شوێنەواری جوولەكەكانی خانەقی هێشتا دیارە

12:05 - 2025-04-27
دووتوێ
36 جار خوێندراوەتەوە
باخە خورماکەی سین كۆبی-ی جوولەكە لە خانەقی

ئەمەل باجەڵان 
خانەقی لە كۆنەوە بە شاری برایەتی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە ناسراوە. کریستیان، جوولەكە، موسڵمان، كاكەیی، جگە لە كۆمەڵەیەكی هەمەچەشنی كورد و عەرەب و توركمان.
لەنێو ئەم هەمەچەشنییەدا، جوولەكەكان لە شارەكەدا جیاواز بوون. سەرەڕای دەركردنیان لە ساڵی 1948، كاریگەرییەكی روونی رۆشنبیریی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییان بەسەر خانەقی و دانیشتووانی خانەقییەوە بەجێهێشت. ئێستاش شەقام و باخی میوە هەیە كە هێشتا ناوی خاوەنە جوولەكەكانیان هەڵگرتووە كە لە خانەقی  دەژیان، وەك فلكەی كرندی و باخی سین كۆبی و ناوە عیبرییەكانی تر.
ئەو پیشانەی كە جوولەكەكان کردوویانە
جوولەكەكانی خانەقی خەریكی بازرگانی و كاری ئازاد بوون، وەكو ئاسنگەری و دانەوێڵە فرۆشتن و ئاڵوگۆڕی پارە. بوونی باخچەی میوەی جوولەكەكان و گۆڕستانە مێژووییەكانیان لە خانەقی، كاریگەریی لەسەر هەر كەسێك بەجێدەهێڵێت كە هەوڵی لێكۆڵینەوە لەم توێژەی كۆمەڵگە بدات كە كاریگەر بوون و بەشدارییەكی بەرچاویان لە گەشەپێدان و خۆشگوزەرانیی شارەكەدا هەبووە،  هەروەها خزمەتگوزاریی راستەقینەیان لە بوارە جیاوازەكاندا پێشكەشكردووە، بەتایبەتی لە ژێرخانی ئابووریدا.
رۆڵێكی سەرەكییان هەبووە لە هێنانی سیمای مەدەنییەت بۆ خانەقی، بەڵام دوای ئەو ئاوارەبوونە زۆرەملێیەی كە لە عیراقدا تووشی بوون، ناچار بوون بەرەو ئیسرائیل كۆچبكەن و بەم شێوەیە كۆمەڵگەی عیراق بە گشتی و خانەقی بە تایبەتی یەكێك لە پێكهاتە گرنگەكانی لەدەستدا.
كاریگەریی جوولەكە لەسەر خانەقی 
چەندین كەسایەتی جوولەكە هەن كە كاریگەرییان لەسەر شارەكە هەبووە، یەكێك لە گرنگترینیان بازرگانێكی جوولەكەی كورد (موشی حای)ە، كە لە ساڵی 1890 لە خانەقی لە گوندی غەیدان لە نزیك سەوزبڵاغ لە دایكبووە. موشی حای یەكێك بوو لە بەناوبانگترین بازرگانانی دانەوێڵە لە شار و پارێزگاكەدا، بە یارمەتیدانی هەژاران و كەم دەستان ناسراوبووە، بەبێ گوێدانە ئایین و عەقیدە و مەزهەب.
یەكێك لە گرنگترین ئەو كارانەی كە ئەنجامیداوە، كردنەوەی یەكەم قوتابخانەی ناوەندیی ئەهلی بوو لە خانەقی لە ساڵی 1944. هەموو پێداویستییەكانی خوێندنگاكەی دابینكردووە. لە كاتی كۆچی بەكۆمەڵدا لە پەنجاكانی سەدەی رابردوودا رووی لە ئیسرائیل كردووە و لە ساڵی 1965 كۆچی دوایی كردووە، هەروەها ئیسحاق كرندی یەكێكی تر بوو لەو كەسە بەناوبانگانە كە لە كرندی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە هاتووە.
یەكێك لە گەورەترین باخەكانی خانەقی باخی سین كۆبی جوولەكەكانە، كە یەكێك لە دەوڵەمەندترین بازرگانەكانی خانەقی بووە،  ئەم باخچەیە دەكەوێتە ناوەندی شاری خانەقی لەپشت بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و سەرەڕای فرۆشتنی باخەكە خاوەنەكەی سیمای میراتی پاراستووە و بە ناوی سین كۆبی ناسراوبووە.

# خانەقین

بابەتە پەیوەندیدارەکان