کاریگەریی و لێکەوتەکانی بۆن لەسەر مرۆڤ، کامانەن؟

09:50 - 2025-04-30
ڕاپۆرت
24 جار خوێندراوەتەوە
بۆنە بە کوالێتییەکان دەبنە هۆی ئارامکردنەوەی مرۆڤ

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد



بۆن (عەتر) ماددەیەکی شلە، بەکاردێت بۆ بەخشینی بۆنێکی خۆش و خوازراو بە لەشی مرۆڤ، بە ئامانجی کەشخەیی و متمانە بەخۆبوونی زیاتر بەکاردەهێنرێت.
لە بازاڕدا جۆرەها بۆن نمایشکراوە بۆ فرۆشتن، هاووڵاتیان بەپێی سەلیقە و خواستیان بۆنی دڵخوازی خۆیان دەکڕن و بەکاریدەهێنن.
رێبین عەلی گەنجێکە بۆ کوردستانی نوێ وتی: حەزم لە بەکارهێنانی بۆنە و ماوەیەكی زۆرە خوم گرتووە بە كڕینی بۆنی جیاوازەوە، هەندێكیان نرخیان هەرزانە و هەندێكی دیکەیان بە گران دەکڕم، ئەوەی سەرنجمداوە جۆرەکانی بۆن زۆرن و جیاکردنەوەی بۆنی مارکە و کۆپی کراو ئەستەمە، بە تایبەت لە بازاڕی ئازاددا کە زۆرینە تەنها مەبەستیان زۆریی فرۆش و پارە پەیداکردنە نەک کوالێتی.
بە گشتیی بۆن لە گوڵ، تۆوی رووەک، بەهارات، میوە، دار، رەگ، بەلسەم (ماددەیەکی چەوری بۆندارە)، گەڵا، دەردراوی ئاژەڵ، هەروەها چەند ماددەیەکی کیمیایی وەک کحول، ماددەی پترۆکیمیایی و خەڵوز بەرهەمدەهێنرێت.
هێرش محەمەد بۆ کوردستانی نوێ وتی: دوكانێكی زۆری بۆن فرۆشتن هەیە، هەندێکیان تەکنیکی نوێ بەکاردەهێنن بۆ راکێشانی سەرنجی کڕیار، وەک ئەوەی کەسێکیان لە بەردەم دوکانەکەدا داناوە لە رێگەی تێست کردنەوە وادەکات بۆنەکە تاقیبکەیتەوە، بەو ئامانجەی لێی بکڕیت.

جگە لە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی پێست، بۆن كاریگەریی لەسەر قوڕگ و كۆئەندامی هەناسەدانیش هەیە و تووشی گرفتیان دەکات

بۆن لە بازاڕدا
لە بازاڕدا جۆری بۆنەکان زۆر و نرخەکانیش جیاوازن بەپێی کوالێتی، لە ژمارەیەک وڵاتی دراوسێوە دەهێنرێن، بەشێکیان ساختەن و نازانرێت چۆن دروستکراون.
مەحمود جومعە، دوكانی فرۆشتنی بۆنی ماركەی هەیە، لە بازاڕی شەقامی جمهوری لە كەركوك، بۆ كوردستانی نوێ وتی: ماوەی 20 ساڵە كاری هێنان و فرۆشتنی بۆنی ماركە دەكەم، هەندێك خەڵك هەن بەهای بۆنی ماركە دەزانن و بە دوایدا دەگەڕێن، بەڵام بەداخەوە خەڵكێكی زۆر تەنیا بیر لە لایەنە مادییەكە دەكاتەوە و ئەو بۆنە دەکڕێت کە هەرزانە، بەبێ ئەوەی رەچاوی لایەنی تەندروستیی خۆی بكات، دواتر دەردەکەوێت ئەمە بە زیان بە سەریدا دەشكێتەوە.
وتیشی: بۆن هەیە، نرخی زۆر گرانە، بەڵام لە دواجاردا لە رووی تەندروستییەوە بێ كێشەیە و ئارامبەخشە، بەڵام ئەو جۆرە عەترانەی بێ کوالێتین نرخیشیان هەرزانە، لەبەرئەوە پێویستە هاووڵاتیان زانیارییان هەبێت لەبارەی ئەو جۆرە بۆنەی دەیکڕن و بەکاریدەهێنن.

ئەرکی لایەنی بەرپرس
جیاکردنەوەی جۆرە باش و خراپەکانی بۆن ئاسان نییە و مەرج نییە هەموو هاووڵاتیان شارەزاییان هەبێت لە سەری، لەبەرئەوە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنەکانی تەندروستییە، بە وردیی چاودێریی بازاڕ و دوکانەکانی فرۆشتنی بۆن بکەن، دەست بەسەر جۆرە خراپەکاندا بگرن و لەناوی بەرن، هەروەها بەپێی یاسا لێپرسینەوە لە خاوەنەکانیان بکەن.
هەڵاڵە کارزان بۆ کوردستانی نوێ وتی: بە بەردەوامی بۆن بەکاردەهێنم، جۆرە باشەکانی بۆن دەناسم و بۆنی مارکە دەکڕم بە نرخێکی گران، لەبەرئەوەی زانراوە بۆن کاریگەریی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە، پێویستە لە کاتی کڕینیدا ئاگاداربین چ جۆرێک دەکڕین و بەکاریدەهێنین بۆئەوەی زیان بە تەندروستیمان نەگات، هەروەها داوا لەلایەنی بەرپرس دەکەم بە وردیی چاودێریی دوکانەکانی فرۆشتنی بۆن بکەن و ئەوانەی دەزانن ساختە و بێ کوالێتین لە بازاڕدا نەیهێڵن.

کاریگەریی لەسەر پێست
پسپۆڕانی بواری تەندروستی جەختدەکەنەوە، بۆن کاریگەریی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ جێدەهێڵێت و رێنمایی هاووڵاتیان دەکەن لەکاتی بەکارهێناندا بۆنەکە لە جلوبەرگ بدەن نەک لە پێستیان.
عەفان شوانی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: كاریگەرترین شت كە رۆڵی هەبێت بەسەر پێستەوە بەكارهێنانی بۆنی ساختەیە و کەسی بەکارهێنەر تووشی نەخۆشی پێست دەکات، لەبەرئەوەی جۆرەها ماددەی كیمیاوی تێدایە.
وتیشی: هەندێکجار بەکارهێنانی بۆن لەسەر جەستە راستەوخۆ دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی پێستەکە بە شێوەیەکی کاتی و سووربوونەوەی، هەندێکجاریش کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر پێست و تەندروستیی مرۆڤ دوای ماوەیەك سەر هەڵدەدەن.

کاریگەریی بۆن لەسەر تەندروستیی مرۆڤ
نەك ‏هەر بۆنی كەسانی گەورە، بەڵكو پسپۆڕانی تەندروستی باس لەوەدەکەن، بەشێك لەو بۆنانەی كە بۆ ‏منداڵ ‏بەكاردەهێنرێن جۆری خراپن و لە پشکنیندا دەرنەچوون، بەڵام لە بازاڕدا هەیە، دەفرۆشرێن و هاووڵاتیان بەکاریدەهێنن.
عەفان شوانی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست دەڵێت: جگە لە نەخۆشییەكانی پێست، بۆن كاریگەریی لەسەر قوڕگ و كۆئەندامی هەناسەدانیش هەیە و تووشی گرفتی دەکات، لەبەرئەوە رێنمایی هاووڵاتیان دەکات بۆنی مارکە بەکاربهێنن بۆئەوەی دووربن لە زیانە تەندروستییەکانی بەکارهێنانی بۆن.
هەر لە کۆنەوە مرۆڤ بایەخی بە خۆ بۆنخۆشکردن داوە، هەروەها سەلمێنراوە کە بۆنە بە کوالێتییەکان دەبنە هۆی ئارامکردنەوە، کەمکردنەوەی دوودڵی، ماندوێتیی و زیادکردنی توانای مێشکی مرۆڤ.

 

 

پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە وردیی چاودێریی دوکانەکانی فرۆشتنی بۆن بکەن 

بابەتە پەیوەندیدارەکان