راپۆرتی/ ئیبراهیم قامیشلۆیی
به ئامادە‌بوونی 400 نوێنە‌ری حزب و لایەنەكانی رۆژئاوا و باشور و باکوری كوردستان و نوێنه‌ری ئه‌مریكا، كۆنفرانسی یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستیی كورد له رۆژئاوای كوردستان رێکخرا، یەکێک لە خاڵەکانی کۆنفرانسەکەش، دامەزراندنی لیژنەیەکی هاوبه‌شی کورد بوو بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا.
گرنگیی یەکهەڵوێستی
له‌و باره‌یه‌وه، د.جاویدان كه‌مال نوێنه‌ری په‌یه‌ده له هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ندامی كۆنفرانسی یه‌كڕیزی كورد له قامیشلۆ، به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: پێشەکی به‌ستنی كۆنفرانسی یه‌كڕیزی ویه‌كهه‌ڵوێستیی كوردی پیرۆزە لە هه‌موو گەلی کورد لەهەر کوێیەک بن، زۆر گرنگە له قۆناغێكی واهه‌ستیاری ده‌وڵه‌تی سوریا و ناوچه‌كه، هەموو هێز و لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان، یەکهەڵوێست و یەک دیدگا بن.
وتیشی، خۆشبەختانە سەرجەم لایەنە کوردییەکان، لە هەموو بەشەکانی کوردستان و هەروەها کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و رۆشنبیران بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد.
بناغه‌یه‌ك بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی
د.جاویدان ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت، ئەم کۆنفرانسە لە ئاینده‌دا ببێتە بناغه‌یه‌ك بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
ئەو لێپرسراوەی پەیەدە روونیکردەوە: لە کۆنفرانسەکەدا تیشکخرایەسەر چەندین بابەتی چارەنووسساز، بەتایبەتی ئایندەی کورد لە سوریا و داواکارییەکانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە دەستووری نوێی ئەو وڵاتە، وتیشی: گەلی کورد بە قۆناغێکی مێژوویی‌دا تێده‌په‌ڕێت و دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەم نەتەوەکەماندایە، بۆیە زۆر گرنگە میللەتی کورد سوود لەم دەرفەتانەی ئێستا وەربگرێت.
د.جاویدان كه‌مال نوێنه‌ری په‌یه‌ده له هه‌رێمی كوردستان: کۆنفرانسەکە پاڵپشتیی هه‌رێمی و نێودەوڵەتی هەبوو، نوێنە‌ری ئەمریکا بەشداریی تێدا کرد و فەرەنساش رۆڵی گرنگی لە بەستنیدا هەبوو
سوریایه‌كی نامەرکەزی و فیدراڵی
د.جاویدان تەئکیدیکردەوە، یه‌كێك له داواكارییه‌كانی كورد له سوریای نوێ‌دا، ئەوەیە، سوریایه‌كی نامەرکەزی و فیدراڵی و دیموکراسی بێتەکایەوە، کە مافی هەموو پێکهاتەکانی ناو ئەو وڵاتەی تێدا پارێزراوبێت و زمانی کوردی بە فەرمی بناسرێت. دووپاتیشیکردەوە: چەندین داواکاری تری کورد لە حکومەتی نوێی شام هەیە، کە پێویستە جێبەجێبکرێن، کێشەکانیش چارەسەر بکرێن.
وتیشی: گومانی تێدا نییە، ئەم کۆنفرانسە پاڵپشتیی هه‌رێمی و نێودەوڵەتی هەبوو، نوێنە‌ری ئەمریکا بەشداریی تێدا کرد و فەرەنساش رۆڵی گرنگی لە بەستنی ئەم کۆنفرانسەدا هەبوو، بەڵام دوای رێککەوتنی 10ی ئازار له نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرعدا و رێککەوتنەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود و بەنداوی تشرین، کۆمەڵێک خاڵی ئەرێنی هەن کە دەرگای دانوستاندن لەسەر پرسی کورد لەگەڵ حکومەتی سوریادا دەکاتەوە.
رۆژێکی مێژوویی
لای خۆیەوە، ده‌روێش فه‌رهاد ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی پێشكه‌وتنخوازی كوردی سوریا و ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ئاماده‌كاری كۆنفرانسی كوردی له قامیشلۆ، به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: بە راستی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، رۆژێکی مێژوویی بوو، ئێمە بۆ ماوەی سێ مانگ لە لیژنەی كۆمیته‌ی ئامادەکاریدا کارمان کرد بۆ سەرخستنی، بە ئامادە‌بوونی نوێنە‌ری سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان لە هەموو پارچەکانی کوردستان، جێی خۆشحاڵی خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستانیش بوو، کە وەفدی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان له باشووری کوردستانەوە به‌شدارییان تێدا كرد.
دەروێش فەرهاد ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی پێشكه‌وتنخوازی كوردی سوریا: ناوچەكانی خۆمان بەڕێوەببەین و مافەکانی کورد لە سوریایەكی نوێی نامەرکەزیدا بچەسپێنرێن
پاڵپشتیی ئەمریکا و فەرەنسا
ئەو ئه‌ندامەی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی پێشكه‌وتنخوازی كوردی سوریا وتیشی: ئەمریکا و فەرەنسا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ هێز و لایەنە کوردییەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، پاڵپشتی سەرەکی سه‌ركه‌وتنی کۆنفرانسەکە بوون.
کورد ناوچەكانی خۆی بەڕێوەببات
ئاماژەی بەوەش کرد کە، داواكاری كورد له كۆنفرانسه‌كه‌دا، لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریا ئەوەیە، کە ناوچەكانی خۆمان بەڕێوەببەین و مافەکانی کورد لە سوریایەكی نوێی نامەرکەزیدا بچەسپێنرێن.
لە کۆنفرانسەکەدا، ئه‌مین بابه‌شێخ، ئه‌ندامی وەفدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له كۆنفرانسی یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستیی كورد له قامیشلۆ، په‌یامی یه‌كێتی پێشكه‌ش کرد و دواتر لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا وتی، خەڵکی رۆژئاوای کوردستان میلله‌تی ئێمەن و پرۆسەی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان، بەشێکە لە پرۆسەی سیاسی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کرد کە چارەنووسی گەلی کوردیش لە خۆڕهه‌ڵاتی ناوەڕاست، زۆر سەخت و زه‌حمه‌ته، بۆیە ئێمە وەکو یەکێتی پاڵپشتی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بووین و هەمیشەش وەک پاڵپشتی ئه‌وان دەمێنینەوە.