ئەمڕۆ هەڤاڵ (رفعەت عەبدوڵا) جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازیکرد لە هەڤاڵ جەمال یوسف، لێپرسراوی مەڵبەندی دهۆک و هەڤاڵانی مەڵبەند.
هەڤاڵ جێگری سەرۆک، ستایشی رۆڵی دڵسۆزانەی مەڵبەندی دهۆک و لێپرسراوی مەڵبەندی کرد و ئاماژەی بەوەکرد لە تایبەتمەندیی جوگرافی و سیاسیی ئەو دەڤەرەو ئاستەنگەکانی کە رووبەڕوتان دەبێتەوە تێدەگەین بۆیە (یەکێتییەکانی بادینان دووجار یەکێتیین).
وتیشی: "بادینان پێگەیەکی گرنگ و کاریگەری هەیە، بێگومان هەموو کوردستان پانتایی خەباتی یەکێتی و تێکۆشەرەکانیەتی، بەڵام یەکێتی بایەخێکی ستراتیژی بەبادینان دەدات".
هەڤاڵانی مەڵبەند پشتیوانیی هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتییان، بەپاڵپشتیەکی گەورە وەسفکرد و دووپاتیان کردەوە لەجێبەجێکردنی ئەرکەکانیان کەمتەرخەم نابن.
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵڵا، ئاماژەی بەوەدا یەکێتی بەرپرسیاری گەورەی نەتەوەیی و نیشمانیی لەسەرشانە و تەمەنی تێکۆشانی دەبێتە پەنجا ساڵ، بۆیە هاوتەریب لەگەڵ (یۆبیلی زێڕین) لە رێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی حزبداین.
وتیشی: "پەرشو بڵاوی و سستی لە دامەزراوە حزبیەکاندا رەوانییە، باوەڕمان وایە رێکخستنەوەی ئۆرگانەکان، ژیانی حزبیمان تێکڕا دەبوژێنێتەوە".
تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی عیراق، هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەڤاڵانی راسپارد وەک هەمیشە پەرۆشی سەرکەوتنی یەکێتی بن و لە جۆشدانەوەی رێکخستن و جەماوەردا بەسەرۆکایەتی هەڤاڵ (بافڵ جەلال تاڵەبانی) دەنگەکانی یەکێتی لە بادینان، زیاتر بکەن.
نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان