دیار جەوهەر
رووباری ئەڵوەند سەرچاوەیەكی گرنگی ژیانە بۆ هاووڵاتیانی سنووری خانەقین، لەزۆربەی بوارە جیاجیاکاندا وەسفی ناوی ئەڵوەن كراوە، بۆیە لێرەدا بە پێوستی دەزانم لەرووی بواری جوگرافییەوە سەرنجی بخەمە سەر.
هەر بەپێی سەرچاوە جوگرافییەكان، رووباری ئەڵوەن ، درێژییەکەی لە سەرچاوەی هەڵقوڵانییەوە لە پارێزگای كرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان تا دەڕژیتە رووباری سیروان لەدیوی خانەقییەوە دەگاتە (160)کیلۆمەتر. كە (120)کیلۆمەتر ی دەكەوێتە سنووری رۆژهەڵات و (40) کیلۆمەتری دەكەوێتە سنووری باشووری کوردستان و خانەقییەوە.
رووبارەكە، لە چیاکانی (داڵاهۆ) و(قەلاچە) لە (سیاوانە و سەراب ئەسكەندەر) سەرچاوە دەگرێت، سەرچاوەی سەرەكیی ئەم رووبارە دەكەوێتە (سەراب ئەسكەندەر) لە خۆرئاوای لووتكەی زاگرۆس بە دووری (32)كیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی دەشتی زەهاو.
پاشان دوای (3)کیلۆمەتر لە شاخی (قەڵاچە) كە لە (24) كیلۆمەتر باشووری خۆرئاوای هاروئابادەوە سەرچاوە دەگرێت، یەكدەگرن دواتر لە گوندی (كفراور) ەوە بەرەو باكووری خۆرئاوا لەژێر ناوی رووباری كفراور ناسراوە,
ئەم رووبارە بە نزیكەی (12)كیلۆمەتر بەرەو باكووری خۆرئاوا بەردەوام دەبێت هەتا دەگاتە دەشتی زەهاو، دواتر بەرەو قەسری شیرین بەردەوام دەبێت تا دەگاتە گوندی (جگارلو)، هەروەها لەگەڵ ئاوی چەمی ئیمام حەسەن تێكەڵ دەبێت و دوای تێپەڕبوونی بە گوندی (قەرەسەدەف)دا بەرەو سنووری خانەقی دێت لە خۆرهەڵاتی شارەكە. لە خانەقینشدا، بەنداوێكی لەسەر دروستكراوە و بە نزیكەی (37) ملێون مەتر سێجا ئاو لەخۆدەگرێت، پاشان ئەم رووبارە بەرەو ئاراستەی باكووری خۆرئاوای شارەكە دەڕوات لە نزیك گەڕەكی بانمیل دواتر شارەكە دەكات بە دوو بەشەوە دیمەنێکی سەرنجڕاكیشی بە خانەقی بەخشیووە، هەروەها ئەم رووبارە بەرەو گەڕەكی تۆلەفرۆش دەچێت و لەوێدا دەبێتە دوو لق، دواتر بەرەو گوندی یوسف بەگ دەڕوات و دیسان دەبێت بە دوو بەشەوە، بەشێكیان بەرەو گەڕەكی ئیمام عەباس و بەشەكەی تری بۆ گوندی مەردان. لێرەدا پێوستە ئاماژە بەوە بكەین كە لە نزیك بەنداوی ئەڵوەن تا نزیك گوندی مەردان، دەگاتە نزیكەی (16)كیلۆمەتر، ئەم رووبارە بە ئاراستەی باكووری خۆرئاوا دەڕوات، كە ئەمەش وەك رووباری نیل و چەندین رووباری تر ئاراستەی پێچەوانە دەگرێتە بەر، پاشان ئاراستەكەی بەرەو باشووری خۆرئاوا دەبێتەوە لە نزیك گوندی رەمەزان, لە كۆتایشدا ئاوی رووباری ئەڵوەن لە نزیك ناحیەی جەلەولا دەڕژێتە رووباری سیروانەوە لە خۆرئاوای خانەقی.