دیداری/ ئەسرین محەمەد
لە سەدەی رابردوودا رووبەری 776 کیلۆمەتر لە خاکی هەرێمی کوردستان بە مین و پاشماوەی جەنگی پیسبووە، پاش تێپەڕینی چەندین ساڵ هێشتا مین و تەقەمەنی مەترسین لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و تەنها لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 14 کەس بوونەتە قوربانی.
لە دیدارێکدا بۆ کوردستانی نوێ، جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین باس لە رووبەری پیسبوو، هەڵمەتەکانی پاککردنەوە، ژمارەی قوربانیانی مین لە هاووڵاتی و کارمەندی دەزگاکە، هەروەها هەڵمەتەکانی هۆشیاریی و پابەندنەبوونی هاووڵاتیان دەکات.
جەبار مستەفا
* لە هەرێمی کوردستان قوربانییانی مین و تەقەمەنی لە ئەمساڵدا چەند کەسن؟
- قوربانیانی مین و تەقەمەنی لە ئەمساڵدا 14 کەسن، هەشت کەسیان گیانیان لە دەستداوە و شەش کەسیش برینداربوون کە سەرجەمیان هاووڵاتی بوون، شەش قوربانییان لە سلێمانی بوون، لە پارێزگای هەولێر حەوت قوربانی و لە گەرمیان یەک قوربانی هەبووە، ئەوە لە کاتێكدایە ساڵی رابردوو تەنیا هەشت هاووڵاتی بوونەتە قوربانی.
*لە کاتێکدا ناوچە مینڕێژکراوەکان بە ناوچەی قەدەغەکراو دیاریکراون، بۆچی هاووڵاتیان دەبنە قوربانی؟
- لەلای دەزگای گشتیی مین مانگەکانی شوبات، ئادار و نیسان، وەرزی رووداوەکانە لەبەرئەوەی هاووڵاتیان پابەندی رێنماییەکان و ئاماژەڕێژییەکانی کێڵگەمینەکان نابن، بۆ کۆکردنەوەی پارچە ئاسن و گژوگیای بەهارە دەچنە شوێنە هەرە دوورە دەستەکان و قەدەغەکراوەکانیش، لە کاتێكدا هەموو کێڵگە مینڕێژکراوەکان ئاماژەڕێژییان بۆ کراوە و وەک ناوچەی قەدەغەکراو دەستنیشان کراون، هەروەها ساڵانە ئاماژەکان نوێ دەکەینەوە، بەڵام هاووڵاتیان پابەند نابن و بۆ دەستکەوتنی بڕێک پارە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و دەبنە قوربانی.
* لە تەواوی هەرێمی کوردستان چەند رووبەر زەوی مینڕێژکراو هەیە و تائێستا پاک نەکراوەتەوە؟
- لە رابردوودا، لە تەواوی هەرێمی کوردستان 776 کیلۆمەتر دووجا زەوی پیسبوو بە مین و تەقەمەنی هەبوو، 576 کیلۆمەتر دووجای پاککراوەتەوە و تەنها 200 کیلۆمەتر دووجای ماوە لە مین و تەقەمەنی پاک بکرێتەوە، رێژەی لە 60٪ی رووبەری پیسبوو بە مین و تەقەمەنی دەکەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە.
*هەڵمەتەکانی پاککردنەوەی زەوی پیسبوو بە مین و تەقەمەنی بەردەوامن؟
- بە دڵنیاییەوە هەڵمەتەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین بۆ پاککردنەوەی زەوییە پیسبووەکان بەردەوامە هەر لە زاخۆوە تا گەرمیان کارمەندەکانمان رۆژانە لە کێڵگەکاندا کاردەکەن، بەڵام لەبەر کەمیی ئەو توانایەی لە بەردەستماندایە لەگەڵ ئەو دۆخە داراییەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە ناتوانرێت بە یەکجار لە هەموو کێڵگە مینڕێژکراوەکاندا کار بکرێت، بۆیە سەرەتا تەنیا لەو کێڵگە پیسبووانەدا کاردەکەین کە نزیکن لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان یاخود شوێنە گەشتیارییەکانەوە.
*رێکخراوەکانی دەرەوە تاچەند هاوکارتانن لە هەڵمەتەکانی پاککردنەوەی کێڵگە مینڕێژکراوەکاندا؟
- رێکخراوی سلۆڤینی هەیە ساڵانە 25 ئۆتۆمبێلمان بۆ بەکرێ دەگرن بۆ گواستنەوەی تیمەکانمان بۆ سەر کێڵگە مینڕێژکراوەکان، هەروەها رێکخراوی UN بە دابینکردنی کەلوپەلی لۆجیستی هاوکارمانن، هەروەها رێکخراوی MAG تەنیا رێکخراوە لە ساڵی 1992ەوە لە هەرێمی کوردستان شانبەشانی دەزگای گشتیی مین کاری پاکسازی مین دەکەن.
*ئەو کەلوپەلانەی لە بەردەست کارمەندەکانی دەزگای مینە بۆ پاککردنەوەی کێڵگە مینڕێژکراوەکان، بەپێی پێویستە؟
- پێداویستیی و کەلوپەلی پێویستی خۆپارێزیی بەپێی ستانداردە جیهانییەکان لە بەردەست کارمەندەکانماندایە لە خودەی سەر و بەروانکەی درع و چەندین کەلوپەلی دیکە، لە کاتی پاککردنەوەی کێڵگە مینڕێژکراوەکاندا بە کاریدەهێنن، ئەوەش وایکردووە چەند ساڵێکە قوربانی کارمەندمان نەبێت.
*دەزگای گشتیی مین هەڵمەتی هۆشیاریی هەیە بۆ هاووڵاتیان؟
- سەرەڕای پاککردنەوەی کێڵگە مینڕێژکراوەکان و دانانی ئاماژەڕێژییەکان لە چواردەوری کێڵگە مینڕێژکراوەکاندا، تیمەکانمان بەردەوام لە گوندەکاندا دەگەڕێن بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بە مەبەستی خستنەڕووی مەترسییەکان و نزیکنەبوونەوە لە ناوچە قەدەغەکراوەکان، هەروەها هێڵی گەرمی 182 مان هەیە بەردەوام کراوەیە بۆئەوەی ئەگەر هاووڵاتیان تەنێکی نامۆ ببینن یاخود هاووڵاتییەک لە کێڵگە مینڕێژکراوەکان نزیک بووبێتەوە لە رێیەوە تیمەکانمان ئاگادار بکەنەوە بۆ هەڵگرتنەوەی تەنەکە یاخود بە زوویی بچن بە هانای کەسەکەوە، بەڵام بە داخەوە هێشتا هەندێک لە هاووڵاتیان پابەندنابن و دەبنە قوربانی.
*لایەنی بەرپرس چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو هاووڵاتییانەدا دەکات کە بەهۆی مین و تەقەمەنییەکانەوە دەبنە قوربانی؟
- ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی مین و تەقەمەنییەوە گیانلەدەست دەدەن حکومەتی هەرێم هیچ شتێکیان بۆ ناکات، تەنها ئەو کەسانەی بەهۆی مینەوە کەمئەندام دەبن وەک هەر کەسێكی دیکە دەتوانن مامەڵەی کەمئەندام بوون پێشکەش بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بکەن و بەپێی رێژەی کەمئەندامییەکەی مووچەی بۆ دەبڕدرێتەوە، کە بڕەکەی زۆر کەمە.
* ژمارەی کارمەندانی قوربانییانی مین چەندن؟
- لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا 36 شەهیدی کارمەند و 78 کارمەندی کەمئەندام بوومان هەبووە.
*بەوپێیەی دەزگای گشتیی مین سەر بە حکومەتی هەرێمە کارمەندەکانتان لە کاتی بوونە قوربانیدا چ ئیمتیازێکیان پێ دەدرێت؟
-بەداخەوە کارمەندەکانمان لە کاتی بوونە قوربانیدا هیچ ئیمتیازێکی ئەوتۆیان پێ نادرێت، لەبەرئەوەی تائێستا هەموویان گرێبەستن و ئەو پرۆژە یاسایەی بۆ ماف و ئیمتیازاتی پیشەگەرانی مین لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگاکەمانەوە پێشنیازکراوە بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران تائێستا وەک خۆی ماوە و هیچی لێنەکراوە، ئەو کارمەندانەی لە کاتی کاردا گیانلەدەست دەدەن دەکرێنە شەهیدی هاووڵاتی، هەروەها بریندارە کەمئەندام بووەکانیش وەک هەر هاووڵاتییەکی ئاسایی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە، ئێمە داواکارین بەپێی یاسا تایبەتمەندی بە کارمەندانی قوربانی دەزگای مین بدرێت بەوەی، ئەوانەی گیانلەدەست دەدەن بکرێنە شەهیدی سەنگەر و ئەو کارمەندانەشی کەمئەندام دەبن مووچەیەکی شایستەیان بۆ ببڕدرێتەوە کە بتوانن بژێوییانی پێ دابین بکەن.
*مین و تەقەمەنییەکان بەپێی تێپەڕینی کات لە چالاکی دەکەون؟
- مین و تەقەمەنییەکان هەرگیز بەسەرناچن و چەند کات تێبپەڕێت لە چالاکی ناکەون، باران و لافاویش جاری وا هەیە شوێنی ناوچەپیسبووەکان بە مین و تەقەمەنی دەگۆڕن، لەبەرئەوەی هەندێکجار بەهۆی باران و لافاوەوە مین و تەقەمەنییەکان رادەماڵرێن و ناوچەیەکی دیکەش پیس دەکات، بۆیە بەردەوام رێنمایی هاووڵاتیان دەکەین لە ناوچە مینڕێژکراوەکان و نزیک نەبنەوە.
*چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکەن، کە گرتەڤیدیۆی دەستکاریکردنی مین و تەقەمەنی لەناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکەنەوە؟
- لە ماوەی رابردوودا کۆمەڵێک هەژماری ناسراو و نەناسراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی دەستکاریکردنی مین و تەقەمەنییان بڵاودەکردەوە، یاخود بەزاندنی سنووری کێڵگەکانی مین و تەقەمەنی کە ناوچەی قەدەغەکراون، ئەو کارە بەپێی یاسا قەدەغەیە، لەبەرئەوەی مەترسی لەسەر گیانی خۆیان و خەڵکیش دروست دەکەن، بەوەی دەستکاریکردنی مین و تەقەمەنی یاخود چوونە ناو کێڵگەی مینڕێژکراوەکان لەلای هاووڵاتی دەکەنە شتێکی ئاسایی، کە خۆی لە راستیدا مەترسییە، بۆیە قسەمان لەگەڵ هەندێکیان کردووە و ڤیدیۆ و وێنەکانمان پێ سڕیونەتەوە، پێشمان وتوون ئەگەر لەسەر ئەو کارەیان بەردەوام بن سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکەین.
*کەسانی ئاسایی دەتوانن ناوچە مینڕێژکراوەکان پاک بکەنەوە؟
- نەخێر بەهیچ شێوەیەک هاووڵاتی ئاسایی ناتوانێت ناوچە مینڕێژکراوەکان پاک بکاتەوە و ئەوکارە مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەکات.
*پەیامتان بۆ هاووڵاتیان چییە؟
- نزیکبوونەوە و چوونە ناو ئەو کێڵگانەی وەک پیسبوو بە مین و تەقەمەنی دیاریکراون مەترسیدار و قەدەغەیە، داوا لە هاووڵاتیان دەکەین بە هیچ شێوەیەک نەچنە ئەو شوێنانە و لەبەر کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە یاخود هەر شتێکی دیکە گیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە بۆئەوەی نەبنە قوربانی.
هەڵمەتی هۆشیاریی بۆ خوێندکارانی گوندێکی سەر بە شارۆچکەی پێنجوێن