سۆران داودی
كاتێك رووی تۆم بە بیردێتەوە موكەڕەم، شریتی یادەوەرییەكان وەك باران بەسەرمدا دەبارێن و وەك خۆت دەتبینمەوە: كتێبەكانت لەژێر باڵت هەڵگرتووە و بزەكەت پێش خۆت دەكەوێت، بانگم دەكەیت بۆ خوێندنەوەی ناونیشانێكی نوێ، بۆتێگەیشتنێكی قووڵتر، بۆ نزیكبوونەوەیەكی زیاتر لەو جیهانە فراوانەی كە واتدەبینی من شایەنی ئەوەم بچمە ژوورە.
تۆ كە تەنها هاوڕێیەك و میمكزایەك نەبوویت، بەڵكو پەنجەرەی یەكەمم بوویت بەرەو رۆشنبیری، بەرەو سیاسەت، بەرەو خەونبینین بە كۆمەڵگەیەكی ئازاد كە مرۆڤ تێیدا بە شكۆوە بژی، لە هیچ بیرۆكەیەك نەترسێت و لەپێناو هیچ بۆچوونێكدا، نەكوژرێت.
ئاخ ئەی موكەڕەم، چەند تاوانبار بوون ئەو دەستانەی كە بۆ تۆ درێژ كران و بەرەو كوورەكانی ئەنفال پاڵیان پێوەنایت، تۆ تەنها ژمارەیەك نەبوویت لە تۆمارێكی درێژی قوربانییەكاندا، تۆ بیرۆكەیەك بوویت، تۆ بڵێسەیەك بوویت، تۆ ویژدانێكی زیندوو بوویت لە سەردەمێكدا كە هەموو چراكان تێیدا كوژانەوە.
دەیانویست تیرۆرت بكەن، نەك تەنها وەك كەسێك، بەڵكو وەك هێمایەك بۆ كەلتور، وەك دەنگێك بۆ ئاشتی، وەك خەونێك بە نیشتمانێك كە مرۆڤ تێیدا دوور ناخرێتەوە لەبەرئەوەی كوردە، یان لەبەرئەوەی رۆشنبیرە، یان لەبەرئەوەی رەتی كردەوە مرۆڤایەتی خۆی لەبیر بكات.
بە دەستبەستراوەیی بەرەو بیابانیان بردیت و فڕێیاندایتە ناو ئەو چاڵانەی كە دەیانویست لەبیر بكرێن، بەڵام لەبیریان كرد كە مرۆڤ ناشاردرێتەوە، بەڵكو نەمر دەبێت ئەگەر كەسێكی هەبێت لەسەری بنووسێت، كەسێك بیری بكەوێتەوە، كەسێك رەتی بكاتەوە لەبیری بكات.
لەبیرت ناكەم موكەڕەم، برینێكی لە دڵدا دەمێنیتەوە و ساڕێژ نابیت، وەك شایەتێكی راستەقینە لەسەر یەكێك لە تاریكترین لاپەڕەكانی مێژوومان دەمێنیتەوە.
ئەنفال تەنها كردەیەكی سەربازی نەبوو، بەڵكو راگەیاندنێكی رەسمی بوو بۆ مردنی ویژدان لەوڵاتێكدا كە هێشتا دادی لەگەڵ رۆڵەكانی نەكردووە، تاكو ئەمڕۆش دانی بە قەبارەی ئەو ستەمەدا نەناوە كە بەرامبەر بەوانە كردی خەونیان بەنیشتمانێكەوە دەبینی تێیدا پێویستیان بە خۆشاردنەوە نەبێت.
گەشتە زۆرەملێیەكەت ئازاربەخش بوو، ئاوێنەی واقیعێك بوو كە بە شێوازی جیاواز دووبارە دەبێتەوە، بەڵام یادەوەرییت نامرێت و لەناوماندا دەمێنیتەوە، لە هەر كتێبێكدا كە هەڵتگرتووە، لەهەر وشەیەكدا كە بۆ منت خوێندۆتەوە، لە هەر بیرۆكەیەكدا كە لە مێشكماندا هەڵتگیرساند، پێش ئەوەی نەزانی و ترس، بیكوژێننەوە.
سڵاوت لێبێت لە گۆڕە ونەكەتدا موكەڕەم، سڵاو لەوانەش كە لەگەڵتدا رۆیشتن بێئەوەی بزانن كە ناوەكانیان دەبنە بەشێك لە ویژدانی بەكۆمەڵمان و لە خەباتمان كە هەتا ئیعتیبار بۆ هەموو ئەوانە دەگەڕێندرێتەوە ناوەستێت، كە زەوی بە ستەم و دوژمنكاری، قووتی دان.