سەرۆك كۆمار: وەستاندنی دەستدرێژییەكان و پاراستنی خەڵكی مەدەنی

11:07 - 2025-04-14
عیراق
81 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا، پێشوازیكرد لە نزار محەمەد سەعید بەرپرسی مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك لە بەغدا و لە كۆبوونەوەیەكدا رەوشی سیاسی و ئەمنیی عیراق و هەرێمی كوردستان و پێشكەوتنەكانی ناوچەكەیان تاوتوێكرد.
سەرۆك كۆمار، تەئكیدی لەسەر گرنگی یەكڕیزیی سەرجەم هێزە سیاسییەكان كردەوە لەپێناوی بەدیهێنانی هیوا و ئاواتەكانی گەلەكەمان و ئاماژەی بەپێویستیی هەماهەنگی و هاریكاری كرد بەشێوەیەك كە تەبایی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان پێكهاتەكاندا بەهێز بكات، جەختیشی لەسەر گرنگی خێراكردنی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی ببینێت لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و روبەڕوبوونەوەی ئاستەنگ و پێشكەوتنە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان. هەروەك پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەر كرا و جەختكرایەوە لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی راوێژ و كۆبوونەوە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەپێی یاسا و دەستوور و لێكتێگەیشتنی سیاسی.
لەلایەكی دیكەوە، هەر دوێنێ سەرۆك كۆمار، پێشوازی لە محەمەد حەسان نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق و سەرۆكی نێردەی یونامی، كرد و گفتوگۆیان كرد لەبارەی هەوڵەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پاڵپشتیكردنی عیراق.
سەرۆك كۆمار جەختی لە گرنگی پاڵپشتییەكان و رۆڵی نێردە نێودەوڵەتییەكان كردەوە لە پاڵپشتیكردنی گەشەپێدان لە عیراق و روبەڕوبوونەوەی ئاستەنگەكاندا و ئاماژەشی بە پەرۆشیی عیراق كرد بۆ فراوانكردنی ئاسۆی هاوكاری لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوەكاندا.
لای خۆیەوە، محەمەد حەسان، هەوڵەكانی یۆنامی خستەڕوو لە پێشكەشكردنی هاوكارییەكان بۆ عیراق بەتایبەتی لەبوارەكانی گەشەپێدان، پەروەردە و مرۆییدا.
لەمیانەی پێشوازیشی لە عەبدولعەزیز شەمەری باڵیۆزی شانشینی عەرەبستانی سعودیە لە عیراق، سەرۆك كۆمار ئاماژەیكرد بە گرنگی فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە پێویستیی كاركردن بۆ وەستاندنی دەستدرێژییەكان دژی گەلی فەلەستین و پشتیوانیكرد لە دۆزی رەوایان و زامنكردنی پاراستنی خەڵكی مەدەنی.
باڵیۆزی سعودیەش ستایشی هەوڵەكانی عیراقی كرد بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكەدا، پابەندبوونی وڵاتەكەشی بۆ پاراستنی هاریكاریی دووقۆڵی بۆ خزمەتكردنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەران، دووپاتكردەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان