سەرۆكی یانەی گازی باكوور

كۆمپانای گازی باكوور پاڵپشتی سەرەكی یانەكەمانە

02:38 - 2025-04-08
وەرزش
64 جار خوێندراوەتەوە
ئەندامانی یانەی گازی باكوور

رزگار شوانی

یانەی گازی باكوور، یەكێكە لە یانە چالاك و پڕ ئەنجامە باشەكانی شاری كەركوك، چەندین تیپی باشی لەسەر ئاستی عیراق و كوردستان هەیە، لە ساڵی 2004 – ەوە دامەزراوە.
وریا جەلال، سەرۆکی یانەكەیە، لە وەڵامی چەند پرسیارێكی ستادیۆم-دا وتی: ئێمە ئێستا وەك یانەی گازی باكوور لە 17 جۆر وەرزشدا تیپ و یاریزانمان هەیە و بەشداریی خولەكانی كوردستان و عیراق دەكەین، ئەوەتا لە یاریی باسكەدا ئەنجامەكانمان زۆر باشن، باسكەی كچانیشمان دوو وەرزی رابردوو پاڵەوانی خولی نایابی یانەكانی عیراق بوو.
تیپی گۆڕەپان مەیدانیشمان (كوڕان و كچان)، خاوەنی چەندین میدالی زێڕ و زیو و برۆنزن لەسەر ئاستی عیراق و كوردستان، چەندین پاڵەوانی كوردستان و عیراقمان هەیە، هەر ئەو تیپانەمان بەشداریی چەندین پاڵەوانێتی نێو دەوڵەتیی و دەرەوەی عیراقیان كردووە و ئەنجامی باشیشیان هەبووە.
ئێستا تیپی تۆپی پێی كوڕانمان لە خولی نایابی یانەكانی عیراقدا بەشداریی دەكەن، سێ تیپی تری تەمەنە جیاجیاكانی ئەم یارییەشمان هەیە و بەشداریی خولەكانی عیراق دەكەن.
سەبارەت بەتیپەكانی تریشیان، سەرۆكی یانەی گازی باكوور باسی تیپی فوتسالی كوڕان و كچانی یانەكەیانی كرد كە لە خولی عیراقدا بەشدارن، ئەمە سەرەڕای تیپەكانی تایكواندۆ و زۆرانبازی و بادمنتۆن كە لە خولە جۆرا و جۆرەكانی عیراقدا بەشدارییەكی باش و بەرچاویان هەیە.
لە كۆتاییدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە یانەكەیان لە لایەن كۆمپانیای گازی باكوورەوە پاڵپشتی دەكرێت و ئەوان هاوكار و خەمخۆری یانەكەن و نەیانهێشتووە هیچ كەم و كوڕییەك بە تیپەكانمانەوە دیار بێت. 

وریا جەلال

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان