81 %ی پردی حەمرین تەواوبووە

11:53 - 2025-04-27
دووتوێ
18 جار خوێندراوەتەوە

خانەقی - تایبەت 


وەزارەتی  شارەوانی و نیشتەجێكردنی عیراق جەختدەكاتەوە، پردی حەمرین بەشی زۆری تەواوبووە و بە ئەگەری زۆرەوە ئەمساڵ تەواودەبێت و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە.
 بەوتەی ئەو وەزارەتە پردەکە بە یەكێك لە گرنگترین و گەورەترین پردەكانی عێراق دادەنرێت و درێژییەکەی (7750) مەترە.
شێخ ئەحمەد زەرگۆشی بەڕێوبەری ناحیەی سەعدیە بە دووتوێی كوردستانی نوێی خانەقی وت:  پڕۆژەكە بە سەرپەرشتی بەشی ڕێگاوبان و پردەكانی وەزارەت جێبەجێ دەكرێت و بە پڕۆژەیەكی بەرچاو دادەنرێت بەوپێیەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور بە پارێزگاكانی باكوورەوە دەبەستێتەوە و بە پارێزگای دیالەدا تێدەپەڕێت.
 هەروەها پردی سەرەكیی بازرگانی و هاتوچۆی سەرنشینانە لە نێوان عێراق و  ئێراندا، لە رێگەی دەروازەی سنووریی مونزیرییەوە.
ئاماژەشی بەوەدا کە پردەكە  لەسەر (376) پایە وەستاوە و كاریگەریی باشی دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی كاتی هاتوچۆی هاووڵاتیان و سەلامەتییان دەپارێزرێت بە بەراورد بە رێگە كۆنەكە.
نووسینگەی ئەو وەزارەتە ئەوەشی ئاشكراكردوە، کە كۆمپانیای ستراكۆی لوبنانی پڕۆژەکە بە بڕی 62 ملیار و 600 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکات.

# خانەقین

بابەتە پەیوەندیدارەکان