تایبەت
زیاتر لە 150 ئەندام و كادری یەكێتی لە سنوری مەڵبەندی خانەقی بەشداریی دووەمین دیداری یەكێتیان کرد کە لە شاری سلێمانی لە رۆژانی 23 و 24ی 4ی 2025 لە هۆڵی وەرزشی پێشمەرگە بەرێوەچوو. لەوبارەیەشەوە بەشێک لە بەشدارانی دیدارەکە و لیژنەکانی دیدار بەم جۆرە دیدی خۆیان دەخەنەڕوو:
كۆكەرەوەی بۆچوونەكان
عیماد ئەحمەد كادری یەكێتی لە سنووری مەڵبەندی خانەقی دەڵێت: گرنگیی دیدارەكە لەوەدابوو كۆكەرەوەی تەواوی بۆچوون و رەخنە و پێشنیازەكانە، كە كادر بە ئازادی دەتوانێت گوزارشت لە بۆچوونەكانی خۆی بكات، رەخنەكانی بگرێت و دواتر پێشنیازیش بۆ چارەسەر بكات، ئەمەش پڕۆسەیەكی نوێ و گرنگی كاری حزبییە.
وتیشی: لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا خانەقی و ناوچەكانی تری وەك مەندەلی و سەعدییە و جەلەولا، رووبەڕووی كێشەی گەورەی تەعریب و گوشاری سیاسی و نەتەوەیی بوونەتەوە، هەروەها خاوبوونەوەی كاركردن لەسەر جێبەجێكردنی بڕگەكانی ماددەی 140، مەترسییەكان زیاتر دەكات، بۆیە لە دیدارەكە سەبارەت بە ناوچەكە زۆرترین قسە لەوبارەیەوە كرا.
مەترسییەكان خرانەڕوو
لە دیداری دووەمی یەكێتیدا لە لیژنەكانی مادەی 140ی ناوچە دابڕێنراوەكان و لیژنەی پێشمەرگە و شەهیدان بەشداربووم، لە پاش گفتوگۆكان چەندین كێشە و گرفتی ناوچەی خانەقی و دێهاتەكانمان تاوتوێ كرد، لەڕووی ئەمنی و كێشەی زەویوزاری جووتیاران لەگەڵ عەرەبی هاوردە كە چەندین ساڵە پێوەی دەناڵێنین و ئەو كێشانەی كە ئێستا هەن لەسەر میكانزمی جێبەجێكردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی یاساكانی رژێمی بەعسی لەناوچوو.
باسی لەوەشكرد: كێشەكانی بەردەم خوێندنی كوردی لە خانەقی و كێشەی دواكەوتنی قەرەبووكردنەوەی كوردە ڕاگوێزراوەكان لە بەرامبەر قەرەبووكردنەوەی عەرەبە هاوردەكان، چەندین پێشنیازمان لەوبارەیەوە خستەڕوو كە خۆی لە دروستكردنی بۆردی مادەی 140 لە سنووری ناوچە دابڕێنراوەکاندا دەبینێتەوە.
راسپاردەكان جێبەجێ بكرێن
ئەیوب خەلیل ئەندامی مەڵبەندی خانەقیش رایگەیاند: كاتی ئەوە هاتووە كە چیتر خانەقی لەڕووی ئۆرگانییەوە تەنها لە مەڵبەندێكدا قەتیس نەکرێت، بەڵكو گرنگە كادرانی خانەقی لە چومگەكانی تری كاری رێكخراوەییدا لەناو یەكێتی بەچڕی بەشداربن و رۆڵیان هەبێت.
وتیشی: كادران و ئەندامانی خانەقی لەناو دنیایەكی گەرمتری سیاسیدان، چونكە ململانێ سیاسییەكان لە سنوورەكەدا پەیوەندیی بە لایەنی سوننە و شیعیەشەوە هەیە، تەحەدییەكان لەڕووی ئیمكانیەت و دەستوەردانەوە نابەرامبەرە، بەڵام خۆڕاگرییەكی گەورە هەیە بەرامبەریان و توانراوە بەگیانێكی پڕ جۆشی یەكێتیانە و نیشتمانییانە بەرگری لە خانەقی بكرێـت، ئەمانە پێویستیان بە رەچاوكردنە، كە لە دیدارەكە بەوردی جەختمان لەسەری كردەوە، بۆیە بێگومان دیدارەكە وێستگەیەكی گرنگە و جێبەجێكردنی راسپاردەكان بەهێزترین خاڵیەتی.