راپۆرتی: دووتوێی
گوندی مەحمود قەجەر، لە دوا سەرژمێریی پێش رووخانیدا كە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1970، ژمارەی دانیشتوانەكەی 500 خێزان بووە، بەڵام بەهۆی ململانێ سیاسییەكانەوە، ئێستا خاپوورە و بووەتە گەورەترین كێڵگەی مین لە سنووری گەرمەسێردا.
دوو جار رووخێنراوە
حەمید عەبدوڵڵا ئەنجومەنی گوندی مەحمود قەجەر بۆ دوو توێی كوردستانی نوێ-ی خانەقی راگەیاند: ساڵی 1975 بەشێك لە گوندەكەیان رووخێنراوە، دواتر لە ساڵی 1980 - 1988دا بووە گەورەترین ناوەندی سەربازی و شەڕو شۆڕ، كە بە دەیان هەزار سەرباز و هەزاران كەرەستەی جەنگی لە تانك و كۆپتەر و تۆپهاوێژ لە سنووری ئەو گوندە و گوندی عەلی میردا جێگركران، وتیشی: بە تەواوی گوندی مەحمود قەجەر رووخێنراو تەنها چەند كەلاوەیەكی مایەوە.
زیاتر لە 50 كەس شەهیدبوون
وتیشی: بەپێی ئامارەكان حكومەتی بەعس لەدوای خۆی نزیكەی یەك ملیۆن مینی جۆراوجۆری بەجێهێشتووە و دوای ساڵی 1992 کە گەڕاوینەتەوە بۆ گوندەکەمان، هیچ خانوو ماڵێكمان نەماوە، جگە لەوەی زیاتر لە 50 كەسمان بەهۆی تەقینەوەی مینەوە شەهیدبوون و ژمارەیەكیش كەمئەندام بوون.
باخ و باخاتمان سوتێنرا
ئەنجومەنی گوندەكە وتیشی: چەندین باخمان تێکدراوە، سەدان سەر ئاژەڵمان براون و زیانێكی ئێجگار زۆرمان پێگەیەنراوە، بەڵام مەخابن تەنها خۆمان خەمخۆری خۆمان بووین و دەكرا حکومەت و حزب و رێکخراوەکان ئاوڕمان لێبدنەوە.
قەرەبوو نەكراوینەتەوە
حەمید عەبدوڵڵا باسی لەوەشكرد کە بەهیچ شێوەیەك چ لەلایەن حكومەتی عیراق چ لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە قەرەبوو نەكراونەتەوە، بەڵام رێكخراوە بیانییەکانی بواری هەڵگرتنەوەی مین و بەڕێوبەرایەتیی مینی گەرمیان هەڵمەتی باشیان كردووە و بەشێكی زۆری گوندەكەمان یان پاككردوەتەوە، بەڵام هێشتا مین ماوە و مەترسییەكانی بەردەوامن.
حەمید عەبدوڵڵا