چارلی چاپلین، ئەفسانەی فیلمی كۆمیدیی بێدەنگ!

12:33 - 2025-04-18
کەلتور
99 جار خوێندراوەتەوە

خەلیل عەبدوڵڵا


چارلی چاپلین، هونەرمەندێكی كۆمیدیی جیهانییە، لەڕێی فیلمە كۆمیدییە بێدەنگەكانییەوە خزمەتێكی گەورەی بە بواری سینەما كردووە‌و خەندەی خستۆتە سەر لێوی بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی سەر گۆی زەمین. 
چارلی چاپلین، تەنها ئەكتەر نەبوو، بەڵكو وەك دەرهێنەر‌و ئاوازدانەریش خزمەتی كردووە‌و شوێن پەنجەی ڕەنگینی هونەری لەو دوو بوارەشدا دیار‌و درەوشاوەیە.
ڕۆژی 16ی نیسانی 1889 لە كەناری شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لەدایك بووە، لە ئامێزی خێزانێكی جوولەكەی هونەرمەند‌و هونەرپەروەردا پەروەردە بوو.
دایك‌و باوكی هەردووكیان هونەرمەندی گۆرانبێژ‌و ئەكتەری میللی بوون.
هەر بۆیەش چارلی ک لە منداڵییەوە خولیای هونەر بوو.
بەڵام لە سەرەتای ژیانییەوە،  هەژاری‌و چەرمەسەریی ژیان یەخەی گرت، هێشتا تەمەنی یەك ساڵ بوو، دایكی‌و باوكی لە یەكتری جیابوونەوە.
دایكی ئەركی بەخێوكردنی چارلی‌و سیدنیی برا گەورەی گرتە ئەستۆ.
لە تەمەنی 12 ساڵیدا باوكی كۆچی دوایی كرد، دایكیشی تووشی نەخۆشییەكی درێژخایەن بو‌و، بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە ساڵی 1928 كۆچی دوایی كرد.
چارلی لە تەمەنی شەش ساڵیدا بەناچاری بۆ یەكەمجار چووە سەر تەختەی شانۆ، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دایكی نەخۆش كەوت‌و نەیتوانی ڕۆڵەكەی ببینێ‌، چارلی منداڵێكی وریا‌و زیتەڵە بوو، داوای لێكرا ڕۆڵەكەی دایكی لە شانۆگەرییەكی موزیكیدا ببینێ‌، چارلی دەورەكەی زۆر بەجوانی بینی‌و بووە جێی سەرنجی بینەران، چارلی لەو بارەیەوە دەڵێ‌: ئەوە یەكەم دەركەوتنی من‌و  لەبەرچاو ونبوونی دایكم بوو لەسەر تەختەی شانۆ.
چارلی لە تەمەنی 17 ساڵیدا، جارێكی دی بە گوڕ‌و تینێكی گەنجانەوە چووە سەر تەختەی شانۆ‌و بەشداری شانۆگەری ( شارلۆك‌و هۆلمز)ی كرد‌و لە شانۆگەرییەكەدا رۆڵی كوڕی ڕۆژنامەنووسێكی بە جوانی گێڕا‌و بووە جێی سەرنج‌و ڕەزامەندیی بینەرانی شانۆگەرییەكە. ئەوەش هانی چارلی دا بەردەوام بێت لە كاری هونەری.
چارلی چاپلین، لەكۆتایی ساڵانی بیستەكانی سەدەی ڕابردوودا، دەستی بە بەرهەمهێنانی فیلمی كۆمیدیی بێدەنگ كرد، هەرچەند فیلمەكانی بێدەنگ بوون، بەڵام بێدەنگییەكەی دەنگ‌ومانای هەبوو، هەموو بینەرێك لە مانا‌و مەغزای فیلمەكانی دەگەیشت‌و بە ڕۆڵە كۆمیدییەكانی سەرسام‌و دڵخۆش دەبوو.
چارلی چەند جارێك هاوسەرگیری كردووە، جاری یەكەمیان لە گەڵ خاتوو لیتای ئەكتەری بەناوبانگی هۆلیوود، دوو منداڵیان بووە‌و دواتر لە یەكتری جیابوونەتەوە.
دواجار لەگەڵ خاتوو ئۆنا ئۆنیك ئەكتەر‌و گۆرانیبێژی ناوداری هۆلیوود هاوسەرگیری كرد‌و تا كۆتایی ژیانی لەگەڵ ئەو ژنەدا مایەوە‌و 8 منداڵییان بووە.
چارلی ساڵی 1910 لەگەڵ فرێد كارنۆی هاوڕێی سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای كرد‌و لەوێ‌ دەستی بەكاری هونەری كرد، سەرەتا بەكاری هونەریی سادە‌و ساكار دەستی پێكرد، دواتر دەستی بە بەرهەمهێنانی فیلمە كۆمیدییە بێدەنگەكان كرد، 12 فیلمی كۆمیدی بێدەنگی بەرهەم هێنا، فیلمەكانی هێندە سەرنجڕاكێش‌و بزەبەخش بوون، لەسەرانسەری جیهاندا دەنگیان دایەوە‌و بینەرێكی زۆریان بۆ پەیدا بوو.
لە كۆتایی ساڵانی چلەكانی سەدەی رابردوودا، دەزگای هەواڵگری ئەمریكا، چارلی چاپلینی بە لایەنگری یەكێتیی سۆڤیەت‌و بیروباوەڕی كۆمۆنیستی تۆمەتبار كرد، لە بەڵگەنامەیەكی دەزگای هەواڵگری ئەمریكاد، چارلی بە لایەنگری كۆمۆنیستەكان تۆمەتبار كراوە، ئەوەش لەو دەربڕینەی چالییەوە سەرچاوەی گرتبوو كە گوتبووی سەركەوتن لە جەنگی دووەمی جیهاندا، پەیوەستە بە هاوكاری یەكێتیی سۆڤیەت وەستاندنی جەنگ لە دژی كۆمۆنیستەكان. بەرهەمهێنانی فیلمی (مسیۆ فیردۆ) لەساڵی 1947 لە لایەن چارلییەوە، كە ناوەرۆكەكەی تەعبیری لە پشتیوانی  لە هەژاران‌و بیر‌و باوەڕی كۆمۆنیستی دەكرد، تۆمەتی پشتیوانی بیری كۆمۆنیستی زیاتر لە سەر چارلی چاپلین تۆخ كردەوە، ساڵی 1948 نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدرالی ئەمریكا ، لێكۆڵینەوەی لەگەڵ چارلی كرد. ئیدی چارلی ناچار بوو ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێ‌‌و ڕووی كردە ئەوروپا‌و لە سویسرا گیرسایەوە‌و تا كۆچی دوایی لەو وڵاتە مایەوە.
بەهۆی بەرهەمە ناوازەكانییەوە لە بواری سینەما‌و موزیك چەندین جار خەڵاتی جیهانی وەرگرتووە‌و ڕێزی لێنراوە، لەوانە:
ساڵی 1953 خەڵاتی شریتی شین، ساڵی 1972 لە پای دانانی میوزیكی فیلمی (ڕۆشنایی شانۆ) خەڵاتی ئۆسكاری وەرگرتووە.
ساڵی 1975 شاژنی بەریتانیا  ناسناوی (سێر)ی پێبەخشی، كە ئەوە رێزلێنانێكی مەزنە‌و تایبەتە بە ناوداران‌و گەورە داهێنەران).
پاش خزمەتێكی زۆر بە بوارەكانی سینەما‌و موزیك، كە زیاتر لە 80 فیلم‌و دەیان پارچە موزیكی بەرهەمهێناوە، ڕۆژی 25ی كانوونی یەكەمی 1977، چارلی چاپلینی هونەرمەندی مەزنی جیهانی، لە تەمەنی 88 ساڵیدا لە شاری فیفی وڵاتی سویسرا كۆچی دوایی كرد‌و  لەڕێوڕەسمێكی گەورەی میللی‌و فەرمیدا كە هەزاران كەس‌و سەرۆكی زیاتر لە 20 وڵاتی جیهان ئامادەی بوون، لە گۆڕستانی (كرۆسیر سور)ی ئەو شارە بەخاك سپێردرا، دوای دوو مانگ لە ناشتنی، تەرمەكەی لەگۆڕەكەی دەرهێنرا‌و دزرا، دزەكان داوای 400 ملیۆن دۆلارییان دەكرد بۆ دانەوەی تەرمەكە، بەڵام پۆلیسی سویسرا توانیان دزەكان بگرن‌و جارێكی دی تەرمەكە بەخاك سپێردرایەوە. ئیستا مەزارەكەی  چارلی بۆتە ڕوخسارێكی كولتووری‌و گەشتیاریی ئەو وڵاتە‌و ساڵانە بە هەزاران كەس لە هەموو گۆشەیەكی جیهانەوە سەردانی دەكەن‌و داهاتێكی باش بۆ خەزێنەی سویسرا پەیدا دەكات.
هەروەها لەماڵەكەشی لە شاری فیفی سویسرا كراوە بە مۆزەخانە‌و  ساڵانە بە هەزاران گەشتیار سەردانی دەكەن‌و سەیری یادگارییە بەجێماوەكانی چارلی دەكەن‌و وێنەی یادگاری لێدەگرن.
وەك رێزلێنانێك لەم هونەرمەندە جیهانییە، لە لایەن چەند زانكۆیەكەوە بڕوانامەی دكتۆرای شانازی پێبەخشراوە‌و چەندین نامەی ماستەر‌و دكتۆرای لەسەر هاتووە، دەیان كتێب‌و لێكۆڵینەوەی زانستی بەزمانە جیا جیاكان  لەسەر نووسراوە، چەندین فیلمی ئاسایی‌و دیكۆمێنتاری لە سەر بەرهەمهاتووە، هەروەها لە چەند وڵاتێك پەیكەری بۆ دروستكراوە‌و باخچە‌و شەقام‌و قوتابخانە‌و سەنتەری هونەری‌و شوێنی گشتی بە ناوی ئەوەوە نراوە.
دوای 15 ساڵ لەكۆچی دوایی چارلی چاپلین، فیلمێك لەسەر ژیان‌و بەرهەمەكانی بەرهەم هات،( ژۆرالدین)ی كچی، ڕۆڵی دایكی چارلی واتە نەنكی بینی، فیلمە هێندە جوان‌و سەرنجڕاكێش بوو، خەڵاتی ئۆسكاری پێبەخشرا.
ئەگەرچی 46 ساڵە ئەو هونەرمەندە مەزنە جیهانییە كۆچی دوایی كردووە‌و لە چاوان ون بووە، بەڵام بەهۆی بەرهەمی موزیكی‌و فیلمەكانییەوە بەنەمری ماوەتەوە، ئێستاش فیلمە كۆمیدییە بێدەنگ‌و ڕەش‌و سپییەكانی، لەسەرانسەری گۆی زەویدا بینەری تایبەتی خۆیان هەیە‌و ئەو فیلمانە بزە دەخەنە سەر لێوان‌و ئارامی بە دڵ‌و دەروونی بینەران دەبەخشن.
تا ئێستا چارلی چاپلین، وەك ئەستێرەیەكی درەوشاوەی سینەمای كۆمیدی بێدەنگ بە بێ‌ ڕكابەر ماوەتەوە.
سەرچاوە:
-ماڵپەڕەكانی (ویكیپیدیا، جزیرە –نت).

بابەتە پەیوەندیدارەکان