گەناوی قوڕەگۆ، لە دیدی توێژینەوە ناوخۆییەکان و تیمە بیانییەکاندا

12:15 - 2025-05-04
دووتوێ
107 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێکی گەناوی قوڕەگۆ لە سنووری راپەڕین

             
م.سەردار عەبدولڕەحمان*

گەناو بە مانای کۆبوونەوەی ئاوێکی جیاواز دێت لە ناوچەیەکی دیاریکراودا، کە خاوەن خاسییەت و تایبەتمەندیی فیزیایی و کیمیایی خۆی بێت، یاخود بەمانای گەنین دێت، واتا شتێک بگەنێت یاخود شی ببێتەوە و بڕزێ و بۆنێکی پیسی لێبێت، جا ئەم شتە قەوزە بێت یاخود بەکتریای هەمەجۆر. 
شوێنی جوگرافیی ناوچەکە
 گەڕاو یان گەناوی قوڕەگۆ، ناوچەیەکە دەکەوێتە دووری پێنج کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری رانیە و 70 مەتر لە باکووری خۆرئاوای زێی بچووک.
پێوانەی قووڵیی و تیرەی گۆمەکە
تیمێکی زانکۆی سلێمانی تیرەی گۆمەکەیان لە ساڵی 2009دا پێواوە لە باکوورەوە بۆ باشوور و لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا، بۆیان دەرکەوتووە تیرەکەی «350 -370» مەترە و قووڵییەکەی نزیکەی «24» مەترە.
تایبەتمەندییەکانی ئاوی گەناوی قوڕەگۆ
 گەناوی قوڕەگۆ کۆمەڵێک تایبەتمەندیی جیاوازی هەیە بەوەی چەند کانزایەکی کیمیایی تواوە و قەوزە و بەکتریای جیاوازی تێدایە وەک «گۆگرد و کریتیتی هایدرۆجینی و خوێی تواوە و ... هتد» لەگەڵ چەندین جۆر بەکتریا و قەوزەی جیاواز، هەر ئەم کانزایانەش ساڵانە بە گوێرەی وەرز و کەشوهەوای ناوچەکە رەنگی تایبەتی ئاوەکە دەگۆڕێت بۆ مـۆر، بەتایبەتی لە وەرزی وشکەساڵیی و وەرزی هاویندا .
هۆکاری دروستبوونی 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوە جیۆلۆجییەکان دەرکەوتووە هەر لەکۆنەوە ئەم ناوچەیە هەبووە، گەناوی قوڕەگۆ چینە بەردەکانی ژێرەوەی پێکهاتەی دەماری بەردی لایمستۆنی چیای کێوەڕەشە یاخود جبسۆمە و هەلومەرجی چەندین چاخی جیۆلۆجی جیاواز پێکهاتەی ناوچەکەی بنیاتناوە.
تام و بۆن و رەنگەکەی
وەک لە پێناسەی ئاودا هاتووە ئاو بێ تام و رەنگ و بۆنە، بەڵام ئاوی ئەم گەناوە تام و رەنگ و بۆنی هەیە، ئەوەی مایەی سەرنجە تامی ئاوەکە سوێر و تفت و تاڵە و بە کەڵکی خواردنەوە نایەت، مەگەر بۆ بواری کشتوکاڵی ، تاکو ساڵی «2020»رەنگی سپی ئاسایی بووە، بەڵام لە دوای ئەو ساڵەوە رەنگەکەی گۆڕدرا بۆ مۆر، بەهۆی کەمیی رێژەی بارانبارین و وشکەساڵیی و پێکهاتەی قەوزە و بەکتریا و پێکهاتەی کیمیایی گۆمەکەوە.

 لەناو ئاوی گەناودا جۆرەها زیندەوەری وەک «کرم و کیسەڵ و سێڵە و وردە ماسی و بۆقی» تێدا دەژی، قەوزەی ناو ئاوەکە بەهۆی ماددەی کیمیاییەوە ساڵانە رەنگی خۆی دەگۆڕێت، تیمێکی ئەڵمانی و تیمێکی جیۆلۆجی زانکۆی سلێمانی بە سەرپەرشتی «پ. د.کەمال حاجی»  لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوەیان کردووە و لە نزیکەوە سەردانیان کردووە، جۆرە رووەکێک بەناوی «کاراشیا» لە قەراغی گۆمەکە دەژی و کاتێک وشک دەبێت لەگەڵ لیتەی ناو گۆمەکەدا یەکدەگرێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرە بەردێکی نوێی کلسی لە قەراغی گۆمەکەدا.
 هەروەها لە توێژینەوەکەی زانکۆی سلێمانی و تیمە ئەڵمانییەکەدا دەرکەوتووە جۆرە کیسەڵێکی دەگمەن لەناو ئەم گەناوەدا دەژی کە لەجیهاندا بەرەو لەناوچوون دەچن.
تیمی توێژەرانی ناوخۆ و بیانی چی دەڵێن؟
پ.د.دیار عەلی مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی ساڵی 2006 دکتۆرای لەسەر ناوچەکە بەدەستهێناوە و نموونەی لێ وەرگرتووە و دەرەنجامی پێکهاتەی کیمییایی خستۆتەڕوو، پاشان ساڵی2009 لەگەڵ تیمێکی وەزارەتی ژینگەی عیراقدا سەردانی ناوچەکەیان کردووە و پێشنیازی ئەوەیان کردووە ناوچەکە بکرێتە جیۆپارک یان پارێزراوی سروشتی «المحمییة الطبيعية».
لە ساڵی «2015» تیمێکی شوێنەواری ئەڵمانیا لە زانکۆی میونشن بە یاریدەدەریی «پ.ی. سیمۆنی موهێڵ بەهۆی ئامێری پشکنینی درۆنەوە بۆیان دەرکەوتووە ئەم گۆمە لە بنەڕەتدا لە کۆبوونەوە و یەکگرتنی «24» گۆمی بچووکی دیکە پێکهاتووە.
تیمی زانکۆی سلێمانی لێکۆڵینەوەیان کردووە لەسەر جۆری قەوزە و ئاو و لیتەکەی وتوویانە جۆری ئەو زیندەوەرەی تێیدا دەژی دەگمەنە.
سوودە تەندروستییەکانی 
خەڵکی ناوچەکە وەک چارەسەری سروشتی بەکاری دەهێنن، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی تووشی هەستیاریی پێست وەک خووران و سووربوونەوە دەبن، ساڵانە هاووڵاتیان و گەشتیارێکی زۆر بە مەبەستی چارەسەری (گەشتیاری چارەسەری) رووی تێدەکەن، (خۆم وەک نووسەری بابەتەکە سوودم لێبینیووە و ئەزموونیم کردووە)، بەهارانیش گوڵاڵە سوورەی دەوروبەری گەناوەکە دیمەنێکی رازاوەتر بە شوێنەکە دەبەخشێت و گەشتیاران بۆ بەسەربردنی کاتی خۆش و وێنەگرتن سەردانی دەکەن.
*نووسەر و شارەزای بواری ژینگە

بابەتە پەیوەندیدارەکان