محەمەد عەبدولرەحمان
باوان شێخ محەمەدو تەمەنی 21 ساڵە، خوێندكاری پەیمانگای كۆمپیوتەری سلێمانییە، لە هەمان كاتیشدا یاریزانێكی دیار و بەرچاوی یاریی كیك بۆكسینگە و ئێستا خۆی بۆ دوو پاڵەوانێتیی گرنگ ئامادە دەكات.
ئەم پاڵەوانەی یاریی كیك بۆكسینگ، بە ستایدۆمی راگەیاند، من هەر لەمنداڵیمەوە حەزم بە یارییە جەنگییەكان كردووە، سەرەتا لەیانەی پێشمەرگەی سلێمانی یاریی كاراتێم كردووە، ماوەی 7 ساڵ بەردەوام بووم، دواتر یاریی كیك بۆكسینگم هەڵبژاردووە، ئێستاش ماوەی دوو ساڵ و نیوە ئەم وەرزشە لەسەر دەستی راهێنەر سامان كەریم دەکەم.
بۆ ئەو ئەنجامانەشی كەبە دەستیهێناون، بە ستادیۆمی راگەیاند: ئێستا خۆم بۆ پاڵەوانێتیی (بهایۆس) ئامادە دەكەم كە ستایلێكی نوێیە و تێكەڵەیەكە لە كیك بۆكسینگ و موای تای، یاریی بۆ هەڵبژاردەی سلێمانی دەكەم و پاڵەوانێتییەكەش ئەم مانگە لە سلێمانی دەبێت، دواتر مانگەكانی ئایار یان حوزەیرانی ئایندە، بەشداریی پاڵەوانێتییەكی تر دەكەم و دواتر هەڵسەنگاندن بۆ یاریزانانی بەشدار دەكرێت تا بزانن بۆ پاڵەوانێتیی جیهانیی سەردەكەون یان نا كە لە ئەڵمانیا دەبێت.
لەكۆتاییدا وتی: من سەرەتا سوپاسی خێزانەكەم دەكەم كە هەمیشە هاندەر و پاڵپشتم بوون، دواتر راهێنەرەكەم و پاشانیش كاك قوباد تاڵەبانی كە هەمیشە پاڵپشتی وەرزشكاران بووە، دەمەوێت سوپاسی ستادیۆمی كوردستانی نوێش بكەم بۆ ئەم بەسەر كردنەوەیە.