ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی عیراق رایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتیى عیراقى خۆیان لە بیمەى تەندروستى تۆمارکردووە، 450 هەزاریان فەرمانبەران و خێزانەکانیانن، 450 هەزاریان ئەوانەن کە تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى دەیانگرێتەوە و 62 هەزاریان ئەوانەن دەکەونە ژێر چاودێريی دەستەى پاراستنى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانەوە.
وەزیری تەندروستی عیراق راشیگەیاندووە، بەگوێرەى سیستمى نوێى تەندروستى لەکاتى خۆتۆمارکردنى هەر کەسێک لە بیمەى تەندروستی، حکومەت لە 90٪ تێچووى چاودێریی تەندروستى لە ئەستۆدەگرێت، هاووڵاتیش لە %10.
وتیشی، لە تاقیگە و دەرمانخانەکانیش، حکومەت لە %50 تێچووى دەرمان و پشکنینەکان لە ئەستۆ دەگرێت، فەرمانبەرانى دەوڵەت مانگانە لە %1 مووچەکانیان بۆ بیمەى تەندروستى دەبڕدرێت.
ساڵح حەسناوی، ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کاتى مانەوە لە نەخۆشخانەکان، حکومەت بەهەمان شێوە لە سەدا %90 تێچووى مانەوە لە ئەستۆدەگرێت بەڵام لە نەخۆشخانە و شوێنەکانى کەرتى تایبەت، حکومەت لە %75 لە ئەستۆ دەگرێت.
وەزیری تەندروستی دەڵێت، یەکەمجارە لە عیراق حکومەت %75 تاوەکو لە %90 تێچووى چارەسەرى نەخۆش لە کەرتی تایبەت لە ئەستۆ بگرێت.