بەپێی راپرسییەک، کە لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی "ئاسال"ەوە ئەنجامدراوە، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لە تورکیا، بەربژێری جەهەپە دەتوانێت بەسەر ئەردۆغاندا سەربکەوێت و ببێتە سەرۆککۆمار.
لە راپرسیەکەدا هاتووە، ئەگەر مەنسور یاڤاش، سەرۆکی شارەوانیی ئەنقەرە ببێتە بەربژێری جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی، ئەوا یاڤاش 44.4٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت و ئەردۆغانیش دەنگی 40.1٪ی دەنگدەران بەدەستدەهێنێت.
هاوکات ئەگەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ ببێتە بەربژێری جەهەپە، ئیمامئۆغڵو 42.5٪ی دەنگەکان و ئەردۆغانیش 39.7٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکی هەمان ناوەند کە مانگی کانوونی یەکەمی 2024 بڵاویکردەوە، ئەردۆغان لەپێش بەربژێرەکانی جەهەپەوە بوو.
هەر بەگوێرەی راپرسییە نوێیەکەی ئاسال، 31.7٪ی بەشداربووان داوا دەکەن مەنسور یاڤاش ببێتە بەربژێری جەهەپە و 24.4٪یش داوا دەکەن ئیمامئۆغڵو ببێتە بەربژێر و رکابەری ئەردۆغان.
جەهەپە ماوەی چەند مانگێکە داوا دەکات هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆمار لە تورکیا ئەنجامبدرێت کە وادە یاساییەکەی ساڵی 2028 و ئاکپارتیش رەتیدەکاتەوە.
چاوەڕواندەکرێت لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا، جەهەپە بەربژێری خۆی یەکلابکاتەوە و هەموو ئەگەرەکانیش لە دەوری یاڤاش و ئیمامۆغڵو کۆبوونەتەوە.