شەهید عەلی عومەر ئەحمەد شاسوار ناسراو بە عەلی كانیمیلی، لەدایكبووی ساڵی 1955ی خێزانێكی كوردپەوەری گوندی (كانیمیل)ی ناحیەی زەڕایەنی قەزای شارەزوورە، خوێندنی سەرەتایی لە زەڕایەن تەواو كردووە و دواتر بەهۆی بارودۆخی ئەوكاتەوە نەیتوانیوە درێژە بەخوێندن بدات.
ساڵی 1974 بووە بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول تا نسكۆی 1975، بەشداریی كارای هەبووە لە شەڕەكانی (گەرووی پێشەدا).
ساڵی 1975 دوای نسكۆ، لە رێگەی شەهید مامۆستا جەمال تاهیرەوە پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، بە ژیرانە و بوێرانە ئەركەكانی رێكخستنی راپەڕاندووە.
دوای ئاشكرابوونی، رۆژی 18/11/1979 پەیوەندیی كردووە بە هێزی پێشمەرگەوە و لە هەرێمی پێنجی قەرەداغ بووە بە پێشمەرگە.
لەبەر وردی و دەستپاكی لە كارەكانیدا، كراوە بە لێپرسراوی دارایی هەرێمەكە، لەچەند چالاكییەكیشیدا بەشداریی كردووە وهاوڕێی خۆشەویستی ناو هەڤاڵەكانی بووە.
بەداخەوە، رۆژی 24/6/1982، لە نەبەردییەكدا لەسنووری زەڕایەن، شەهیدكرا.
شەهید عەلی، دووەمین شەهیدی خێزانەكەی و 29یەمین شەهیدی بنەماڵەكەیەتی.
محەمەد عەبدولڕەحمان