پریشكی بەگڕی خانەقییەكان، هەر زوو لە سەروبەندی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی كەلەكەماندا، لە ئەڵوەنەوە داگیرساو، لە ساڵی 1978دا ژمارەیەك گەنجی خوێنگەرم و بەجەرگ لەناو جەرگەی بەغدادا رێكخراوی ( هەڵۆی سوور) یان دامەزراند، كە لەلایەن جوامێرەكەی مەندەلی (ملازم جوامێر سایەمیری مەندەلاوی) یەوە سەرپەرشتی دەكرا.
چاونەترسی و بوێری
هەرزوو ئەم رێكخراوە سیفەتی لەمژێنەی كەلتوری چاونەترسی و گیانبەختكردن لەپێناو دۆزی رەوای گەلی كورد، كەوتنە وێزەی باڵاترین ئەفسەرەكانی رژێمی بەعس و توانیان لەناو شاری بەغدادا تاوانبار (عوسمان محەمەد) بەڕێوەبەری گشتی كارگێڕی دەزگای چاپو بڵاوكردنەوەی كوردی كە بەعسییەكی پلەبەرز بوو لە پلانێكی تۆكمە بەسزای گەل بگەیەنن، بەوەش بوونە مایەی ترس بۆ رژێمی بەعس و هەوڵی كوشتنی هەریەك لە (سەدام حسێن، تارق عەزیز و كۆمەڵێك بەرپرسی باڵای دیكەی حزبی بەعسیان) دا كە دەستیان لە شەهیدكردنی چەندین لاوی كورددا هەبوو.
ئەندامانی هەڵۆی سوور، کە پێكهاتبوون لە (ملازم جوامێر مەندەلاوی، جەمال ئیبراهیم سەعید، سەلمان داود حەسەن، سەلام عەبدولڕەزاق، وشیار عەبدولقادر و عادل عەبدولكەریم)، لەلایەن دەزگای ئەمنی حزبی بەعسەوە و لەلایەن کەسێکی چێنراوی سیخوڕەوە لەناو گروپەکە لەسەروبەندی ئامادەکاری بۆ چالاكییەكدا ئاشكرابوون و دەستگیركران.
هەڵاتن لە زیندان
قارەمانەکانی هەڵۆی سوور لەناو زیندانیشدا بێوچان کەوتنە هەوڵی خۆڕزگارکردن و بەزاندنی زیندانی بەعس. شەهید سەلمان و شەهید ملازم جوامێر و هاورێیەكی دیكەیان، هەوڵی دەربازبوونیان دا لە گرتووخانەی ئەمنی عامەی بەغدا ، بەڵام بەداخەوە شەهید سەلمان بە برینێكی سەختەوە و ملازم جوامێریش لە یەكێك لە كۆڵانەكانی نزیك گرتووخانەكەدا دەستگیركرانەوە، هاورێی سێهەمیشیان لە دوا ساتەکانی هەوڵی دەربازبوندا پەشیمان دەبێتەوە و دواتر بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەركرا و ئەویش شەهیدبوو.
بەڵێنەكەی ملازم جوامێر بە مامۆستا وەسفیە
مانگی شوباتی ساڵی 1977 لەكاتێكدا شەهید ملازم جوامێر سەركردەی رێكخراوی هەڵۆی سوور لە زیندانی فاشیەكاندا دەبێ و چاوەڕوانی پەتی سێدارە دەبێت، مامۆستا وەسفیە بەنی وەیس لە گرتووخانەی ئەمنی عامە لە بەغدا سەردانی دەكات و دەبینێت جەلادەكانی بەعس زۆر ئەشكەنجەیان داوە و هەموو نینۆكەكانی دەست و قاچیان دەرهێناوە. مامۆستا وەسفیە لە ملازم جوامێر دەپرسێت «جوامێر بۆ وایان لێكردوویت؟» شەهید ملازم جوامێر دەڵێت « دەیانەوێت لەژێر ئەشكەنجەدا ناوی تۆ بدركێنین، دەڵێن ژنێكتان لەگەڵدا بووە كێیە و منیش نكۆڵیم كردووە».
مامۆستا وەسفیە بەچاوی پڕلە فرمێسکەوە بە شەهید ملازم جوامێر دەڵێت: «جوامێر، مادام هێندە قارەمانی، بەڵێن بێت هەتا مردن لەسەر رێبازەكەت بەردەوام بم».
لەسێدارەدانی گروپی هەڵۆی سوور
تێکۆشەرانی رێکخراوی هەڵۆی سوور لە دوو كاتی جیاوازدا لەسێدارەدران، كە قۆناغی یەكەم هەریەك لە (جەمال ئیبراهیم سەعید و عادل عەبدولكەریم) لە سەربازگەی رەشید لەسێدارەدران، قۆناغی دووەمیش هەریەك لە (ملازم جوامێر مەندەلاوی، سەلمان داود حەسەن، سەلام عەبدولڕەزاق و وشیار عەبدولقادر) لەڕۆژی (10/4/1978) لە ئەبوغرێب لەسێدارەدران.
سامان یاروەیس