ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رایدەگەیەنێت: راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی پێشووی كەركوك بەپێی ماددەی 340 دەستگیركراوە، ماددەكەش تایبەتە بە گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و بە هەدەردانی سامانی گشتی و قۆرخكردنی دەسەڵات بۆ مەرامی تایبەت. شارەزایەكی یاساش رایدەگەیەنێت: ئەگەر دادگا دۆسێكەی لەسەر تۆمەتبار سەلماند، سزاكەی بەندكردنە بۆ ماوەی 15 ساڵ.
عەبدوڵڵا میروەیس ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پێشووتر دادگای رەسافەی بەغدا، لەسەر چەند دۆسێیەكی گەندەڵی بانگهێشتی جبوری كردبوو، ناوبراو ئامادەی دادگا نەبوو، بەڵام 21/4/2025، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی بەغداوە دەستگیركرا.
باسی لەوەشكرد، یەكێك لەو دۆسێیانەی لەسەری یەكلایی بۆتەوە، وەرگرتنی هاوكارییە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە كە لە سەردەمی ڤایرۆسی كۆرۆنادا بەبێ ئاگاداری حكومەتی عیراق وەریگرتووە، هەروەها دۆسێیەكی تری خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و چەندین دۆسێی تر.
سەردار حەیدەر راوێژكاری یاسایی، لەبارەی ماددەی 340 لە سزادانی عیراقی، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەو ماددەیەی كە راكان جبوری پێدەستگیركراوە، تایبەتە بە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و بەهەدەردانی سامانی گشتی، سزاكەشی بەندكردنە بۆ ماوەی 15 ساڵ، ماددەكە ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە هاوكاریی تاوانبار بوونە لە كارگێڕی و یاساییدا لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا.
هێمن ئەحمەد