سەرۆك كۆمار و وەزیری سەرچاوەكانی ئاو، جەخت لەسەر «بەردەوامبوونی هەوڵەكان بۆ دەستەبەركردنی پشكی دادپەروەرانەی ئاو بۆ عیراق» دەكەنەوە.
دوێنێ لە كۆبوونەوەیەكدا، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار و عون زیاب عەبدوڵڵا وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق، باسیان لە كاریگەرییەكانی كەمیی ئاو كرد و سەرۆك كۆمار رایگەیاند: هەوڵەكان لە ئاستی ناوچەكەدا چڕتربكرێنەوە بۆ زیادكردنی رێژەی بەردانەوەی ئاو بۆ عیراق. داواشیكرد كاری بەپەلە و جدی بكرێت بۆ دروستكردنی بەنداو، چارەسەركردنی كێشەكانی وشكەساڵی و بەبیابانبوون، دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و رێگرییكردن لە بەفیڕۆدانی ئاو چ بۆ مەبەستی كشتوكاڵی، چ بۆ بەكارهێنانی راستەوخۆ و چڕكردنەوەی هەڵمەتەكانی هۆشیاركردنەوە لە بەكارهێنانی ئاودا.
لای خۆیەوە، وەزیری سەرچاوەكانی ئاو، روونكردنەوەی لەبارەی بەرەوپێشچوونی كارەكان و پلانەكانی بەڕێوەبردنی دۆسێی ئاو و ئەو هەوڵانەی دەدرێن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، خستەڕوو.