کەلتوری پێکەوەژیان لە دەڤەری راپەڕین حاجیاوا وەک نموونە

12:12 - 2025-05-04
دووتوێ
78 جار خوێندراوەتەوە
سیمای نوێی قەزای حاجیاوا


  ئومێد ئیبراهیم* 

پێکەوەژیان چەمکێکی جیهانی و بنەمایەکی گرنگی شارستانییەتی سەردەم و بیروباوەڕێکی قبوڵکراوی گشت نەتەوە و پێکهاتەکانە کە «زمان، ئایین، کەلتور و فەرهەنگە جیاوازەکانی دەوڵەتانی پێشکەوتووی ئەوروپا و خۆرئاوای یەکخستووە، بۆتە پرەنسیپێکی چەسپاوی دەستووری سیستەمە دیموکراسییەکان.
قسەی ئێمە لەبارەی دەڤەری راپەڕینە وەک چوارچێوەیەکی لۆکاڵی کە بە دانیشتووانەکەی، شێوەزار و پۆشاکی کوردیی و ناوچە جیاوازەکانییەوە، نموونەیەکی دیار و ئاشکرای پێکەوەژیانی خوڵقاندووە.
ئەگەر بۆ ئەم بابەتە وردتر رۆبچین و «قەزای حاجیاوا» بەنموونە وەربگرین، دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کە پێشتر ناحیە بووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی 70 هەزار کەس بووە، بەرلەوەی ناحیەش بێت، مێژووی درووستبوونەکەی دەگەڕێتەوە بۆ «مایسی 1988» . ئەوکاتە لە چوارچێوەی سیاسەتی راگواستنی گوندەکانی کوردستان لەلایەن رژێمی بەعسەوە، وەک ئۆردوگایەکی زۆرەملێ دروستکرا.
 ئەگەرچی سیاسەتی رژێم کۆکردنەوەی گوندە سنورییەکان و پاکتاوکردن و سڕینەوەی هەستی کوردبوون و کەلتوری جوانی کوردایەتی و دروستکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بوو، بەڵام ئەو مەرامەیان پێچەوانە بووەوە!
لەکاتێکدا دانیشتووانی حاجیاوا کۆکراوەی چەندین ناوچە و گوندی ناوچەکانی «پشدەر، مەرگە، دۆڵی خەلەکان، باڵەکایەتی، خۆشناوەتی، بناری کۆسرەت، دەشتی کۆیە» بوو، تەنانەت دوای راپەڕینەکەی مانگی ئازار لە کوردستان، بەشێکی زۆری خانەوادەکانی شاری کەرکوکیش روویان لە حاجیاوا کرد و تیایدا نیشتەجێ بوون.
دانیشتووانی حاجیاوا بەو هەموو رەنگ و عورف و عادەت و شێوەزارە جیاوازانەیانەوە، کەچی هەر لەسەرەتاوە جۆرێک لە برایەتی و هاوکاری و پێکەوەژیان و ئاشتی و لێکنزیکبوونەوەیان لەنێوان خۆیاندا دروستکرد.
 لێرەدا دەکرێت ئاماژە بە چەند شتێک بدەین کە ماکی دروستبوونی ئەو پێکەوەژیانە بوون:
*هەروەک چۆن لە شاری ئەسینای کۆنی یۆنان ئەنجومەنێکی راوێژکاری و ئیدارەدان هەبوو لە شارەکەدا بەناوی «تریبیۆن»، یان وەکو چۆن لە شاری مەککەی پێش ئیسلامدا ئەنجومەنێک هەبوو پێی دەوترا «دار الندوة» گەورە پیاوان و ریشسپییان تیایدا کۆدەبوونەوە بۆ چارەسەری کێشەکان، لە حاجیاواش هەر لە سەرەتاوە لەناو هەریەک لە تیرە و هۆز و بنەماڵەکانی «مامەش، مەنگوڕ و  تیرە جیاوازەکانی بەری مەرگە لە جاف، حاجیان، شوانان، گاوان، کوێخایان، شاترۆکە، جۆڵایان، شیلانە، شێخەکان، سەید، خۆشناو، هەڕووتی، ئاکۆ و چەندان هۆز و تیرەی دیکە لە دانیشتووانی حاجیاوا» برا گەورە و قسە بەدەستێکی هەبوو و لە کاتی بوونی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و شەڕ و ناخۆشیدا بە گیانێکی برایانە و بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە کۆدەبوونەوە و لە شێوەی ئەنجومەنێکی ئیداریی شاردا پرس و راوێژ و گفتوگۆیان دەکرد.
بەداخەوە چەند کێشەیەکی کوشتن لە سەرەتای دروستبوونی شارەکەدا روویاندا کە بە هەوڵ و راوێژی ئەو ئەنجومەنە و دڵسۆزی و خەمی پێکەوەژیان، کێشەکان چارەسەربوون و بواری گەورەبوونیان پێنەدرا و خەڵکەکەی ساڵ بە ساڵ زیاتر لە یەکتری نزیکدەبوونەوە و خزمایەتی ژن و ژنخوازیان لەنێواندا هاتەئاراوە.
لاپەڕەیەکی تری ئەو پێکەوەژیانە ئەوەیە ئێستا بە ئەستەم دەتوانیت بزانیت کەسایەتی و دنیشتووانەکەی لە کام گوند و هۆز و تیرەن. گەنج هەبووە خۆی خەڵکی ناوچەی بەری مەرگە و گوندەکانی مەمەندئاوە و گوندەکانی دۆڵی جافایەتی بووە، بەڵام لە خزمانی پشدەر جیانەکراوەتەوە و بە پشدەریی ناوزەد کراوە.
جگە لەوەش کار و کەسابەت و هاوبەشی لە دوکان و بازاڕدا لەنێوان دانیشتوانە جیاوازەکەیدا هەبووە و هەیە و لە بۆنە و خۆشی  و ناخۆشەکانیشدا، هەمووان وەک یەک هاوخەمم و هاوبەش بوون. 
پوختەی قسە ئەوەیە؛ لە ماوەی»37»ساڵی دروستبوونیدا، قەزای حاجیاوا کەمترین کێشەی کۆمەڵایەتی و دوژمنداریی و تاوانی تێدا تۆمارکراوە، تەبایی و خۆشەویستی هاوشارییانی، بووەتە نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیان و هیواخوازین بەردەوام و فراوانتر بێ و نموونەیەک بێت بۆ تەواوی کوردستان.
*مافپەروەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان