هەق نییە بە هەموو كەس بوترێت مێژوونووس

09:20 - 2025-05-19
هەمەرەنگ
164 جار خوێندراوەتەوە

پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە 17/5/2025 لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە نووسەر و رووناكبیر و رۆژنامەنووسان لە دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان لە سلێمانی سێ كتێبی مێژوویی (سەفەرنامەی ئۆلیڤیێ بۆ كوردستان ساڵی 1796، كورد و كورتەیەكی مێژوویی و ئێنیۆگرافی، كوردستان و كێشەی سنووری ئێران – عوسمانی 1639- 1847) كە د. نەجاتی عەبدوڵڵا لە فەرەنسییەوە كردوونی بە كوردی، خرانەڕوو.
نووسەر و وەرگێڕ و توێژەری بواری مێژوو د. نەجاتی عەبدوڵڵا وتی: سەدەی هەژدەیەم لە مێژووی كوردستاندا بەگشتی سەدەیەكی زۆر روون و رووناك نییە و جگە لە چەند سەرەداوێكی ناو دەستنووسی گەلانی دراوسێ، شتێكی ئەوتۆمان لەبەر دەستدا نییە، تەنانەت لە سەدەی حەڤدەهەمیشدا سەرچاوەكانی كوردناسی زۆر كەم و دەگمەنن، ژمارەیەكی كەم لە گەشتیار و گەڕیدەی بیانی سەفەریان بۆدەوڵەتی عوسمانی و ئێران كردووە و بەناو ناوچە كوردنشینەكاندا تێپەڕیون و ئەوەی بینویانە، نووسیویانەتەوە، ئەمەش ژمارەی زۆر كەمە.
وتیشی: لەناو مێژوونووسینی ئێمەدا كەلێنێكی زۆر هەیە، ئەو كەلێنانە پێویستیان بە پڕكردنەوە هەیە، ئێمە وەك كورد شتێكی ئەوتۆمان لەبەردەستدا نییە ناچارین پەنا بۆ سەرچاوە بیانییەكان ببەین، بە داخەوە چی بكەین، خۆمان شتێكی ئەوتۆمان لەبەردەستدا نییە، ئەمەش گوناهی ئێمەی تێدا نییە، چارەنووس و مێژووی ئێمە ئاوای لێهاتووە، ئێمە ئازادیمان نەبووە، وڵاتمان نەبووە كە وەك خەڵكی تر ئەرشیڤ و مۆزەخانەی هەبوایە. ئێمە هیچمان نییە، لە سفرەوە دەستمان پێكردووە، مێژوونوویسی كورد زۆر نوێیە و تازە دەستیپێكردووە، تا ئێستا مێژووی ئێمە بە ئاشكرا نەنووسراوەتەوە.
 د. نەجاتی عەبدوڵڵا لە كۆتایی رێورەسمەكە بە دوالاپەڕەی وت: دیاردەی مێژوونووسیی لای كورد دیاردەیەكی زۆر نوێیە و هەنگاوەكانی سەرەتایین، ئێمە پێویستمان بە لەشكری خەڵك هەیە لە بواری مێژوودا كار بكەن، بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییانەی كە لە مێژووی ئێمەدا هەیە پڕیبكەینەوە، وەك چۆن كەسێك لەناو رووبارێكدا بۆ دەربازبوون دەست بۆ چڵە پووشێكیش دەبات. ئێمەش لەناو كتێب و سەرچاوە بیانییەكاندا دەبێت وا بكەین و بە دوای زانیاری ورددا بگەڕێین تا مێژووی خۆمان بنووسینەوە.
 جەواد حەیدەری 

بابەتە پەیوەندیدارەکان