غەریب عەلی سەلیم*
پیسبوونی ژینگه بابهتێكی زۆر گرنگ و ههستیاره و كاریگهریی گهوره لهسهر مرۆڤ و زیندهوهران بەجێدههێڵێت، ههرجۆره پیسبوونێك بێت و ههر پێكهێنهرێكی ژینگه بگرێتهوه. هەرێمی کوردستان بەهۆی شوێنی جوگرافی و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و زۆربوونی هۆیەکانی گواستنەوەو بوونی ژمارەیەکی زۆر هۆتێل و مۆتێل و کەپر و کابینەی گەشتیاری، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە وەرزی بەهار و گەشت و سەیراندا، روو لە ناوچە گەشتوگوزارییەکان دەکەن، کاریگەریی نەرێنی دەبێت لە پیسکردنی ژینگە، بەهۆی سوتانی مادەی گازیی و فڕێدان و بەجێهێشتنی پاشماوەی خۆراک و مادە رەقەکان کەلەلایەن گەشتیارانەوە، بەتایبەتی گەشتیارانی دەرەوەی شارەکانی هەرێم و ناوەڕاست و باشووری عیراق، کە رۆشنبیری گەشتیارییان لە ئاستی پێویستدا نییە، دوای تەواوبوونی گەشتەکەیان شوێنەکەیان پاکناکەنەوە و پاشماوەی زۆر دوای خۆیان بەجێدەهێڵن. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی سیمایەکی ناشرین تێکدانی ژینگەی گەشتیاریی.
ئەمە ئەوە ناگەیەنێت پیسبوونی شارەکان و تێکدانی ژینگە، چالاکی گەشتوگوزار لێی بەرپرسیار بێت، بەڵکو مرۆڤ و چالاکییەکانی و پێشکەوتنە تەکنۆلۆجی و گۆڕینی شێوازی ژیانی خەڵک و زۆری بەکارهێنانی هۆیەکانی گواستنەوە و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، سەرچاوەی سەرەکین بۆ کێشە ژینگەییەکان.
هۆکارەکان
بەڵام چالاکی گەشتوگوزاری بە یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە دادەنرێت، گرنگترین ئەمانەن:
1. کێشەی پیسبوون بە مادە رەقەکان: هەموو ئەو مادە رەق و پاشماوانەن کە لە ئەنجامی چالاکی گەشتوگوزاری ناوچە گەشتیارییەکان وەک(سەیرانگا و هەوارگە و کەپر و هاوینەهەوار....هتد) لەلایەن گەشتیارانەوە ئەنجامدەدرێت لەوانە: نایلۆن، شوشەی مادە کحولییەکان، کاغەز و کارتۆن، پاشماوەی خۆراک، شوشە و جۆرەکانی تر.
2. کێشەی پیسبوون بە مادەی خۆراکییەکان: بەگوێرەی داتاکانی خۆراکی هەرێمی کوردستان نزیکەی لە(50 %)ی بەفیڕۆ دەچێت، کە دەکاتە نیوەی خۆراکی بەرهەم هاتوو و ئامادەکراو بۆ خواردن، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە، چونکە ئەم پاشەڕۆییە نەک هەر سەرچاوەکان بەفیڕۆ دەدات، بەڵکو لێکەوتەی ژینگەیی سەختیشی هەیە، کاریگەریی ژینگەیی پاشماوەی خۆراک لە بوارە جیاوازەکاندا دەبینرێت، لەوانە: بەکارهێنانی زەوی، ئاو، دەردانی گازی گەرم خانەیی و بڕینی دارستانەکان و تێکچوونی خاک و لەدەستدانی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئاژەڵ و باڵندەی کێوی. زۆربەی چێشتخانە و خواردنگەکانی هەرێمی کوردستان، بەردەوام مێزی نانخواردنیان پڕە لە پاشماوەی(بەرماوە)ی میوان و گەشتیاران، کە دەبێتەهۆی بەفیڕۆچوونی چەندان تۆن خواردن لەیەک رۆژدا، بەمەش زیانێکی زۆری ئابووری ناوچەکە و گیرفانی هاووڵاتیان و گەشتیار و ژینگەی لێدەکەوێتەوە.
3. کێشەی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو: بریتین لە فڕێدانی پاشماوەی خۆراک و پاشەڕۆی گازەكان، پاشەڕۆی خۆڵ و خاشاک، شۆرینی ئۆتۆمبێل و بەکارهێنانی پاک کەرەوە كیمیاییە ژەهراوییەكان لەلایەن گەشتیارانەوە. بەتایبەت لەوەرزی بەهار و هاویندا، گەشتیاری ناوخۆ و ناوەڕاست و باشووری عیراق، روودەکەنە سەرچاوە ئاوییەکان، بەمەبەستی پشوودان و حەوانەوە، دوای تەواوبوونی گەشتەکەیان شوێنەکە پاک ناکەنەوە یان بەشێکی زۆر لە پاشماوەی خواردن و پیسی خۆیان فڕێدەدەنە ناو چەم و رووبارەکان.
4. کێشەی پیسبوونی بینینی ناوچە گەشتیارییەکان: نەبوونی گەراج بە شێوازێکی ڕێکوپێک و سەردەمیانە بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێل بەگشتی و ئۆتۆمبێلی گەشتیاران بەتایبەتی، بۆیە چەندین ئۆتۆمبێل لە قەراغ شەقامە سەرەکییەکان بە قەبارەی جیاواز راوەستاوە، کە زۆرجار گرفت دروست دەکەن لەسەر شەقامەکان. هەروەها نەبوونی رێکخستنی کەپرەکان بە شێوەی مۆدێرن بەتایبەت لە سەیرانگاکان، بوونی تابلۆی شوێنە گەشتیارییەکان بە رەنگ و قەبارەی جیاواز و کۆنی و شکاوی بە رێژەیەکی زۆر بەبێ بوونی هیچ دیزاینێکی مۆدێرن گونجاو بۆ تابلۆکان، بەشێکی زۆر لەمانە رێگری دەکەن لە بینینی ناوچە گەشتیارییەکان.
5. کێشەی سوتان و ئاگرکەوتنەوە: بەهۆی کەمی ئاستی هۆشیاریی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتوگوزارییەکان زۆرجار دەبێتە هۆی روودانی ئاگرکەوتنەوە و سوتانی پوش و پاوەن و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی. هەروەها کەمتەرخەمی گەشتیاران، بەهۆی بەجێهێشتنی پاشماوی ئاگر و فڕێدانی سوتی جگەرە و نێرگەلە و جێهێشتنی جەرخی غازی لەناو پوش و پەلاشی دارستانەکان بەجێهێشتنی پاشماوەکانی وەك قاپ و كەوچك و سفرەی سەفەری مادە پلاستیكییەكان، شووشەی مادە کحولییەکان، چونکە ئەوانە لە وەرزی گەرمادا دەبنە هۆی ئاگركەوتنەوە.
6. کێشەی پیسبوونی ژاوەژاو: ئەو دەنگە بەرز و نەخوازراوەیە کە لە ئەنجامی گواستنەوەی گەشتیاران دروست دەبێت و كاریگەریی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، لە هەرێمی کوردستان سەرچاوەکانی ژاوەژاو جۆراوجۆرن، خشتەی(1)، لەوانە: بوونی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل(تایبەت، گشتی، ماتۆرسکیل)، بەکارهێنانی ئامێرەکانی مۆسیقا و دیجەی لەلایەن گەشتیاران هەست بە ژاوەژاو دەکرێت، زۆری کۆمپانیا گەشتوگوزارییەکان بە ئۆتۆمبێلی گەورە لەوانە(پاس) گەشتیاران لە ناوەڕاست و باشووری عیراق دەگوازنەوە بۆ ناوچە گەشتوگوزارییەکان، هەموو ئەمانەی باسمانكرد، ژاوەژاوێكی زۆر دروست دەكەن و دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە بە ژاوەژاو.
لەكاتێكدا ژاوەژاو کە دەگاتە سەرووی(80) دیسەبڵ بۆ تەندروستی مرڤ باش نییە و زیان بە کۆئەندامی بیستن دەگەیەنێت و ژینگەی گەشتیاریی لێ تێكدەدات.
پێشنیاز
ئەم پێشنیازانەی خوارەوە دەتوانن یارمەتیدەربن بۆ کەمکردنەوەی کێشەکە:
1. پەروەردەی ژینگەی گەشتیاری وانەیەکی گرنگی خوێندن بێت و قۆناغ بە قۆناغ وەک هەر وانەیەکی دیکە بە پێی تەمەن و ئاستی تێگەیشتنی خوێندکار، پەرەی پێبدرێت و حیسابی بۆ بکرێت، پێویستە هۆشیاری ژینگەیی گەشتیاریی، بکرێتە کەلتوری پرۆگرامەکانی خوێندن.
2.فڕێنەدانی پاشماوەی خۆراک و مادە رەقەکان لە سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەكان، كۆكردنەوە و هێنانەوەی پاشماوەكان بۆ ئەو شوێنانەی تەرخانكراون بۆ فڕێدانی پاشماوەكان.
3.دوورکەوتنەوە لە چاولێکەری هێنانی خواردنی زۆر و جۆراوجۆر، دروستكردن و ئامادەكردنی خواردن بەو بڕەی كە دەخورێت و بەكاردەهێنرێت بۆئەوەی نەبێتە پاشماوە و سەیرانگاكان پیس نەكات، لە كاتی بوونی خواردنی زیادە لە شوێنێك دابنرێت بۆئەوەی باڵندە و ئاژەڵەكان بیخۆن .
4. دامەزراندنی میدیای ژینگەی گەشتیاری، لەڕێگەی میدیای نوێ، بابهته گهرمهكانی سهر پهڕهی رۆژنامه و گۆڤارەکان ههواڵه به پهلهكانی تەلەفیزۆن و بهرنامهی رادیۆ و تۆڕه كۆمهڵایهتی و ئهلیكترۆنییهكان.
5. پێویستە رێنمایی گەشتیاران بکرێت بەوەی کەمترین کەرەستەی پلاستیک بەکاربهێنن، ئەو مادە و کەرەستانە بەکاربهێنن کە دۆستی ژینگە و تەندروستی خۆیانن، بەتایبەت لە گەشتەکانیاندا سفرە و قاپ و پەرداخی سەفەری بەکارنەهێنن. هەوڵ بدەن لە نانەواخانە و سەمونخانەکان، کیسی کاغەز یان کیسی قوماش خۆیان وەربگرن، بەکاریبهێنن و کەمترین ئاوی بوتڵی پلاستیک بۆ خواردنەوە بەکاربهێنن، تا دەتوانن بوتڵی شوشە بۆ ئاو خواردنەوە بەکاربهێنن.
6. كۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەكان راسپێردرێن بەوەی كە ژینگەی سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەكان بە پاكوخاوێنی بپارێزن لەلایەن گەشتیارانەوە. خۆبەدوورگرتن لە دروستكردنی قەرەباڵغی ئۆتۆمبێل لە رێگاكان و پەكخستنی رێڕەوی رۆیشتن و بەكارنەهێنانی ئامێری ئاگاداركردنەوە(هۆڕن لێدان) بۆ ئەوەی ژاوەژاو دروست نەبێت.
7. چالاککردنی رۆڵی رێكخراو و دامەزراوەکان وەک رێکخراوەکانی ژینگە و ژنان و منداڵپارێزی، بۆ گەیاندنی پەیامی ژینگەیی و ئاشناكردنی بە گەشتیار و سەیرانكەر و بە بنەما ژینگەییەكان و بابەتە هۆشیارییەكان.
8. راگەیاندنی بەرفراوانى هۆشیارى ژینگەى گەشتیاریی، بەپێدانی بروشە و نامیلکە و کیسى زبڵ و لەلایەن کۆمپانیاى پاکەرەوەی ژینگەیی، بەسەرپەرشتى وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، هاوکاری بەڕێوبەرایەتی شارەوانییەکانی شار و قەزا و ناحیەکان، بەتایبەت لە رۆژانی گەشت و سەیراندا، گەشتیارێکى زۆر روودەکەنە ناوچە گەشتیارییەکانى هەرێمی کوردستان.
* م.ی. لەزانکۆی گۆیژە/ بەشی گەشتوگوزار، خوێندکاری دکتۆرا لە بواری بەبازاڕکردنی گەشتوگوزار/ زانکۆی سلێمانی