مەزهەر کەریم
د. سیروان عەبدوڵڵا پسپۆڕی نەخۆشییەكانی قەڵەوی و خۆراك لە دیدارێكی كورتدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، ئاماژە بە چەند خاڵێكی گرنگ دەدات وەك: زیادبوونی كێش، كە چەوریی جگەر دروستدەكات و توانای سێكسی لە پیاوان و ژناندا كەمدەكاتەوە و دەبێتەهۆی نەزۆكی.
لەوبارەیەشەوە دەڵێت: زیادبوونی كێش، هۆرمۆنی جەستە تێكدەدات و پیاوان هۆرمۆنی ژنانیان زیاد دەكات و ژنانیش هۆرمۆنی پیاوانیان زیاد دەكات، بۆیە بۆ خۆپاراستن لەوە پێویستە خۆراكی تەندروست بخورێت و وەرزش بكرێت، تا لەرێگەی رێنمایی خۆراكییەوە رێگریی لە زیادبوونی كێشی بۆماوەیی بكرێت.
وتیشی: زۆربەی ئەو پیاوانەی كێشیان زۆرە، پشكنینیان بۆ دەكرێت و هۆرمۆنی ژنانەیان زۆرە و سنگیان بۆ دروست دەبێت و چەوریی جگەر و چەوریی ناو ورگ كە ئەنسۆلین بەرهەمدەهێنێت و تستۆسیرن كەم دەكاتەوە، كە لە تۆوی پیاودا هەیە، کە ئەوە هۆكارێكە بۆ رەقبوونی چوكی پیاو، لەو حاڵەتەدا پیدەڵێن تیكچوونی هۆرمۆنی پیاوانە.
ئەو پزیشکە پسپۆڕە روونیشیکردەوە کە شێوازی زیادبوونی كێش بەشێوەی (سێو)ی واتا تەنیا ورگیان هەیە، چەوریی جگەریان بۆ دروست دەبێت، بەوەش كاریگەریی ئەنسۆلین زیاتر دەبێت کە هۆكارێکی نەزۆكییە لە هەردوو رەگەزەکەدا، بۆیە گرنگە لەو حاڵەتەدا (كیتۆ) بكرێت، چونكە چەوریی ورگ دەسووتێنێت و تستۆسیرن زیاد دەكات.
روونیشیكردەوە سەوزە و میوەكان بخورێت و دانەوێڵە و ئەو خۆراکانەی کە چەورییان کەمە بخۆن وەک ماسی و گۆشتی سوور و مریشك و هێلكە و تۆویی كەتان و گەنمەشامی، هاوکات خواردنی شەكر سنووردار بكرێت و خۆراكە خێراكان و وزە بەخشەكان و خواردنەوە گازییەكان كەم بكرێتەوە، ئەوەش باشترین هۆكارە بۆ دووركەوتنەوە لە زیادبوونی كێش.
جەختیشیكردەوە، تەنیا وەرزش بەس نییە بۆ دابەزاندنی كێش، بەڵكو خۆراك و شێوازی خواردنەکانیش كاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر دابەزاندنی كێش، چونکە ئەگەر هۆرمۆنی ئەنسۆلین لە خوێندا هەبێت، بە هیچ شێوەیەك چەوری ناسووتێت، كە بەهۆی جۆرەكانی خواردنەوە ئەو ئەنسۆلینە دروست دەبێت.