رۆژ توانیان بیان بینن، دوای ئەوە هەموویان بێ سەر و شوێن کران و هەرگیز نەگەڕانەوە ناو خێزانەکانیان.
پرۆسەی خوێندنی نادرۆف و نامەکەی بۆ ستالین
ئەو کوردانەی لە ئەرمەنستان و نەخچەوانەوە راگوێزرابوون بۆ کازاخستان لە چەند گوندێکدا نیشتەجێ کرابوون، ئەوەندە سانسۆریان لەسەر بوو تەنانەت هاتووچۆ و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیشیان لەسەر قەدەغە کرابوو.
کاتێک نادرۆڤ دەیویست درێژە بە خوێندن بدات، مافی ئەوەی نەبوو بچێتە شارەکان بۆ خوێندن، بە ناچاری نامەیەک بۆ ستالین دەنووسێ، لە دەقی نامەکەدا گلەیی و گازەندەیەکی زۆر دەکات لەو ژیانە پڕ چەرمەسەرییەی بە هۆی سیاسەتی ئەوانەوە بە سەر کوردە ئاوارەکاندا هاتووە، داوای لێدەکات رێگەی پێبدەن درێژە بە خوێندن بدات، ئەوەی کە زۆر جێگەی سەرسوڕمانە نامەکە دەگاتە دەست ستالین، لە ئەنجامدا رێگە دەدات بەو کوردانە کە درێژە بە خوێندن بدەن، بەمەرجێ سنووری کازاخستان تێنەپەڕێنن.
لە ئەنجامدا ناسنامەی چوونە دەرەوەی لە گوندەکەی خۆی پێ دەدرێ، ساڵی 1949 دەچێتە شاری قزل ئۆردە پایتەختی ئەو کاتەی کازاخستان بە مەبەستی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی درەنگ ناسنامەی رێپێدانی پێ دەدرێ فریای ئەزموون ناکەوێت، دەچێتە لای بەڕێوبەری ئەنستیوت لەشاری قزل ئۆردە بە درێژی ئاستەنگەکانی ژیانی خۆی و کوردانی ئاوارەبووی بۆ دەگێڕێتەوە، بەڕێوەبەری ئەنستیوت کەسێکی بە رەگەز کۆریایی دەبێت، خۆشی هەمان موعاناتی هەبوو لە بنەڕەتدا خۆشی ئاوارە بوو لە کازاخستان نیشتەجێ ببوو، زۆر یارمەتی نادرۆف دەدات و ناونیشانی هەموو مامۆستاکانی ئەنستیوتەکەی پێدەدات، نادرۆف بەو ناونیشانانە دەچێتە لای یەکە بە یەکەی مامۆستایان، لە رۆژی دیاریکراودا ئەزموون دەدات و سەرکەوتوو دەبێت.
نادرۆڤ مافی ئەوەی نەبوو بۆ درێژەدان بە خوێندن بچێتە شارەکان، هەربۆیەش نامەیەک بۆ ستالین دەنووسێ، نامەکە دەگاتە دەست ستالین، لە ئەنجامدا رێگە دەدات کوردەکان درێژە بە خوێندن بدەن، بەمەرجێ سنووری کازاخستان تێنەپەڕێنن
مردنی ستالین و کرانەوەی دەروازەکان
نادرۆڤ چوار ساڵ لە شاری قزل ئوردا درێژە بە خوێندن دەدات.
لە پاشدا بەشی کیمیا و بایۆلۆجی لە زانکۆی گۆگۆلی پەروەردەیی حکومی تەواو دەکات.
ساڵی 1953 ستالین کۆچی دوایی دەکات، لە پاشان خرۆشۆف دەبێتە سەرۆک کۆماری یەکێتیی سۆڤییەت. خرۆشۆف بەشێک لە سیاسەتە توندەکانی ستالین هەڵدەوەشێنێتەوە، لەوانە قەدەغەکردنی هاتوچۆ لادەبات، ئازادیی گواستنەوەی مامۆستایان دەردەچێت، نادرۆف بە مەبەستی دەستکەوتنی هەلی کار دەچێتە شاری ئاڵماتی لە کازاخستان داوای دامەزراندن دەکات، بەڵام لەوێ پێی دەڵێن کە تەنها مامۆستای بەڕەگەز کازاخی وەردەگرین، بە دڵشکاوی ئەوێ جێ دەهێڵێت و دەچێت بۆ پایتەختی قیرقیزستان، واتا دەچێتە شاری بیشکەک بۆ ئەوەی ببێت بە مامۆستا لەوێش بە هەمان شێوەی کازاخستان داواکەی رەت دەکرێتەوە.
بەهۆی بڕیارەکەی خرۆشۆفەوە لە بارەی ئازادیی هاتوچۆوە نادرۆف روو دەکاتە مۆسکۆی پایتەختی یەکێتیی سۆڤییەت بە مەبەستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا، کاتێک لە مۆسکۆ دەبێت هەمیشە دەچێتە کتێبخانەی گەورەی لینین لە مۆسکۆ بۆ بەدەستهێنانی کتێب، لە کتێبخانەکەی مۆسکۆ دەبێتە ئاشنای خانمێک کە کارمەندی کتێبخانەکە بوو، لێی دەپرسێ ئایا کوردانی تر دێنە کتێبخانەکە، خانمەکە لە وەڵامدا دەڵێ بەڵێ کوردانی ئەرمەنستان و گورجستان سەردانی ئەم کتێبخانەیە دەکەن، ئەو خانمە ژمارەی تەلەفونی کوردێکی دەداتێ بە ناوی لۆکۆس کە لە بنەڕەتدا خەڵکی ئەرمەنستانە، بەڵام پارێزەری دادوەری بووە لە مۆسکۆ، نادرۆف تەلەفۆن بۆ لۆکۆس دەکات و پرسیاری کوردانی تری لێ دەکات، لۆکۆس کە بە کوردی قسەی لەگەڵ دەکات و پێی دەڵێ دەتوانم کەسێکی ترت پێ بناسێنم، بەڵام کوردی کوردستانی عیراقە، ئەویش مەلا مستەفا بارزانییە، نادرۆڤ پێ خۆشحاڵ دەبێ و لەپاشدا دەتوانێ بارزانی ببینێ، لەو بینینەدا هەواڵی ناسۆری کوردانی کازاخستانی پێ رادەگەیەنێ، بارزانیش باسی رووداوەکانی قۆناغەکە و کۆماری کوردستان - مەهاباد و خەباتی کورد و هاتنیان بۆ یەکێتیی سۆڤییەت دەکات.
نادرۆف لە ساڵی 1959 لە مۆسکۆ بڕوانامەی دکتۆرا وەردەگرێ، پاشان لە شاری خابارۆسک دادەمەزرێ کە چەند رۆژ بە رێگەی شەمەندەفەر لە مۆسکۆوە دوور بووە، هەر لەم شارەدا پلەی زانستی پرۆفیسۆری بە دەست دەهێنێت. ساڵی 1970 دەبێت بە پرۆفیسۆر و لە ساڵی 1983 دەبێت بە ئەکادیمیست.
نادرۆف هێندە ئاستی زانستی بەرز دەبێت دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی ئەکادیمیای نێودەوڵەتی زانستەکان و سەرۆکی ئەکادیمیای ئەندازیاری کیمیایی کازاخستان و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی زانکۆی ئەندازیاریی کازاخستان و سەرنووسەری گۆڤاری گاز و نەوت و دەیان خەڵاتی جیهانیی وەردەگرێت.
نادرۆف 8 کتێب و 750 بابەتی زانستی و 28 توێژینەوە و 260 دۆزینەوەی زانستیی لە بواری نەوت و کیمیادا ئەنجاداوە دووان لە کتێبەکانی نادری نادرۆف یەکێکیان، کتێبی (نەوت و گازی سروشتیی کازاخستان) لە ساڵی 1996 خەڵاتی (باشترین کتێبی ساڵ)ی وەرگرت و (کوردەکانی کازاخستان) لەهەرە چاکترین بەرهەمەکانییەتی.
نادرۆف هەتا دوا رۆژەکانی ژیانی لە دۆزی نەتەوەکەی دانەبڕا و هەمیشە پەیوەندیی لەگەڵ شۆڕشەکانی کوردستاندا هەبووە، کتێبێکی هەیە بەناونیشانی: (کوردەکانی کازاخستان).
نادرۆف لە تەمەنی 29 ساڵیدا لەگەڵ کچێک بە ناوی گالینا ئامۆیۆنا کە خوێندکاری دکتۆرا دەبێت هاوسەرگیری دەکات، ئەو خانەوادەیە خاوەنی سێ مناڵن بە ناوەکانی عارف، نارین، دیمترۆ، هەرسێکیان بەهۆی بڕوانامە بەرزەکانییانەوە ناوبانگێکی زۆریان لە کازاخستاندا هەیە.
نادرۆف لە تەمەنی 89 ساڵیدا و لە 24ی ئابی 2021 کۆچی دوایی دەکات.
پەراوێزەکان:
1. تاراوگەی ژمارە 189 لاپەڕە 21. 12ی حوزیران 2024 بەرێز دکتۆر جەبار قادر.
2. گۆڤاری تیشك : ژمارە 67 – 68 ساڵی بیست و پێنجەم، بەهار و هاوینی 2723 لاپەڕە 494 – 499
3. گۆڤاری مەهاباد: ژمارە 212 ساڵی 1399 و پڕۆفیسۆر نادر نادرۆڤ.
4. کەڵک وەرگیراوە لە چەند پێگەیەکی جیاوازی ئینتەرنێت
5. کەڵک وەرگیراوە لە کەناڵی یوتوبی بەڕێز Ayhan Erkmen
6. سهرچاوهكانم له بهڕێز ( هاوڕێ نەریمان ) و (م. حسین محمد)هوه وهرگرتووه.