دیداری: ئارۆ سامان
هونەرمەندی شێوەكار مامۆستا عەلی قوربانی لەساڵی1991 لەدایكبووە و خوێندنی سەرەتای ناوەندی لەشاری خانەقی تەواو كردووە و لە ساڵی (2007-2008)لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی خانەقی وەرگیراوە و دواتر چووەتە كۆلێژی هونەرە جوانەكانی سلێمانی ساڵی (2010-2011). لە دیدارێکی کورتدا بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەکانی دووتوێی خانەقیی دایەوە:
*بۆچی بواری هونەری شێوەكاریتان هەڵبژارد؟
-لەناو خێزانێكی هونەریدا لەدایكبووم و ئەوەی لەبیرم مابێت باوكم وێنەكێش بوو، چەندین وێنەی جۆراوجۆری سروشتی لەناو ماڵەكەماندا هەڵواسیبوو، بۆخۆشی وێنەی بۆ دەكێشاین، بۆیە هەر لەمنداڵییەوە خولیای هونەری شێوەكاریم هەبووە و ئەو رێچكەیەم گرتووەتەبەر. لە خوێندنگەش هەمیشە بەشدارییم لە پیشانگەی ساڵانەی شێوەكاریدا دەكرد و چەندین خەڵاتم بەدەستهێناوە، جگە لەوەش مامۆستاكانم هاوكارییان دەكردم و دەستیان دەگرتم بۆئەوەی پەرە بە هونەرەكەم بدەم.
*كێ پاڵپشتت بوو بۆئەوەی بچیتە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان؟
پێش ئەوەی بچمە پەیمانگە، لە سەنتەری گەنجانی خانەقی پەرەم بە بەهرەكانی خۆم دەدا، ئەوەبوو بڕیارمدا بچمە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان، رێگریی زۆرم بۆ دروستبوو، ماڵەوەمان سەرەڕای ئەوەی هونەردۆست بوون، بەڵام حەزیان نەدەكرد بچم لە پەیمانگە بخۆینم و مامۆستاكانیشم هەڵوێستیان وابوو، بەڵام من سووربووم لەسەر بڕیارەكەم و وایلێكردم لە قوتابخانە رابكەم و چووم بۆ پەیمانگە و هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجامدام و سەركەوتوو بووم، دوابەدوای پەیمانگە، كۆلێژی هونەرە جوانەكانی سلێمانیم تەواوكرد.
*تائێستا چەند كاری هونەریت کردووە؟
لەڕاستیدا زیاتر لە (40) پیشانگەی شێوەكاریی لە سەرتاسەری كوردستاندا بەشداربووم و پیشانگەیەكی تایبەت بەخۆمم هەیە لەسەر سروشتی خانەقی، كە ئەوەندە ئەم شارە بەلامەوە دڵڕفێنە، نەمتوانی كارێكی تایبەتی بۆ نەکەم.
*پێتوایە چی بكرێت بۆ شاری خانەقی لەڕووی هونەرییەوە؟
خانەقی پێوستی بە زەمینەیەكی لەبارە بۆ كاری هونەری، بۆ نموونە شارەكە پێوستی بە گەلەرییەكی گەورەیە، سەرەڕای ئەوەش ناوەندی هونەری و كەلتوریی باشی تیادایە.