هێمن ئەحمەد
لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، پارێزگاری كەركوك رایدەگەیەنێت: كەسوكاری شەهیدان لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، هەمان ماف و ئیمتیازاتی دەزگای شەهیدانی عیراقیان پێدەدرێت.
رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، لەگەڵ وەفدێكی دەزگای شەهیدانی عیراق بەسەرۆكایەتیی تارق مەندەلاوی بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە دەزگای شەهیدان و نوێنەری سەرۆكی دەزگاكە و وەفدی بەڕێوەبەرایەتییەكانی شەهیدانی كەركوك و نەینەوا و دیالەی سەر بە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
سەبارەت بە كۆبوونەوەكە، پارێزگاری كەركوك، وتی: لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا هەمان ماف و ئیمتیازاتی دەزگای شەهیدانی عیراق بدرێتە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و پێشمەرگەكانی دانیشتووی ناوچە دابڕێنراوەكانیش، بەتایبەت لە پرسی خوێندن و وەرگرتنیان لە خوێندنی باڵادا، كە پێشووتر كەسوكاری شەهیدانی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بێبەشكرابوون لەو ماف و دەستكەوتانەی دەبەخشرایە كەسوكاری شەهیدان لەعیراقدا.
ئاماژەی بەوەشكرد كە لە كۆبوونەوەكەدا بەپێی یاسای ژمارەی 2ی ساڵی 2016، بڕیاردرا هەموو كارئاسانییەك بۆ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە سنووری كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بكرێت.