10 خاڵ لە 100 رۆژی یەکەمی ترەمپ

12:12 - 2025-04-30
جیهان
37 جار خوێندراوەتەوە

ئەم هەفتەیە، دۆناڵد ترەمپ 100 رۆژی یەکەمی ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتیی تەواوکرد، زۆربەی بڕیار و فەرمانەکانی بوونەتە جێی مشتومڕی ناوخۆیی و دەرەکیی و سێکتەری ئابووریی جیهانی، تووشی شڵەژان کردووە.
نەریتی هەڵسەنگاندنی 100 رۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونی سەرۆکەکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوکمڕانیی سەرۆك فرانکلین رۆزفێڵت، کە لە 100 رۆژی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی 1933، دەیان یاسا و فەرمانی جێبەجێکردنی بۆ روبەڕوبوونەوەی قەیرانی ئابووری دەرکردبوو.
لێرەدا 10 خاڵ لە 100 رۆژی یەکەمی ماوەی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ، دەخەینەڕوو:
یەکەم: 142 فەرمانی جێبەجێکردن؛ لە 20ی مانگی یەک-ەوە تا ئێستا 142 فەرمانی جێبەجێکردنی دەرکردووە، کە بەپێی تۆماری فیدراڵی و پرۆژەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا تەنها لە هەفتەی یەکەمدا 37 فەرمانی ئیمزا کردووە. پێشتر رۆزفێڵت لەو 100 رۆژەدا، 99 فەرمانی دەرکردووە و بەوپێیە ترەمپ ریکۆردەکەی شکاندووە.
فەرمانەکانی ترەمپ، پەیوەندییان بە دۆسێکانی وەك؛ بچوککردنەوەی قەبارەی حکومەت، بەرگری و سیاسەتی دەرەکی، کۆچ، وزە، تاریفەی گومرگی و هەندێك بابەتی دادوەری هەیە.
دووەم: هەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە 100 بڕیاری کابینەی جۆ بایدن؛ پێشتر نەبووە سەرۆكێکی ئەمریکا بەو ژمارە زۆرەی بڕیاری پێچەوانە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکانی سەرۆکی پێش خۆی بکات.
لەو 100 رۆژەدا، ترەمپ 111 فەرمانی سەرۆکایەتیی بایدنی هەڵوەشاندۆتەوە، تەنها لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا 78 فەرمانی هەڵوەشاندۆتەوە کە پەیوەندیدارن بە کەشوهەوا و پەتا و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.
سێیەم: پێنج یاسا؛ لەو ماوەیەدا ترەمپ پێنج یاسای ئیمزا کردووە. ئەوەش کەمترین یاسایە لە ماوەی 100 رۆژی یەکەمدا ئیمزا کرابێت لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆرج بوشی کوڕەوە.
چوارەم: زیاتر لە 200 سکاڵای یاسایی، ئیدارەی ترەمپ رووبەڕووی شەپۆلێك سکاڵای یاسایی بۆتەوە، کە 210 دۆسێی تێپەڕاندووە و زۆرینەیان پەیوەندیدارن بە سیاسەت، کۆچ و کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەر.
پێنجەم: دابەزینی ئاستی جەماوەری؛ بەگوێرەی راپرسییەکان، رێژەی پشتیوانیی ترەمپ دابەزیوە بۆ 42 %، لەکاتێکدا مانگی رابردوو رێژەی پشتیوانی 45 % بووە.
شەشەم: 39 بڕیاری لێخۆشبوون؛ لەو ماوەیەدا ترەمپ 39 بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ تاکەکەس و گروپ دەرکردووە، لە دیارترینیان لێخۆشبوونی بۆ زیاتر لە هەزار و 500 کەس دەرکردووە، کە بەشداربوون لە هەڵکوتانەسەر کۆنگرێس لە 6ی 1ی 2021دا کاتێك ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو ساڵەیان رەتکردەوە و دژی دەستبەکاربوونی بایدن وەستانەوە.
حەوتەم: دورخستنەوەی دەیان هەزار فەرمانبەری فیدراڵی؛ ئیدارەی دووەمی ترەمپ، وەزارەتی کارایی حکومەتی بە سەرۆکایەتی ئیلون ماسك پێکهێنا بە ئامانجی کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەرانی فیدراڵی و رێکخستنەوەی حکومەت.
لەو چوارچێوەیەدا، باس لەوە دەکرێت، کە 75 هەزار فەرمانبەر دورخراونەتەوە، بەڵام بەشێکیان پەنایان بۆ دادگا بردووە و دورخستنەوەیان هەڵوەشێندراوەتەوە.
هەشتەم: کەمبوونەوەی بەرچاوی رۆیشتنی کۆچبەر لە سنووری باشوورەوە؛ لە مانگی ئاداری رابردوودا حەوت هەزار و 180 کۆچبەر بەشێوەیەکی نایاسایی سنووری ئەمریکایان بڕیوە و ناویان تۆمارکراوە، ئەوەش نزمترین ژمارەیە لە مێژووی نوێدا، لەکاتێکدا لە چوار ساڵی رابردوودا مانگانە 155 هەزار کۆچبەر سنووریان بڕیوە.
نۆیەم: تاریفەی گومرگی بۆ 28 % بەرزکراوەتەوە؛ ئیدارەی نوێی ئەمریکا کێشەیەکی گەورەی جیهانی لە پرسی باج و تاریفەی گومرگیدا هێناوەتەئاراوە، بەجۆرێك تاریفەی گومرگی بە رێژەی 10 % لەسەر هەموو هاوردەیەك داناوە، 25 %یش لەسەر ستیل و ئەلەمنیۆم و ئۆتۆمبێل داناوە.
سەرەڕای ئەوەش گومرگی زیاتری بەسەر چین و کەنەدا و مەکسیکدا سەپاندووە، بەشێوەیەکی مامناوەندی تاریفەی گومرگی لەسەر بەکارهێنەری ئەمریکی گەیاندۆتە 28 %، کە ئەوەش بەرزترینە لە ساڵی 1901ەوە.
دەیەم: دابـــەزیــــنی هەڵاوســــــــان بۆ 2.4 %؛ یەکێك لە بەڵێنەکانی ترەمپ دابەزاندنی هەڵاوسانە، لەو چوارچێوەیەدا مـــــانگی رابــــردوو رێـژەی هەڵاوسان بۆ 2.4 % دابـــــەزیوە، کە نزمترینە لە شەش مانگی رابردوودا، بەڵام جەنگی نوێی ئابووری رەنگە ئەو رێژەیە لە مانگەکانی داهاتوودا بەرزبکاتەوە.               كوردستانی نوێ

#جیهان

بابەتە پەیوەندیدارەکان