لابوبو: بووکەڵە چینییەکە چۆن بوو بە دیاردەیەکی جیهانیی؟

08:52 - 2025-06-29
هەمەرەنگ
87 جار خوێندراوەتەوە

بوونەوەرێکی نامۆ بە ناوی "لابوبو" جیهانی مۆدەی داگیرکردووە و لە ماوەیەکی کورتدا بووەتە خولیایەکی جیهانی و ئیکسسوارێکی سەرەکی کە جانتای بەناوبانگترین کاریگەرەکانی مۆدەی پێ دەڕازێنرێتەوە. 
ئەم بووکەڵە چینییە، کە ئێستا وەک سیمبۆلێکی ستایلی هاوچەرخ دەبینرێت، تەنانەت لە کوردستانیش بۆتە ترێند.
ناوبانگی بوکەکە زۆر بڵاوبوویەوە  کاتێک لە هەفتەی مۆدەی پاریس لەسەر جانتایەکی گرانبەهای مارکەی (Hermès) بینرا، ئەمەش نیشانەی ئەوەبوو کە لابوبو چیتر تەنها بووکەڵەیەکی ئاسایی نییە. 
ناوبانگی ئەم بووکەڵەیە زیاتر بوو کاتێک لەگەڵ هونەرمەندانی جیهانی وەک ریهانا و دوا لیپا دەرکەوت، بەڵام ئەوەی بە تەواوی کردی بە دیاردەیەکی جیهانی، ئەندامی گرووپی بەناوبانگی کۆری "بلاکپینک" بوو بەناوی  لیسا، کە بوکەڵەکەی بە "مناڵەکەم" ناو  دەبات  بوکەڵەکەی لەنێو گەنجاندا کرد بە ترێند.
دیزاینی ئەم کارەکتەرە دەگەڕێتەوە بۆ وێنەکێش کاسینگ لونگ، کە بیرۆکەی  لە فۆلکلۆری ئەسکەندەنافی وەرگرتووە. لابوبو بووکەڵەیەکی تووکنی ددان دەرپەڕیوە و لەلایەن کۆمپانیای "پۆپ مارت"ی چینییەوە لەناو پاکەتی داخراو و سوپرایزدا دەفرۆشرێت، واتە تا نەیکڕیت نازانیت کام جۆر و رەنگەت بۆ دەردەچێت، ئەمەش ناوبانگی بوکەڵەکەی زیاتر کردوە. 
نرخی سەرەکی بوکەڵەکە  لەنێوان ١٣ بۆ ١٦ دۆلاردایە، بەڵام بەهۆی خواستێکی زۆرەوە، لە بازاڕەکانی فرۆشتنەوەدا نرخی هەندێک جۆری بوکەڵەکە تا ٩٠ دۆلار بەرزبووەتەوە و  لابوبو لە بووکەڵەیەکی سادەوە بووەتە سیمبۆلێکی کلتووری و مۆدە لەسەر ئاستی جیهان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان