دكتۆر لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ پارێزگای دیالە، بەتایبەتی شاری خانەقیی بەسەركردەوە و لەلایەن شێركۆ میروەیس و كادران و ئەندامانی مەڵبەندی خانەقیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە پێشوازی لێكرا.
سەرۆك كۆماری عیراق لەگەڵ كادرو ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی و كەسایەتی و سەرۆك عەشیرەتەكانی شارەكەدا كۆبووەوە و لەبارەی سەردانەكەیەوە بۆ خانەقی وتی: خانەقی و سنوورەكە پێویستیان بە دەستی ئاوەدانی زیاترە و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەكان كار لەسەر بوژاندنەوەی لایەنی ئابووری و گەشەپێدانی جومگە سەرەكییەكانی ناوچەكە بكەن و ئاوڕێكی جدی لەم شارە بدەنەوە.
ئاماژەشی بەوە دا: خانەقی مێژوویەكی دێرین و دەوڵەمەندی هەیە لەڕووی کەلتوری و پایە گرنگەكانی گەشەپێدانی ژیانی مەدەنی و شاری ئاشتی و پێكەوەژیانی نەتەوە و مەزهەبەكانە و لەو رووەشەوە وێنەیەكی جوانی پێشكەش كردوە لەسەر ئاستی عیراق.
هەروەها لە بەسەرکردنەوەکەدا لەگەڵ حزب و لایەنە كوردستانییەكاندا كۆبووەوە و داوایكرد، یەك دەستانە كاربكەن بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش و خزمەتكردنی هاووڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەكانیان.
لە چوارچێوەی سەردانەکەدا قایمقامیەتی خانەقی بەسەركردەوە و لەگەڵ بەرپرسانی یەكە ئیدارییەكانی شارەکەدا كۆبووەوە و لە نزیکەوە گوێبیستی خواست و گرفتەكانیان بوو.
تایبەت