کۆچی گەنجانی پشدەر، یان راگواستنێکی تر؟

12:02 - 2025-05-04
دووتوێ
84 جار خوێندراوەتەوە

رێباز مام شۆڕش


چەند رۆژێک لەمەوبەر و لە یادی»51» ساڵەی بۆردوومانکردنی زانکۆی سلێمانی و خاپوورکردنى قەزاى پشدەردا کە لەلایەن رژێمی بەعسەوە جێبەجێکرا، یادەکە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی راپەڕین و خۆپیشاندانەکانی 1982» کە لە قەڵادزێ-وە کڵپەی کرد و هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستانی تەنییەوە.
لەو یادەدا ئەوەی جێگەی داخ و  نیگەرانیی خەڵکی ئەو سنوورە بوو ئەوەبوو کە سەرەڕای ئەوەى ھەمیشە ناوچەکە پشکی شێری لە نەھامەتییەکانی رابردوو بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا نەھامەتییەکان بەشێوازی جیاجیا بەرۆکی بەرنەداون و رۆژ بەڕۆژ ناوچەکە  زیاتر پشتگوێ دەخرێت.
لەو رووەشەوە بەڕای زۆربەی نەوەی رابردوو و گەنجانی سەردەمی بۆردومانەکە و راپەڕینەکەش دوای «51» لەو کارەساتە جەرگبڕە و ئەو گیانبازییەی راپەڕینەکەی 43 ساڵ لەمەوبەر و 36 ساڵ تێپەڕین بەسەر راگواستن و تەختکردنی شاری قەڵادزێ لە 1989 و زۆربەی سنووری پشدەردا،  بەڵام ئێستا سنوورەکە رووبەڕووی جۆرێکی دیکە لە راگواستن و پەراوێزخستن و بێ هیوایی دەبێتەوە و ئەوەش خۆی لە بەجێهێشتنی ناچاریی بەکۆمەڵی گەنجانی سنوورەکەدا دەبێتەوە و کە خەریکە بەتەواوەتی لە حاڵەوەتەوە دەببێتە دیاردە. 
هەندێک لەو نەوەیە و بگرە نەوەی ئێستاش پێیانوایە رووکردنە مەترسییەکانی هەڵبژاردنی ژیان لە تاراوگە لە چارەنووسێکی نادیاردا، جۆرێکی دیکەیە لە شاڵاوی راگواستنی خۆکرد! ئەگەرچی ناچاریی نەبێت ئەوە بژاردەیەکی ئاسان نییە، بۆیە زۆربەی گەنجانیش و نەوەی پێشووتریش کە زۆرترین قوربانییان بۆ ئازادی داوە پێیانوایە دەبێت بەربەستێک لەبەردەم ئەو داڕوخانە مرۆییەدا دابنرێت و ئەو لێشاوی کۆچە رابگیرێت. 
بەبڕوای زۆرێک لەوانەی توێژینەوەیان لەسەر دۆخەکە کردووە و لە کۆڕ و سیمینارە تایبەتەکاندا ئاماژەی پێدەدەن، نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان و سستیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و نەبوونی دەرفەتی یەکسان بۆ کارکردن لە پڕۆژەکانی کەرتی گشتی و تایبەتدا لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و هێنانەکایەی پڕۆژەی تایبەت بە ئاژەڵداریی فاکتەری سەرەکیی ئەم کۆچە بەلێشاوەن.
زۆرێک لە گەنجان و رووناکبیرانی سنوورەکە پێشنیاز بۆ چارەسەر دەخەنەڕوو و ئەوەی بەلایانەوە گرنگە داڕشتنی پلانێکی تۆکمەیە لەلایەن کاربەدەستانی ئیدارییەوە بۆ جێکردنەوەی خولیای گەنجان و داوا و خواستەکانیان.


بابەتە پەیوەندیدارەکان