تەها نەجم
پارێزگار دوو جار خۆی بە تایبەت هاتووە بۆ بازگەی باوە مەحمود، فەرماندەی هێز و بەرێوبەری گومرگی دیالە و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و ...هتد هاتوون بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی بازگەکە، بەڵام تادێت قەرەباڵغتر دەبێت و كێشە و مەینەتیی خەڵكەکە زیاتر دەبێت.
چۆن دەكرێت هاووڵاتیان بەسەدان ئۆتۆمبێل 4 بۆ 5 سەعات گیربخۆن و بە سەرما و گەرما و راكە راكە بمێننەوە؟ فەرمانبەری ماندوو لە دەوام دەگەڕێتەوە، بەڵام لەوێ چوار سەعات چاوەڕێی دەربازبوون دەکات.
پرسیارەكە ئەوەیە، ئەم هەموو هێزەی بۆچییە؟، هەریەكە و رەنگێك جلی سەربازیی لەبەردایە و بە جۆرێك پرسیار دەكات، كە دەگاتە 12ی شەو، بەس خوا دەزانێت چی روودەدات، جا مەرامەكە چییە، خۆ ئەم عیراقە پڕبووە لە گەندەڵی، هەرچی دەكەن بیكەن، بەڵام دەستی خێریشتان بچێتە رێگاكە و بیکەنە دوو ساید، ئاسانكاری بۆ خەڵك بكەن و هێندەی تر ماندوویان مەكەن، خەڵك نهێنییەكان دەزانێت، بگرە ژمارەی ریزبەندیی دۆلار و دینارەكانیش دەزانێت، نە بازگەكە خاڵی سنووری و نە خانەقیش سنوورێكی بەڕووی باكوور و باشووردا داناوە، ئەگەر مەرام نەبێت.!! كەواتە خۆتان شەفاعەت بۆ خۆتان بكەن و کەمێک سەر و سیمای رێگە و بازگەكە چاك بكەن، خانەقی و ئەو گەرمیانە كە رۆژانە هەزاران فەرمانبەر و هاووڵاتی هاتوچۆ دەكەن شایستەی ئەم كێشانە نین.